بە بەرز ڕاگرتنی خۆڕاگری حەماسەی قەندیل، درێژەدەری ڕێگای شەهیدانمانین
بە بەرز ڕاگرتنی خۆڕاگری حەماسەی قەندیل، درێژەدەری ڕێگای شەهیدانمانین

بە بەرز ڕاگرتنی خۆڕاگری حەماسەی قەندیل، درێژەدەری ڕێگای شەهیدانمانین

ساڵێک بە سەر هێرشی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر قەندیل تێپەڕ بوو. لە دەرەنجامی بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا و گیانفیدایی و خۆڕاگری هەڤاڵانی شەهید، حەماسەیەکی نوێ خوڵقێنرا و هێزەکانی سوپای پاسداران ڕ‌ووبەڕووی شکستێکی مەزن هاتنەوە. لێرەدا و لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی گەورە فەرمانداری شەهید، هەڤاڵ سمکۆ سەرهەڵدان، سەرجەم شەهیدانی ڕێبازی ئازادیخوازی و بە تایبەت ئەو شەهیدانە کە لە قۆناخی شەڕی قەندیل دا شان بە شانی شەهید سمکۆ، ئەم سەرکەوتنە مێژووییە و ئەم حەماسەیان خووڵقاند، وە بیر دەهێنینەوة و سەری ڕێزو نەوازش لە بەردەم قامەتی بەرزیان دادەنوێنین.

بێ گوومان هەڤاڵ سمکۆ لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی PJAKخاوەن ڕۆڵ و پێگەیەکی تایبەتە و ئەم هەڤاڵە بە فیداکاری و ڕۆحی بەرخۆدان و فیداییانەی خۆی، توانی لە ئاستی پێشەنگایەتی دا ببێتە سیمبولی تێکۆشان. لە ناو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان HRKدا هەڤاڵ سمکۆ نموونەی فەرماندارێکی بە توانا و گەریلایەکی خوڵقکار بوو و ڕەنگدانەوەی کەسایەتی شۆڕشگێری ڕاستەقینەو هاوچەرخی کوردە. هەڤاڵ سمکۆ بە تێگەییشتنێکی ڕاست لە ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، توانیبووی وەرچەرخانێکی مەزن لە چەمک و کەسایەتی خۆی دا بکات و لە کردەوەدا و لە گۆڕەپانی تێکۆشان و ژیاندا نموونەیەکی مرۆڤی ئازاد و هاوچەرخ بوو. بە قووڵ بوونەوە لە چەمکی تێکۆشانی پاراستنی ڕەوا، هەتا دوایین هەناسە ئامادەی گیانفەدایی بۆ گەل و وڵاتەکەی بوو و هەر کات لە هەوڵی پتەو کردنی ڕیزەکانی گەریلا و پێشخستنی بواری تاکتیکی و خوڵقکاری لە تێکۆشانی گەریلایی دا بوو. وەک ئەرکی فەرمانداری و هەڤاڵیەتی لە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی هێزەکانی گەریلای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەوڵدانی بێ وچانی دەدا و فەرماندەیەک بوو لە دڵی هەموو هەڤاڵانی دا.

لە درێژایی قۆناخی حەماسەی قەندیل دا، هەڤاڵ سمکۆ هەر کات لە ڕیزی هەرە پێشەوەی شەڕ دا جێگەی گرت و لە هەموو زۆری و زەحمەتیيەکانی شەڕ دا ماندوونەناسانە پێشەنگایەتی دەکرد. بۆیە لە سەرکەوتنی شەڕی قەندیل و خوڵقاندنی ئەم حەماسەیە دا ڕۆڵ و پێگەی هەڤاڵ سمکۆ هەتا دوایی دیاریکەر بوو.

لە دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ سمکۆ، ڕێباز و فیداکاری و پێوەرە کەسایەتیيەکانی ئەم شەهیدە قارەمانە، لە ناو ڕیزەکانی تێکۆشاندا چەمکێکی بەردەوامە. بە قارەمانیەتی شەهید سمکۆ و هەڤالانی دیکە بە سەدان لاوی کورد سوێندی تێکۆشانیان خوارد و بەشداری خەبات و تێکۆشان بوون. حەماسەی قەندیل لە ناو گەلی کورددا مۆراڵ و جۆشێکی مەزنی سازکرد و هیوایەکی نوێی خوڵقاند. یەکیەتی و یەکڕیزی گەلی کوردی پتەوتر کرد و هەنگاوێکی تری بەرەو ئازادی ناوە. بۆیە شەهید سمکۆ و عەگید و ساریا و شاهان و تێکۆشەر و بەرفین و زەردەشت و ئەویندار و هةموو ئەو هەڤاڵانی حەماسە قەنديل، هەرکات لە دڵی کۆمەڵگادان و هیچ کات نامرن.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کەسایەتی شەهیدانی حەماسەی قەندیل‌دا جارێکی تر هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد وە بیر دەهێنینەوە و پابەندبوون بە چەمک و ڕێبازی شەهیدان ڕادەگەێینین و سوێندی بەردەوام کردنی تێکۆشانی ئەوان دووپات دەکەینەوە.

شەهید نامرن
بژی سەرۆک ئاپۆ
کۆردیناسیونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
02.09.2012

بابەتی پەیوەندیدار