رژێمی ئێران، ژەهری پیس کردنی سرووشتە
رژێمی ئێران، ژەهری پیس کردنی سرووشتە

رژێمی ئێران، ژەهری پیس کردنی سرووشتە

ئامەد شاهۆ

ژینگە و سرووشت بریتیە لە مەڵبەندی ژیانی وەک؛ هەوا، ئاو، خاک، سەرچاوەی سرووشتی، رووەک، ئاژەڵ، مرۆڤ و پەیوەندی بەرانبەری یەک. زانستێکی کۆمەڵایەتییە کە کاریگەری لەسەر رەفتار و کردەوەی مرۆڤ دادەنێت و لە گەشەدانی کۆمەڵگا و کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ کاریگەری بەرچاوی هەیە و رەوتی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا دیار دەکات و لە گەشەدانی زەین و هزری تاک کاریگەری راستەوخۆی هەیە. سرووشت؛ دایکی مرۆڤە کە لە ئامێزی خۆی زەین و ویژدانی مرۆڤ گەشە دەدات و هێزی کۆمەڵایەتی بوون بە مرۆڤ دەبەخشێت.

ژینگە و سرووشت کۆی ئەو شوێنانەیە کە ژیان تێدا بەرقەرارە و دەرفەتی ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤەکان خۆش دەکات و لەسەر گەشەدان و رەفتاری بوونەوەران کاریگەری دادەنێت. سووڕانەوەی سرووشتی ئەزموونی کەڵەکە کراوی مرۆڤی، تێدا حەشاردراوە کە لێگەڕینی بە دوای گەهێشتن بە حەقیقەتە.

ژینگە و سرووشت ئەو دوو دەستەواژەن کە لەلایەن سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری رووبەڕووی وێرانی و لەناوچوون بوون و بوونەتەوە قوربانی زیهنیەتی قازانج _ سەرمایەی ئەو هێزانە. هۆڵدینگ و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و هەشت پێی دەوڵەت – نەتەوە، بۆ ئەوەی هەژمۆنی زیاتر بە سەر جیهان دا درووست بکەن، سەرجەم سەرچاوە سرووشتیەکانیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و لە داوێنی سرووشتدا، ئاگری دۆزەخیان بەرپا کردووە. ئەو هێزانە ئەمڕۆ بۆ حاکمیەتی زیاتر بە سەر جیهان، دەستکاری سرووشت دەکەن و لە پێناو پڕۆژە و پیلانەکانیان، رۆخساری سرووشتیان گۆڕیوە و بۆ هەر پڕۆژەیەک پارچەیەک لە سرووشت کاوڵ و وێران دەکەن تا خۆ بکەنە خاوەنی سرووشت و لەبەر چاوچنۆکی و تەماح، فرەڕنگی و جوانیەکانی لە ناو دەبەن. ئەڵقەکانی ژینگە لەمیانەی گەشە و پەرەسەندنێکی ملیۆنان ساڵیەوە پێکهاتوون. بە گشتی وێرانکاریەکانی پێنج هەزار ساڵەی ئەم دواییە، بە تایبەتیش هی ئەم دوو سەد ساڵەی دوایی، گەورەترین زیانی بە ئەڵقەکانی ژینگە گەیاندووە. لەم ماوە زەمەنییە کورتەدا بە هەزاران ئەڵقەی پەرەسەندنی ملیۆنان ساڵەیان پچڕاندووە و جیهان پەلکێشی لەناو چوون دەکەن.

رێبەر ئاپۆ لەبەرگرینامەی قەیرانی شارستانیەت لە خۆرهەڵاتی ناوین و چارەسەری شارستانیەتی دیمۆکراتیک دا ئاماژە بەوە دەدات کە لەوانەیە هیچ کێشەیەک هێندەی کێشە ئیکۆلۆژیەکان سەبارەت بە جێگیرکردنی رووی راستەقینەی سیستەمەکانی قازانج _ سەرمایە لە رۆژەڤی تەواوی مرۆڤایەتیدا گرنگ و خاوەن قورسایی نەبێت. ئاماری سیستەمی شارستانیەتی قازانج – سەرمایە(وەک کۆی پاوانە سەربازی، ئابووری، بازرگانی و ئایینەکانی درێژایی مێژوو) تەنیا هی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا نییە و لەهەموو لایەکەوە(بێ ئەخلاقی، بێ سیاسەتی، بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، لەشفرۆشی و …)، بەڵکوو بۆتە ئاماری هەڕەشە و مەترسی سەر ژینگە و ژیانی تەواوی ئەو زیندەوەرانەی تێیدا دەژین.

