بە دروشمی «ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی گەلی کوردە»، تێکۆشانی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ دەدەین

بە دروشمی «ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی گەلی کوردە»، تێکۆشانی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ دەدەین

لە ساڵرۆژی گەلە کۆمەی نێودەوڵەتی 15ی شوباتدا، هەموو ئەو هێزە جیهانی و هەرێمیانەی کە لەو کردەوە دژی مرۆڤیەو چەپەڵەدا ڕۆڵیان هەبوو شەرمەزار دەکەین.

گەلە کۆمەی پازدەی شوبات، کە بەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بەڕیوە چوو دەستپێکی دەست تێوەردانێکی نوێی هێزە دەستهەڵاتخوازەکانی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو ، هێزە دەست تێوەردەرەکانی دەرەکی، دەوڵەتە ستاتۆ پارێزەکانی هەرێم و هەندێ لە هێزە کوردیەکانی گرێدراو بە ئەوان دەیانهەویست کە بزاڤی ئازادیخوازی و پۆتانسێلی دیموکراتیکی کۆمەڵگای کوردی لەناو بەرن. دەکرێت بڵێین کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەڵوێستی جدی لەبەرامبەر گەلەکۆمەدا گیراوە بەڵام ئەم گەلەکۆمەیە بەتەواوی لە ناو نەچوەو لە قۆناخی ئێستاشدا بەشێوەی جۆراو جۆر و نوێ درێژەی هەیە. بزاڤی ئازادی خوازی گەلی کورد بە گرتنە پێشی هێڵی سێهەم و بە پشت بەستن بە هێزی جەوهەری خۆی پێی ناوەتە ناو قۆناخێکی مێژوویەوە. سەرکەوتنی بزاڤی ئازادی خوازی بە ڕچاو کردنی هێڵی سێهەم کاریگەری لەسەر هەموو هەرێمەکە کردووە و ئاڵتەرناتیڤێکە بۆ ئەو مۆدێلانەی کە لە هەرێمدا خوازیاری پێکهێنانی هێژموون گەرایین، ئەوەی لە ئارادایە شێوەیەکی شەڕی مۆدێلەکانە، کە لەلایەک مۆدێلی هێزە دەست تێوەردەرەکانی دەرەکی و هێزە ستاتۆ پارێزەکانی هەرێم و لە لایەکی تر مۆدێلی دیموکراسی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆیە.

بزاڤی مۆدێرنی ئازادی خوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بە پێشەنگایەتی گەل و پارتیمان دەتوانین وەک میراتی پشتیوانی گەلمان لە ڕێبەر ئاپۆ لەبەرامبەر گەلەکۆمەدا پێناسە بکەین. بێگومان بە رفاندنی ڕێبەر ئاپۆ هەم بۆ گەلی کور دو هەم بۆ مرۆڤە ئازادیخوازەکان ڕووداوێکی خەمناک و بەئێش بوو، گەلمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوە گوڕی بە تێکۆشانی خۆی داوە لەساڵی 1999 سەرە ڕای ئەوەی کە ڕێکخستنی جەماوەری و یەکگرتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو بەڵام شاهدی یەکێک لە شکۆدارترین و مەزنترین سەرهەڵدانەکان بووین کە حەماسەیەکی مێژوویی ئافراند. لە ساڵی 1999 ژمارەیەکی زۆر لە جەوانانی وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون کە بوون بە سیمبولی یەکەتی نەتەوەیی گەلی کورد. لەماوەی ئەم ساڵانەدا خوازراوە کە لە ڕێگەی هێرشی بەر بڵاو لە دژی هێزەکانی گەریلا و تێکۆشانی گەلمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی ئاپۆیستی لاواز بکەن بەڵام گەلەکەمان بەرخۆدانێکی بە بڕیاری لە خۆی نیشان دا. ئێستا گەلی کورد بە پشت بەستن بە فکرو ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لەهەر کاتێک زۆرتر ڕێکخستنی جەوهەری خۆی پەرە پێداوەو بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکات لە پازدەهەمین ساڵوەگەری بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ پێویستە بە ڕۆحی شۆڕشگێری ساڵی 1999 بە یەکەتی و یەکڕیزی ئەم ڕۆژە بکەین بە ڕۆژی تۆڵە سەندن لە پلانگێڕان. خۆڕاگری بە بڕیار لە بەرامبەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی 15ی شوبات کە لە درێژەی سیاسەتی کۆمەڵکوژی گەلی کورد بەڕیوە دەچێت، لەو قۆناخە هەستیار و مێژووییەدا، تەنها لە ڕیگەی خەبات بۆ چەسپاندنی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد مسۆگەر دەبێت. ئێمە وەکو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو بەشەکانی تر خوازیارین کە بە دروشمی «ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی گەلی کوردە»، تێکۆشانی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدەین، هەروەها یادی هەموو شەهیدانی سەرهەڵدانی گەل لە ساڵی 1999 و هەروەها سەرهەڵدانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمە لە ساڵی 2006 دا بەرز ڕادەگرین و یەکەتی و پێداگری خۆمان لەو ڕێبازەدا ڕادەگەیەنین.

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
13.02.2014

بابەتی پەیوەندیدار