خاوەندارییەتی لە هەنگاوەکانی دامەزراندنی خۆرێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژئاوا دەکەین
خاوەندارییەتی لە هەنگاوەکانی دامەزراندنی خۆرێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژئاوا دەکەین

خاوەندارییەتی لە هەنگاوەکانی دامەزراندنی خۆرێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژئاوا دەکەین

تێكۆشانێكی بەرفراوان و بێ وینەی گەلەكەمان لە شۆرشی رۆژئاوای كوردستان، بە راگەیاندنی بەرێوەبەری كاتی بۆ ئەم بەشەی كوردستان، پێ دەنێتە قۆناخێكی نوێ و هەنگاوێكە لە پێناو رزگاری و مسۆگەر كردنی سەقامگیری لەم بەشەی كوردستان. بەم رێگایەوە راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی كاتی لە رۆژئاوای كوردستان، لەسەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان و هاوكات لە سەرجەم پێشەنگانی ئازادیخوازی رۆژئاوای كوردستان پیرۆزبایی دەكەین. هەروەها سەرجەم ئەو شەهیدە قارەمانانەی كە بە فیداكاری و تێكۆشانی خۆیان، ئەم دەسكەوتە مێژووییەیان خوڵقاند وەبیر دەهێنینەوە و سەری رێز لە بەردەم قامەتی بەرزیان دادەنوێنین.

بێ گومان ئەم هەنگاوە لە مێژووی تێكۆشانی گەلەكەمان، خاوەن گرینگی تایبەتە و دەسكەوتێكی مێژووییە بۆ سەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان. شۆرشی 19 ی تەمووز جارێكی تر، راستەقینە بوونی تێكۆشانی سەردەمیانەی گەلی كورد و بەتایبەت وەڵامدەرەوە بوونی چەمكی ئایدۆلۆژیك ـ سیاسی سێهەمی لە ئاستی هەرێمی و جیهانی دا بە باشی سەڵماند. هاوكات ئەم شۆرشە سەلماندی كە گەلی كورد مەگەر بە پشت بەستن بە ئیرادە و هێزی زاتی خۆی بتوانێ بەرەو ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواكانی خۆی هەنگاو بنێتەوە. هەر چەندە لایەن گەلێك بە شێوەیەكی قیزەوەن لە هەوڵی دژبەرایەتی و شێلۆ كردنی شۆرشی رۆژئاوا دان، بەڵام شۆرشی راستەقینە و هەمە لایەنە گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان، بە تێكۆشانێكی بێ وێنە لە بەرامبەر نەیاران و دوژمنانی گەلەكەمان، سەرجەم ئەم هەوڵدانانەی پوچەڵ كردۆتەوە.

بێ شك، دوابەدوای ئەم هەنگاوە مێژووییە، پاراستن و بەرفراوان كردنەوەی دەسكەتی رۆژئاوای كوردستان و هاوكات چارەسەری بنەرەتی كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، خاوەن گرینگی تایبەتە و ئەم بابەتە ئەركێكی نەتەوەیی ـ نیشتمانی سەرجەم گەلەكەمان و بەتایبەت لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە. بەم رێگایەوە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پشتیوانی و پشتگیری خۆمان لە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای كوردستان رادەگەیێنین و ئامادە بوونی بۆ هەر چەشنە ئەركێك كە بكەوێتە سەرشانمان رادەگەیێنین. هاوكات بانگ لە سەرجەم گەلی كورد و بەتایبەت لە هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە خاوەندارییەتی لەم دەسكەوتەی گەلی كورد بكەن و لەبەرامبەر هەر چەشنە هەوڵدانێكی تێكدەرانە و نەیارانە لە بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان خاوەن هەڵوێست بن.

لە كۆتایی دا جارێكی تر راگەیاندنی خۆرێوەبەری كاتی لە رۆژئاوای كوردستان پیرۆزبایی دەكەین و هیوادارین كە ئەم دەسكەوتە بە هەوڵدانی سەرجەم لایەنەكان و گەلەكەمان، سەقامگیرتر بێت و ببێتە بەستێنێكی نوێ بۆ ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواكانمان لەسەر جەم كوردستان.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – PJAK
14.11.2013

بابەتی پەیوەندیدار