ئامانج لە فەتح کردنی ئەو دوو سەدەی دوایی رۆژهەڵاتی ناوین لە لایەن مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییەوە، لەناوبردنی سرووشت و ئەو ژیانە کولتووریەیە کە کۆمەڵگای کشتوکاڵی ١٥ هەزار ساڵەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی گەلان، ئافراندوویەتی و رووباری بنەڕەتی مرۆڤایەتی هەڵدەتەکێنێت. واتا سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە دۆخی جێنۆسایدی ژینگەیی دایە کە بە بەرپا کردنی قیامەت، وەسف دەکرێت. هاوتەریبی ئەوانەش دەوڵەت – نەتەوەکانی ناوچەکە کارەساتبارتر لەو سیستەمە کەوتوونەتە گیانی ژینگە و کۆمەڵگا و هەر شوێنێکیان کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە هەر دەوڵەتێک بۆ زاڵ بوونی بە سەر سرووشت و کۆمەڵگا لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە لەناو کێبڕکێی جێنۆسایدی ژینگەیی دان. تایبەت رژێمی داگیرکەری ئێران کۆی بابەتە ژینگەییەکانی لە کوردستان کردووەتە ئامێری شەڕ و ژینگەی لەقازانجی دەسەڵاتداری خۆی بە کار دەبات.

لەلایەکی تریشەوە ئەو دوو دەستەواژە لە ئەدەبیاتی دەسەڵاتداری رژێمی داگیرکەری ئێران رووبەڕووی مەترسی جددی بووە و رژێم بە پێی بەرژەوەندی دەسەڵاتداری خۆی سوودیان لێ وەردەگرێت و لە پێناو مانەوەی لەسەر دەسەڵات، هەڵمەتی لەناوبردن و کاوڵکاری ژینگەیی دەست پێکردووە. رژێم ئەمڕۆ خۆی بە حاکیمی رەهای سەر زەوی لە قەڵەم دەدات و بوونەوەرێک بە بێ فەرمانی رژێم ناجووڵێتەوە. زیهنیەتی قازانج _ سەرمایەی رژێم وای کردووە کە دەستەواژەی پیشەسازی جێگای ژینگە بگرێتەوە و بۆ قازانجی زیاتر دەستکاری هەر قوژبنێکی سرووشت دەکات. بە پاساوی بێ بنەما ئاسایش و ئارامی لە داوێنی ژینگە لەبار بردووە و لەژێر درووشمی چەواشەکاری ئابووری دەستێوەردانی سرووشت دەکات و رۆخسار و هێما جوانەکانی سرووشتیان شێواندووە.

رژێم لەیەکەمین هەنگاودا، تاک لەسرووشتی بوونیان دەردەخات. بە رێگای پەروەردەوە، زمانی زگماکی لە یادی مرۆڤەکان دەبات و زمانێکی بیانی بەسەریان دەسەپێنێت. لە بوارێکی ترەوە هێرش دەکاتە سەر کولتووری رەسەنی کۆمەڵگاکان و کولتووری دەسەڵات بە سەریان دا دەسەپێنێت. مرۆڤەکان لەسەر زێدی باب و باپیرانیان دادەبڕێنێت و ناچاری کۆچ کردنی زۆرەملێ یان دەکات. بەرهەمی رەنجی مرۆڤەکان حەپەلووش و بەرهەمە خۆماڵییەکان ریشەکێش دەکات. واتا گەوهەری رژێمی داگیرکەری ئێران لەبنەڕەتدا تێکدەری ژینگەیە و زەمینەی دەست لێبەرنەدراوی ژیانی مرۆڤ تێکدەدات و کۆمەڵگاکانی ناو ئێرانی، گەیاندوەتە ئەو دۆخەی کە دەرفەتی ژیانی ئازاد و دادپەوەر و ئیکۆلۆژیکی تێدا نەمێنێ. ئەو کردەوەی رژێم بووەتە هۆکار کە بە رژێمێکی هۆڤ و دڕندە ناوبانگ دەرکات و لە ئاستی جیهان نازناوی، عیزرائیلی راستەقینەی ژیانی پێببەخشرێ. بۆیە ئەو رژێمە ئیدی لەلایەن گەلانی ئێرانەوە رەوایەتی لە دەستداوە و کۆمەڵگا بە هیچ جۆرێک بەرگری لەو رژێمە دژە ژینگەیە ناکات. چون رژێمێک کە ئاگر بەربداتە دارستان و لەوەڕگاکان، چەم و رووبارەکان پیس بکات، جێگە مێژوویی و ئاسەوارە کۆنەکان نوقمی ژێر ئاو بکات و ئاژەڵان رووبەڕووی کوشتن و قڕکردن بکاتەوە. پارێزەرانی ژینگە قۆڵبەست و زیندانی و بکوژێت، تەک تیپ کردنی کۆمەڵگا بە بنەما بگرێت و زمان و کولتووری گەلانی ئێران پاکتاو بکات، رژێمێکی ناڕەوا و دژە ژینگەیە کە هەر جۆرە کردەوەی ناشایست و دڕندەی لێهەڵدەوەشێت.

