حاجی ئه‌حمه‌دی لە کۆنگرەی KNK داوای یەکێتی نەتەوەیی لە هەر چواربەشی کوردستان کرد

حاجی ئه‌حمه‌دی لە کۆنگرەی KNK داوای یەکێتی نەتەوەیی لە هەر چواربەشی کوردستان کرد

لە رێکەوتی 25.05.2013 له‌ بروکسلی پایته‌ختی بەلژیک کونگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (KNK) سێزدەهه‌مین کۆنگره‌ی ئاسایی خۆی ده‌ستپێکرد که‌ سه‌رجه‌م پارته‌ کوردیه‌کانی هه‌ر چواربه‌شی کوردستان تێیدا به‌شداریان کرد. عه‌بدولره‌حمان حاجی ئه‌حمه‌دی، سه‌رۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK) له‌کۆنگره‌که‌دا وتارێکی پێشکه‌ش کرد و تیشکی خسته‌سه‌ر بارودۆخی ئێستاکه‌ی جیهان، هه‌رێمه‌که‌ و کوردستان و هێنانه‌دی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌هه‌ر چواربه‌شی کوردستان.

وتاری بەرێز حاجی ئەحمەدی لە کۆنگرەی KNK

سه‌ره‌تا، سڵاوی هه‌ڤالان و گه‌ریلاکانی PJAKتان پێشکه‌ش ده‌که‌م. ئه‌مڕۆ رۆژێکی مێژووییه‌، به‌ڵام شه‌هیدانێکی زۆرمان داوه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م کۆنگره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین. گه‌له‌که‌مان ئێستا له‌ باشووری کوردستان ستاتۆی خۆی هه‌یه‌و ئێستا ئازاده‌ که‌ له‌ئه‌نجامی (50) ساڵ‌ تێکۆشان و خه‌بات، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌ و وێران کردنی دووهه‌زار گوند به‌ده‌ست خراوه‌. رۆژئاوای کوردستان له‌هه‌ڵ ومه‌رجی زه‌مانه‌و ئیمکاناتی له‌ئارادایه‌ که‌ڵکی وه‌رگرت و زۆر لێهاتووانه‌ له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا سیسته‌می خۆسه‌ری دیموکراتی دامه‌زراند و په‌ره‌ی به‌سیسته‌مه‌که‌دا که‌ ئه‌وه‌ش له‌رۆژهه‌ڵاتی ناویندا نموونه‌ی نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گه‌لی کورد بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان چ له‌ده‌ستیدا دێت بیکات، چونکه‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌موو به‌شه‌کانی تری کوردستانی به‌دوای خۆی دێنێت. ده‌توانم بڵێم که‌ له‌ مێژووی 200 ساڵی رابردوو تا ئێستا شۆڕشی مه‌زن به‌ ئه‌ندازه‌ی شۆڕشی باکووری کوردستان دروست نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری شۆڕشه‌کانی سه‌د ساڵی رابردوو بکه‌ین، وه‌ک شۆڕشه‌کانی ئۆکتۆبه‌ر به‌ رێبه‌رایه‌تی لینین له‌ شۆره‌وی پێک هات. لینین به‌ پشتیوانی گه‌لی رووس دژی بنه‌ماڵه‌ی ته‌زار شۆڕشی کرد. مائۆ به‌ پشتیوانی گه‌لی چین توانی شۆڕشه‌که‌ی سه‌ربخات. هۆشیمین به‌ پشتیوانی گه‌له‌که‌ی، هێزی سوسیالیستی و پارته‌ کۆمۆنیسته‌کانی جیهان توانی دژی ئه‌مریکا سه‌ربکه‌وێت. ئه‌فریقای باشووریش وه‌ها بووه‌. به‌ڵام گه‌له‌که‌مان له‌باکووری کوردستان له‌بارودۆخێکدا بوو که‌ گه‌لی کورد پاکتاو کرابوو، رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌و گه‌له‌ی به‌ ته‌نیا و بێ پشتیوانی وڵاتانی بیانی جارێکی تر زیندووی کرده‌وه‌ و شۆڕشێکی مه‌زنی هێنایه‌ ئاراوه‌. مه‌زنتر له‌وه‌ش، په‌یامی رێبه‌ر ئاپۆ له‌نه‌ورۆزی میلیۆنی ئامه‌د بوو که‌ ئه‌و په‌یامه‌ش ته‌نیا بۆ گه‌لی کورد نییه‌، به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌. په‌یامێکه‌ که‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ته‌نانه‌ت گه‌لانی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی به‌پێی ئه‌و په‌یامه‌ مافه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن.

