بۆ یاد و بیرەوەری فەرماندەی پێشەنگ شەهید دڵگەش رۆژهەڵات

بۆ یاد و بیرەوەری فەرماندەی پێشەنگ شەهید دڵگەش رۆژهەڵات

لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و لە بەرخۆدانی شەنگالدا شەرڤانی ئازادی دڵگەش رۆژهەڵات (ئیسماعیل ئازادیخواە) وێڕای ٤ هەڤاڵی تری بە قارەمانێتی و فیداکاریەکی کەم وێنە شەهید بوون.

لە درێژایی مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد هەمیشە کەسانێک هەڵکەوتوون کە ئەرکی پێشەنگایەتیان خستووەتە سەر شانی خۆیان و بە بێ‌دوودڵی بەرەو ئامانج هەنگاویان هەڵێناوەتەوە. بەو شێوەیە گەلەکەمان لە پێناو ئازادی دا دەیان هەزار شەهیدی داوە. ئیدی لە ساڵ دا رۆژێک نیە کە شەهیدێک بە خوێنی خۆی داری ئازادی پاراو نەکردبێت. شەهیدان مەزنترین و هێژاترین نرخ و میراتی گەل و وڵاتەکەمانن. گەورەترین سەرمایەی مێژوومانن. ئەورۆکە خوێنی پاک و ئاڵی شەهیدانمانە کە مێژووی کۆیلایەتی داسەپێندراو وەردەگێڕێتەوە و رزگاری و ئازادی کوردستان و گەلی کورد تۆمار دەکات. شەهیدانمان کە هەمیشە تامەزرۆی ئازادی و تینووی ئاشتی و یەکسانی بوون خۆیان ئاوێتەی ئازادی بوون و ئیدی بوون بە بزەی سەر لێوی منداڵان، هیوا و ئاواتی بندەستان و سۆمای چاوی ئازادیخوازان. گەلەکەمان ئیدی بە نێوی شەهیدانیەوە هەڵدەستێ و دادەنیشێ. نێوی شەهیدانمان لە منداڵانی ساوا دەنرێ.

ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە دوو مانگە لە کۆبانێ و نیزیکەی ٤ مانگیشە لە شەنگال بەرخۆدانێک کە لە مێژوو دا وێنەی نیە لە لایەن شەڕڤانانی فیدایی گەلەوە لە بەرامبەر هێزێکی تێرۆریست و بێ‌ئەسڵ بە نێوی داعش‌ بەڕێوە دەچێ. لەو بەرخۆدانە شکۆمەندە دا سەدان شەرڤان بە قارەمانێتیەکی گەورە شەهید بوون، کوردستان لە سایەی فیداکاری و بەرخۆدانی ئەو شەهیدانەوە بووەتە قەڵای خۆراگری و پاراستنی ناسنامەی مرۆڤی ئازاد. ئەو شەهیدانە بوون بە قوتابخانەیەک کە دەرسی ئازادی فێری جیهان دەکەن. شەهید دڵگەش و چوار هەڤاڵی‌تریشی یەکێک لەو شەهیدانەن کە بۆ وەدەرنان و لەنێوبردنی دوژمنان و داگیرکەران لە شەنگال لە هیچ فیداکاریەک درێغیان نەکردووە.

فەرماندە دڵگەش لاوێکی تێگەیشتوو و دڵسۆزی شاری بۆکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢وە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە نێو خەباتەکانی رۆژهەڵات دا بەردەوام رۆڵی پێسەنگایەتی گێڕاوە و لە تێکۆشاندا بووە. رۆحی نەتەوەیی ئەو شۆڕشگێڕە مەزنە وای لێکرد کە سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەران ببەزێنێت و بەشداری لە خەباتی ئازادیخوازی گەل و نیشتمانەکەی لە بەشەکانی‌تری کوردستان دا بکات و ئەو خەباتە بۆ خۆی وەک ئەرکی نیشتمانی ببینێت. شەهید دڵگەش لە سەرتاپای ژیانی شۆڕشگێڕی دا بە هەستی وڵاتپارێزی، ورەی بەرز، بیری ئازاد و رۆحی شۆڕشگێرانەیەوە، هەمیشە نەسرەوتووانە و ماندوو‌نەناسانە لە خەبات دا ڕۆڵ بگێڕێت.

هەر بۆیە وێڕای بەرز راگرتنی یادی فەرماندە دڵگەش و چوار رێهەڤاڵەکانی‌تری و سەرجەم شەهیدە نەمرەکانی ئازادی کوردستان، پەیمانمان لە مەڕ درێژەپێدانی رێبازی پیرۆزیان و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئاواتەکانیان نوێ دەکەینەوە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەو شەهیدانە و سەرجەم گەلی کورد دەکەین. داوا لە سەرجەم گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە خاوەندارێتی لەو شەهیدانە بكەن. هەروەها بە تایبەتی داوا لە لاوان دەکەین کە ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر شەهیدان پێک بێنن، درێژە پێدەری رێبازی پیرۆزی ئەوان بن و بۆ ئەستاندنەوەی تۆڵەی ئەو شەهیدانە بەشداری لە ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازی دا بکەن و دەڵێین: گەلی کوردستان و بە تایبەتی رۆژهەڵات هەتا پێشەنگی وەک فەرماندە دڵگەش، ژیان ماکۆ، کەماڵ ئورمیە و رۆژهات ماکۆی هەبێ، ئازادی و سەربەستی گەل بەدی دەکردرێت.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
20.11.2014

بابەتی پەیوەندیدار