ئەوەی کە لە جیهان مایندەیە و مرۆڤ دەپارێزێت سرووشتە. بەڵام تەماحی مرۆڤی دەوسەڵاتخواز وای کردووە کە بە نواندنی هێز خۆی بە سەر سرووشت دا زاڵ بکات. روانگەی هەڵەی رژێم ئەوەیە کە ژینگە و سرووشت بە پارچەیەک لە هێزی خۆی دەبینێ. لە کاتێکدا ئەوە بە پێچەوانەی راستی سرووشتە. چون مرۆڤ پارچەیەک لە سرووشتە. کاتێک مرۆڤ خۆی سەرووتر لە سرووشت ببینێ، ئەو کات بە مافی رەوای خۆی دەبینێ کە چ بەڵایەک بە سەر سرووشت بهێنێ و بە پێی حەز و ویستی خۆی، سرووشت دەگۆڕێ. ئەوەی کە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە کوردستان بەڕێوە دەبرێت، سەرچاوەی ئەو لۆژیکە دژە ژینگەی رژێمە و ئەمڕۆ بڕیارگای خاتم ئەلەنبیا کەلاقی دڕندەی ئۆختابووتی سوپای پاسدارانە لە ژێر ناوی کۆمەڵێک کۆمپانیا و پڕۆژەی خزمەتگوزاری، خاک و سرووشتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تووشی پووکانەوە، سووانەوە و نەزۆکی کردووە و رۆژ لەدوای رۆژ ئەنجامی سیاسەتی دژە ژینگەی ئەو ناوەندە، کاریگەی لەسەر سرووشت و کۆمەڵگا رەنگدەداتەوە.

پڕۆژەکانی سوپای پاسداران لە ئەنجامی ئەو زیهنیەتە چەکەری دەرهێناوە و ئەو هێزە چۆنی دەوێت سرووشت بە پێی حەز و ویستی خۆی دەسووڕێنێ. بۆیە دەوڵەت بە گشتی ژەهری پیس کردنی سرووشت و هێزی کاوڵکاری سرووشتە. ئەو جانەوەرە دڕندەیە کە کەوتووەتە گیانی سرووشت و جۆگرافیای ئێرانی، لەت لەت و نەزۆک کردووە. دەوڵەت بۆ ئەوەی خۆی بە هێز و بە توانا نیشان بدات، پڕۆژەی ئابووری زەبەلاح لە ئامێزی سرووشت پێشدەخات و بە لەناو بردنی سرووشت درێژە بە مانەوەی دەسەڵاتداری خۆی دەدات. زیهنیەتی تەک تیپ گەرایی کۆمەڵگا و ناوەندگەرایی رژێم وای کردووە کە کوردستان ببێتە گۆڕستانی ژینگە و بە پاساوی رێگا و بان، کەڵک وەرگرتن لە ئاوە سرووشتیەکان و کانگەکان، سرووشتی تێکداوە و بە بەنداوسازی جۆگرافیای بەهەشتی کوردستانی وێران کردووە. تایبەت بەنداوسازی و رێگاوبان و کانگەی لەرادەبەدەر وای کردووە کە ژینگە لە خۆزابوونی خۆی دەربخرێت و هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و سرووشت لەناو بچێت و هەڵی دەرفەتی ژیان بۆ مرۆڤ و بوونەوەران لەبار ببردرێت. دیاردەی بێکاری، هەژاری، کۆچبەری، گرانی، چۆڵ کردنی گوندەکان و گەورەبوونی لەرادەبەدەری شار لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی رژێم سەریهەڵداوە و تا ئەو سیاسەتی دژە ژینگەیەی بەردەوام بێ، ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیانە وەک شێرپەنجە گیرۆەدەی کۆمەڵگا دەبن و ژیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە.

