بۆ گەلی وڵات پارێز و ڕای گشتی

بۆ گەلی وڵات پارێز و ڕای گشتی

سەرەتا هێرشی دەوڵەتی فاشیستی ئێران و کردەوە دڕندانەکانی لە هەرێمی سەلاسی باوەجانی بۆ سەر ١٢ هەڤاڵمان شەرمەزار دەکەین. لە کەسایەتی ئەو ١٢ قارەمان و پێشەنگانی گەلی کورد و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ئازادی کە بە ڕۆحێکی فیدایی گیانی خۆیان بەختکردووە، سەری ڕێز دادەنوێنین، هەروەها بۆ بنەماڵە و هەموو گەلی کورد کە ئەمڕۆ بۆ بەها، نرخ و ئازادی خۆیان و مرۆڤایەتی بەرخۆ دەدەن و تێدەکۆشن، سەرساغی دەخوازین. هەروەها لەکەسایەتی ئەو ١٢ هەڤاڵەی ڕێبواری ڕێی حەقیقەت و ڕێبازی ئازادین، سوێند دەخۆین کە ئەو دۆزە سەردەخەین و ئەو کردەوە داعش ئاسایە بێ وەڵام ناهێڵینەوە.

لە قۆناغێکی بەم شێوەیەدا کە هەموو هێزەکانی سەرمایەداری و دەسەڵاتداری جیهان لە ناو شەڕ و قەیران دان و هەوڵدەدەن هێژموونی خۆیان بەسەر گەلاندا بسەپێنن، ناوەندی ئەم شەڕەش ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستانە. هەروەها دەوڵەتانی هەرێمیش بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا هێژمونی خۆیان داسەپێنن دەبنە هاوبەشی هەموو پلانگێڕی و ڕێبازی شەڕو کردەوەی چەپەڵی دژ بە مرۆڤایەتی. دوای ئەوەی داعش هاتە کوردستان زۆرتر شەڕەکان بە شێوەی دڕندانە بەڕێوە براون. بەڵام گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی و بە فیکرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشێت و لەمەڕ هەموو هێزەکانی سەرمایەداری و دەسەڵاتداری بەرخۆدان دەکات، لەهەمان کاتدا سەرکەوتن و دەستکەوتی مەزن بەدەست دەهێنێت.

لە هەرێمەکەدا دەوڵەتی ئێران بە ڕێبازی خۆی هەمیشە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی شەڕ توند دەکات و بەڕێوەی دەبات و لەسەر بنەمای نژادپەرەستی و مەزهەب گەرای خۆی دەیهەوێ تەمەنی درێژ بکات. ئێران نە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نە لە ناوچەکەشدا نایەوێ گەلی کورد بگاتە ستاتۆی سیاسی. کاتێ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر چەتەکانی داعش شەڕی دەکرد بێدەنگ بوون، بەڵام کاتێ بینیان کە ئیتر کورد بە موخاتەب وەردەگیرێ، ڕووی هێرشەکانیان کردە ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئاگربەست دەوڵەتی ئێران شەڕی ڕانەگرتووە، هێرشیان ئەنجام داوەو خاڵەکانی ئاگربەستیان پێشێل کردووە. ئەو هێرشەی کە لە هەرێمی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەنجامیان داوە، یەکێک لەو پێشێلکاریانەیە. لە شەڕی چل ساڵەی تەڤگەری ئازادی گەلی کورددا لە ساڵی١٩٩٠ زایینیدا دەوڵەتی تورک بەو شێوازە تەرمی گەریلای پارچە دەکرد. دواتر چەتەکانی “داعش، ئەلنوسرەو بۆکۆ حەرام” ئەو ڕێبازە دڕندانەیان بەکار هێناوەو ئێستاش “دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران” نمونەی ئەوان ئەنجام دەدات. نەتەنها پێشێل کردنی ئاگر بەست، بەڵکو هێرش و شەڕی بەم ڕەنگە کۆتایی بە دەوڵەت دێنێت.

بەساڵانە گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-YRK، لەو هەرێمە تێدەکۆشن. ئەگەر کەسانی بەکرێگیراوی ئەو ناوچەیە لەناو گەلدا نەبوونایە، دەوڵەتی ئێران نەیدەتوانی بەو ئاسانیە هێرش بکاتە سەر گەریلاکانمان. دەوڵەتی ئێران خاوەنی مێژوویەکە کە هەمیشە بەڕێبازە تایبەتەکانی خۆی وەک پیلانگێڕی، سیخۆر کردن و لەسێدارەدان شەڕی دژبەرانی خۆی کردووە. بەڵام لەهەر شوێنێک مەترسی لەسەر گەلەکەمان هەبێت، لەوێ هێزی پاراستنیش هەیە. خۆی ئەم هێرشانە ئەوە نیشان دەدەن کە پاراستن و مافی خۆپاراستن یەکێک لە ئەرکە سەرکەیەکانی ئێمەیە بەرامبەر دوژمن. بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشیار بێت و خاوەنی هەڵوێستی بەجێ و ڕادیکاڵ بێت. ئەو ڕێبازەش لە دژی ئەخلاق و ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگایە.

جارێکی تر لە کەسایەتی هەڤاڵی فەرماندە بروسک و باوەڕدا هەر ١٢ تێکۆشەرو پێشەنگی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد وەبیر دێنینەوەو سوێند دەخۆین کە هەتا سەرخستنی ئەم تێکۆشانە ڕێبازی ئەوان بەردەوام بکەین و تۆڵەیان بستێنینەوە. وەکو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-PJAK  بانگ لە هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت گەنجان دەکەین، لەدەوری شەهیدەکانیان کۆ ببنەوەو بەرخۆدانی ئەوان بڵند بکەن و بە هەڵوێست و چالاکی ببنە وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئێران.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-PJAK

11-10-2016

بابەتی پەیوەندیدار