ئێمه‌ بۆ ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان شه‌هیدێکی زۆرمان داوه‌. ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئێستا سه‌رجه‌م پارت و هێزه‌ کوردستانیه‌کان له‌م کۆنگره‌دا ئاماده‌ن و من له‌کۆنگره‌ی رابردوودا وتبووم و ئێستاش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌لی کورد به‌گشتی له‌ هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مڕۆی جیهاندا پێویستی به‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌. یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌رکه‌وتنی گه‌لی کورد وه‌کو نان و ئاو و هه‌وا بۆ مرۆڤێک پێویسته‌. گه‌له‌که‌مان به‌خۆشیه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پارچه‌گه‌رایی و حیزبچێتی هه‌مووی تێپه‌ڕاندووه‌، گه‌له‌که‌مان کوردستانی بیرده‌کاته‌وه‌، پێک دێنێت، قسه‌ ده‌کات و هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. کاتێک به‌رێز مام جه‌لال تاله‌بانی بووه‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق، گه‌لی کورد له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان جه‌ژنیان گرت، کاتێک به‌رێز بارزانی بووه‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی باشووری کوردستان، گه‌ل له‌ هه‌ر چواربه‌شی کوردستان دڵخۆش بوون. کاتێک له‌ساڵی 2007 له‌هه‌ولێر ته‌قینه‌وه‌یه‌ک روویداو سامی عه‌بدولره‌حمان و هه‌ڤاڵانی شه‌هید ده‌بن، له‌سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌کانی کوردستان مه‌راسیمی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی دانرا. کاتێک که‌ رێبه‌ر ئاپۆ چووه‌ رۆما، رۆم بووه‌ مه‌ککه‌ی کورد لە سەرانسەری دونیا خه‌ڵک روویان کرده‌ رۆما، کاتێک رێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستگیر کرا به‌ ده‌یان که‌س له‌به‌شه‌کانی کوردستان ئاگر له‌جه‌سته‌یان به‌ردا. سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش به‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی کورد یه‌کگرتووه‌ و یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ و به‌ شێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بیرده‌کاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر به‌ داستانی قه‌ندیل دژی ئێران ته‌ماشا بکه‌ین ده‌بینین ئه‌و گه‌ریلانه‌ی شه‌هید بوون، له‌سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی کوردستانن. له‌باکووری کوردستان که‌ سی ساڵه‌ شه‌ڕی چه‌کداری هه‌یه‌، شه‌هیده‌کان کوردستانین. له‌کاتێکدا که‌ کچ و کوڕه‌کانی رۆژهه‌ڵات، باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ ئازادی گه‌لی کورد له‌باکووری کوردستان چوونه‌ته‌ ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان و شه‌هید ده‌بن. هه‌روه‌ها ده‌بینین که‌ رۆڵه‌کانی باکووری و به‌شه‌کانی تری کوردستان له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێکۆشان ده‌که‌ن و شه‌هید ده‌بن. ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ دێت که‌ گه‌لی کورد یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پێشخستووه‌.

ئێستا پێویسته‌ به‌باشی بزانرێت که‌ هه‌ر پارتێکی کوردی که‌ بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی تێکۆشان و خه‌بات نه‌کات، به‌ ته‌واوی له‌مێژوو داده‌بڕیت. ئه‌و پارته‌ش هیچ کاتێک سه‌رکه‌وتوو نابێت. هه‌ر پارتێکیش به‌دوای سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ بێت، بۆ دروست بوونی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی تێکۆشان بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد ئه‌وه‌ی ده‌وێت. ئه‌مه‌ش داواکاری گه‌له‌که‌مانه‌. ئه‌وه‌ی داواکاری منه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی تێبکۆشین و هه‌ر پارتێک به‌ هزر و رامان و ئایدئۆلۆژی و ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌توانێت به‌شداری تێدا بکات. پێویسته‌ ئه‌مڕۆ له‌دونیای ئازاددا، گه‌لی کورد به‌ باشی ئه‌وه‌ تێبگات، بۆیه‌ ئێستا پارته‌ کوردیه‌کان پێویسته‌ ئه‌مه‌ تێبگه‌ن. گه‌له‌که‌مان هیچ بیانوو و به‌هانه‌یه‌ک قه‌بوول ناکات. هه‌موومان ئێستا له‌م کۆنگره‌دا کۆبووینه‌ته‌وه‌ و بزانن که‌ هه‌موو گه‌لان له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان چاوه‌ڕوانی دروست بوونی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی‌یان له‌ئێمه‌ هه‌یه‌.

 

دیمەن:

[youtube height=”465″ width=”620″]http://www.youtube.com/watch?v=7Me3enuJzeM[/youtube]

بابەتی پەیوەندیدار