مەترسیدارترین پیلانی رژێمی داگیرکەری ئێران لەسەر خاکی پڕ پیت و بەرەکەتی کەوانی زێڕین و سرووشتی رەنگاوڕەنگی ئێران، ژارگرتوویی(مسمومیت)، سووانەوە (فرسایش) و نەزۆک کردنی خاکە کە لە پێناو قازانج _ سەرمایە پەرەی پێداوە. ئەوەش بووەتە هۆکاری کاوڵکاری خاک و دابەزینی بەرهەمی بە پیتی زەویە کشت و کاڵیەکان. پڕۆژەکانی سوپای پاسداران لە کوردستان چەندێک فراوانتر دەبەن، ئەوەندە سرووشتی کوردستان لەناو سووانەوە و پووکانەوەدا دەهاڕدرێت و رێگا بۆ روودانی کارەساتە سرووشتیەکان خۆشتر دەکات. رژێم دەیەوێت ئەو تاوانە سرووشتیەی کە ئەنجامی داوە، بە پاساوی جیاواز پەردەپۆش بکات و خۆی بە بێ تاوان لە قەڵەم بدات. بۆ نموونە سووانەوەی خاک لە ئێران تەنیا سەرچاوەکەی لە باو بۆران و بەرزی و نزمی هاڵاو نییە. چون دەوڵەت و مۆرەکانی گەورەترین دەزگا و رێکخراوەی وێرانکاری سرووشتن. کۆی هۆکارەکانی تر بە کردەوە و پیلانەکانی رژێمەوە بەندە.

کۆمەڵێک هۆکاری دیکە کە رۆڵی لە وێرانی ژینگە هەیە و بە کار و چالاکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدرێت، کردەوەکانی وەک؛ بە کارهێنانی لەرادەبەدەری ئاو، لەناوبردنی سەرچاوەکانی ئاو و پیس بوونی ئاوەکانی ژێرزەوی، کشت و کاڵی لە رادەبەدەر، ئاودێری زەوی و زارە کشت و کاڵیەکان، لەوەڕاندنی لەرادەبەدەری مەڕو ماڵات لەناو دەشت و هەردەکان، لەناوبردنی دارستان، بە چۆڵ کردنی دەشت و دەر، شەڕ و بەرقەراری کەشی ئەمنی، درووست کردنی رێگاوبان، هەلکەندنی بیری ئاوی قووڵ و بەنداوەکانە.

لەبەر ئەوەی لەروانگەی رژێم تەوەرەیەک بە ناوی ژینگە پارێزی و گەڕانەوە بۆ ئامێزی سرووشت بوونی نییە، پێشگرتن لە وێرانی سرووشت زۆر ئەستەمە. چونکا سرووشت پارێزی بابەتێکی ئەخلاقی و ویژدانییە. ئەوەش لە سەردەمی منداڵیەوە فێری مرۆڤەکان دەکرێت. بەڵام روانگەی پەروەردەیی رژێم بە تەواوی دژە ژینگەیە. کۆمەڵێک درووشمی بریقەداری رژێم وەک؛ (شاری ئێمە، ماڵی ئێمەیە) کە بەرزیان کردووەتەوە، تەنیا بۆ داپۆشینی کردەوە دژە سرووشتیەکەیەتی. واتا پەروەردەی دەسەڵات ئەو لۆژیکە لەلای کۆمەڵگا درووست ناکات کە پاراستن لە ژینگە بکات. بەڵکوو بە پێچەوانەوە تاکێک پەروەردە دەکەن کە بە تەواوی دژە سرووشت بێ و بە زیان گەیاندن لە سرووشت، چێژ وەردەگرێت. نموونەی ئەو سووتانی دارستان، راوچێتی ئاژەڵان، پیس کردنی ژینگە، بڕینەوەی دارەکان، مشتێک لەخەرمانی دژە سرووشتیەکانی رژێمە کە هەڕەشەی جددی بۆ لەناوبردنی ژینگەی تەندروستی ئێران درووست کردووە.

