تێکشکاندنی هێڵی خیانەت، خاوەندارێتییە لە رێبازی شەهیدان
تێکشکاندنی هێڵی خیانەت، خاوەندارێتییە لە رێبازی شەهیدان

تێکشکاندنی هێڵی خیانەت، خاوەندارێتییە لە رێبازی شەهیدان

لە٥ی نوامبەری ٢٠٠٦ی زاینی لەئەنجامی رووداوێکی سرووشتیدا، دوو فەرماندەی پێشەنگ و قارەمانی پارتەکەمان بە ناوەکانی؛ خدر خرنگە ناسراو بە (عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو بە (سیروان ناری) پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوون، بە هاتنی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی سەربەرز و هێژامان یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێنی درێژەپێدانی تێکۆشان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان دووپات دەکەینەوە.

هەڤاڵ عاکیف و سیروان وەک دوو فەرماندە و پێشەنگی گەلەکەمان لەگەشەدانی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک خاوەن رۆڵ بوون و شوێنپەنجەیان لەدامەزراندن و پێشخستنی پەژاک و بەشداری گەنجان بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان بەرچاوە. تایبەت لەبڵاو کردنەوەی هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ وچان کار و خەباتیان بەڕێوە بردووەو بۆ ئاشنا کردن و پەیوەستی گەنجان و ژنان بە ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک، بێ ناوبەر کارو خەباتیان بەڕێوە بردووە.

تێکۆشانی نەبەزانەی دوو هەڤاڵی پێشەنگی پارتەکەمان، سەرچاوەی بەخشینی هێز و مۆڕاڵ لەناو هەڤاڵان و گەلەکەمان بووەو هەر دوو هەڤاڵمان لەپێناو پەرەپێدانی خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراتیک لەئێران و رۆژهەڵات و سەرجەم بەشەکانی کوردستان بە هەستی شۆڕشگێڕی و بەرپرسیاری مێژوویی تێکۆشانیان ئەنجام داوە. رەوتی تێکۆشان و خەباتی دوو فەرماندەو کادیری پێشەنگی پارتیمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد و بووە هۆکار کە گەنجان لەپێناو پاراستنی خاک و نیشتمان و شەڕ لەدژی داگیرکەری، روو لەرۆژئاوای کوردستان، شەنگاڵ و ناوچەکانی تری کوردستان بکەن و تا بە ئەمڕۆ بە هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاری مێژوویی پارێزەری لەکوردستان دەکەن.

هیوا و ئاواتی هەڤاڵ عاکیف و سیروان پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و ئازادی کوردستان بووەو بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاواتەیان بە جۆش و خرۆشی مەزنەوە ئەرکی سەرشانیان راپەڕاندووە و شوێنپەنجەی خەباتیان لەپەرەپێدانی هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان لەکوردستان تا ئەمڕۆ بەرچاوە. هەڤاڵ سیروان وەک کادیرێکی لێزان و لێهاتوو لەبواری کارو خەباتی راگەیاندنی ئازاد و دیمۆکراتیک، لەئافراندنی رۆژنامەنووسی بوێر و شۆڕشگێڕ خاوەن رۆڵ بووەو بە رووناکی هزر و قەڵەمی دەستەکانی، کۆمەڵگای تاریک کراوی بە درکاندنی حەقیقەت رووناک کردوەتەوە.

هەڤاڵ عاکیف وەک کادیرێکی پێشەنگ، هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی لەناو گەنجان و ژنان زیندوو کردەوەو هەمیشە لەدژی خیانەت و داگیرکەری وەستاوە. لەکاتێکدا یادی شەهیدبوونی دوو گەریلای پێشەنگ و قارەمانی گەلەکەمان بەرز رادەگرین، لەلایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراقەوە، بە سەپاندنی شەڕ بە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، خیانەت بە هیوا و ئاواتی شەهیدان و گەلی کورد دەکرێت و هەوڵی لەباربردنی دەستکەوتی شەهیدانی کوردستان دەدرێت. پەدەکە بە لەشکەرکێشی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، ئەجیندای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا جێ بەجێ دەکات و بووەتە مەقاشی دەستی ئاکەپە و مەهەپە. بۆیە سیاسەتی شەڕانگێزی پەدەکە لەدژی گەلی کورد، ئەو هەلە مێژووییەی بۆ گەلەکەمان رەخساوە لەبار دەبات و مەترسی کۆمەڵکوژکردنی کوردان زیاتر خۆش دەکات.

بۆیە لەم رۆژە مێژووییەدا داوا لەگەنجان و ژنانی کوردستان دەکەین بە بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانەوە خاوەندارێتی لەدەستکەوتی شەهیدانی رێگای ئازادی بکەن و بۆ تێکشکاندنی هێڵی خیانەت و داگیرکەری لەکوردستان بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن و تێکۆشان لەدژی خیانەت و داگیرکەری گوڕتر و بەرینتر بکەن. هاوکات سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و هەر تاکێکی ئازادیخواز پێویستە لەم قۆناخە هەستیارەدا ئەرکی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەیان بەجێ بهێنن.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک

٠٥\١١\٢٠٢٠

بابەتی پەیوەندیدار