جەلال مەلەکشا شاعیرێک کە هەمیشە لەخەمی ئازادی و یەکخستنی ناو ماڵی کوردی بوو

جەلال مەلەکشا شاعیرێک کە هەمیشە لەخەمی ئازادی و یەکخستنی ناو ماڵی کوردی بوو

کۆچی دوایی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعیری نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی گەلەکەمان لەم قۆناخە هەستیارەدا داخ و کەسەرە و خەسارێکی مەزن بوو بۆ گەلەکەمان لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت بەشەکانی تری کوردستان. بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیری بوێر و شۆڕشگێڕی گەلەکەمان پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد و هونەردۆستان و تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی ناوبراو دەکەین.

مامۆستا جەلال مەلەکشا سەرجەم تەمەنی لەپێناو ئازادی گەل و نیشتمان فیدا کرد، شاعیرێک کە هەمیشە هەستی بە ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی دەکرد و پاڵپشت و یارمەتیدەری چینی هەژار و چەوساوەی گەلەکەی بوو. شاعیرێک کە بوێرانە بە هەستی ناسک و دڵڕفێنی شاعیرانەی بەرەوڕووی سیاسەتی داگیرکەران بووەتەوە و لەبەرامبەر دۆزی رەوای گەلەکەی بەرپرسیار و خاوەن هەڵوێست بووە کە خاوەندارێتی لەبەرخۆدانی کۆبانێ دڵۆپێک لەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەتی. هاوکات بە شێعرە بەپێزەکانی هەست و رۆحیەی شۆڕشگێڕی لەناخی لاوانی نیشمان دەگەشاندەوە. بۆیە مامۆستا جەلال مەلەکشا ئەو شاعیرەیە کە هەمیشە لەخەمی ئازادی کوردستان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردی و رووناککەرەوەی رێگای تێکۆشانی ئازادی بۆ گەنجان بووە.

هەڵوێستی دڵسۆزانەو کوردپەروەری مامۆستا جەلال بۆ چارەسەری پرسی گەلی کورد و هەوڵە بێ وچانەکانی لەو پێناوەدا، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئێش و ئازاری بەندیخانە بچێژێت و بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشە و گوڕەشەی هێزە ئەمنیەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران ببێتەوە، بەڵام هیچ لەمپەر و ئاستەنگیەکی رژێمی داگیرکەری ئێران نەیتوانی بەربەست لەبەردەم شاعیری نەتەوەیی و بوێری گەلەکەمان دابنێت و وەک شاعیرێکی کۆڵنەدەر و بە ویژدان کە تا دوا ساتەکانی ژیانی خزمەتی هونەر و شۆڕشی نەتەوەیی نیشتمانەکەی کرد.

جارێکی تر پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرز و نیشتمانپەروەری مامۆستا جەلال مەلەکشا و گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت شاری سنە و هەر تاکێکی هۆنەردۆست و ئازادیخواز دەکەین.

مەجیلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

٠١\١١\٢٠٢٠

بابەتی پەیوەندیدار