تەنانەت جیا لەوەی کە رژێم تاکی دژە ژینگە پێدەگەیەنێت و سەرجەم تۆڕەکانی دەسەڵات لەسەر ئەو زیهنیەتە دامەزراون، ئەو کەس و رێکخراوانەی کار و باری ژینگەیی رادەپەڕێنن، بە تۆمەتی سیخوڕی و گەندەڵی سەر زەوی تاوانبار دەکرێن. واتا لەروانگەی رژێم چالاکی ژینگەیی یەکسانە لەگەڵ سیخوڕی و گەندەڵی سەر زەوی. هەڵسووکەوتی نابەرپرسیارانە و ئەمنیەتی رژێم لە بەرامبەر چالاکانی ژینگەیی لە ئێران، سیاسەت و نیازپاکی رژێم لە بەرامبەر ژینگە دەخاتە ڕوو. تاوانی ژینگەپارێزێک داخۆ لەئێران و کوردستان چییە؟! مەگەر جیا لە بووژانەوەی رووەکی سرووشت و رواندنەوەی داربەڕووی زاگرۆس و بەرگری لە ئاژەڵان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاشتی مرۆڤ لەگەڵ سرووشت چ تاوانێکی دیکەی هەیە کە ئەمڕۆ کاربەدەستانی رژێم لە رێکخراو و چالاکانی ژینگەیی تۆقاوە؟ تەنانەت کار گەهێشتووەتە ئەو ئاستەی کە چالاکانی ژینگەیی وەک کاک شەریف باجووەر و هەڤاڵانی لە لایەن مۆرەکانی رژیم تیرۆر بکرێن و ئەو شەپۆلە پەلکێشی سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە. بۆیە شانۆنامەی ئەمنیەتی رژیم لە دژی چالاکانی ژینگەیی لەبنەڕەتدا مەترسیەکی جددی بۆ سەر سرووشتە. هەروەها شەپۆلی گرتن و قۆڵبەست کردنی چالاکانی ژینگەیی، دابڕانی قووڵی رژێم لە سرووشت دەخاتە ڕوو.

رژێمی داگیرکەری ئێران جیا لەوەی کە دژی مرۆڤ، کۆمەڵگا، ئازادی و دیمۆکراسییە، دژی ژینگە و سرووشتیشە. واتا رژێم دژی خۆبوون و خۆزایی بوونی بوونەوەرانە. رژێم بە سەرهەڵدان لە بەرامبەر سرووشت، لە بەرامبەر خوداوەند سەریهەڵداوە و ئەوەش گەورەترین تاوانە کە دەبێ رژێم باجی تاوانەکانی بداتەوە. ئەو کردەوەیە لە ئێستا دەکەوێتە خانەی تاوانە قورسەکانەوە کە بە پێی یاسای خودی رژێم، بە تاوانی شەڕ لە دژی خودا، پێویستە دادگایی بکرێت. چون سەرهەڵدان لە بەرامبەر سرووشت و سووربوونی لەسەر حوکم کردن و زاڵبوون بە سەریدا، گەوهەری هەڵکشانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە ناخی رژێم وێنا دەکات. رژێم بە تێکدانی سرووشت دەیەوێت هەژمۆنی بە سەر سرووشت و کۆمەڵگا درووست بکات. چون لە لۆژیکی رژێم ئەوە سەروەرە کە جیهان فەتح بکات و جیهانێکی ئیسلامی شیعە بونیاد بنێت کە رەنگ و بۆنی ژینگەی پێوە نەبێت. رژێمێک کە بە لۆژیکی داگیرکاری دەیەوێت لەسەر پێ بمێنێ. رژێمێکە کە سێیانەی مرۆڤ، کۆمەڵگا و سرووشت لەلای بێ نرخ و بێ بەهایە. واتا ئەو سێیانە رۆژانە لە لایەن رژێمەوە رووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە.

لە ئێران رۆژی ١٣ی خاکەلێوەی(سێزدە بەدەر)، بە دوا رۆژی جەژنی نەورۆز و رۆژی سرووشت لە قەڵەم دراوە. لەم رۆژەدا خەڵک بە پێی داب و نەریتی کۆمەڵگا لە ماڵەکانیان دەردەکەون و روو دەکەنە دەشت و دەر و باخ و باخات، تا دوا رۆژی جەژن، لە ئامێزی کەژ و کێو و دەشت و دەر و داوێنی سرووشت بەرنە سەر و بەڵێن و پەیمانیان لەگەڵ سرووشت نوێ دەکەنەوە.

رۆژی سرووشت؛ وەک داب و نەریتێکی ئێرانیانی کۆن بە بۆنەی سەرکەوتنی خودای باران بە سەر دێوی ویشکەساڵی دا جێژن گیراوە. چۆن لەم رۆژەدا بە پاڕانەوە و دۆعای خەڵکی چاو لە دەستی باران، دێوی وشکساڵی لە ناوچووە و بارانی رەحمەت، خەم و پەژارەی گەلی رواندوەتەوە. بۆیە لە بەردەوامی هەمان رێچکە دا ئەمڕۆ گەلانی ئێران بۆ رزگار بوون لە زۆڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێران، پەنا دەبەنە بەر ئامێزی سرووشت تا لە دێوی خامنەیی رزگاریان بێت و ئارامی بە زەین و رۆحیان ببەخشن. واتا رۆژی سرووشت نابێ تەنیا بە رۆژی چوونە دەرەوە و سەرکردنەوەی داوێنی سرووشت و بەستنەوەی ژیان بە سرووشتەوە سنووردار بکرێ. چونکا ئەوە پێناسەیەکی بەرتەسکە.

رۆژی سرووشت بۆ هەر تاکێکی ئێرانی پێویستە بە واتای رۆژی سەر لەنوێ لە دایکبوون، رۆژی رزگاری لە چڕنۆکی داگیرکەری و کۆیلەتی و گەڕانەوە بۆ ئامێزی سرووشت و ئاشتی لەگەڵ سرووشت و گەڕانەوە بۆ گەوهەری خۆ و دادگایی کردنی رژێمی دژە ژینگەی ئێران لە قەڵەم بدرێت. ئەو رۆژەیە کە مرۆڤەکان بەڵێنی پاراستنی سرووشت و بەرگری لە ژینگە بە خۆ و کۆمەڵگاکەیان دووپات دەکەنەوە. چون بە چەکی پاراستن و بەرگری لە ژینگە دێوی رژێمی داگیرکەری ئێران لەناو دەچێت و لەسەر بنەمای پارادیگمای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ژینگەپارێز و ئازادی ژن، ژیانی ئازاد و دادپەروەر، مسۆگەر دەبێ. هەر کۆمەڵگایەکی ئێکۆلۆژی لە ئێران کاتێک بە شێوەی رێکخستن و مەعریفەیەک بونیاد بنرێت و و زیهنیەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دەرباز کردبێت مانادار دەبێ. واتا تا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاک و کۆمەڵگادا مەعریفە، رێکخستن و ئیرادەیەکی کردەوەیی پێکنەیەت کە سەرمایەداری، ئیندوستریالیسم و دەوڵەت _ نەتەوەی دەرباز کردبێت، کۆمەڵگای ئێکۆلۆژی ئاوا نابێ. بۆیە تاک و کۆمەڵگا بۆ بونیادنانی ئەو کۆمەلگایەی کە گەرەنتی بوونیان مسۆگەر دەکات، دەبێ لە هەوڵی جێ بە جێ کردنی ئەو خاڵانەدا بن. هاوکات پێشیگرتن و رێگری لە وێرانکاری و پیس کردنی ژینگە، ئەرکی ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەی هەر تاکێکە کە بڕوای بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. تاک و کۆمەڵگا بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی بونیاد بنێن، پێویستە زانست و هۆشیاری ژینگەیی لە کەسایەتیاندا پەرە پێ بدەن. واتا چەندە زانستی ژینگەیی پەرە پێبدرێت، بەو رادەیە وشیاری پێشدەکەوێت، چەندە وشیاریش پێشبکەوێت، ئەوەندە بزووتنەوەی ژینگە پێشدەکەوێت. لە کۆتادا بەرفراوانترین گۆڕەپانی بزاوتی کۆمەڵگای مەدەنی کە کۆمەڵگای ژینگەییە سەرهەڵدەدات و کۆتایی بە کۆمەڵگای دەوڵەتی دێت کە بە دوور لە چەمکی ژینگە، دیمۆکراسی و ئازادی ژنە.

ساڵی نوێی کوردی و رۆژی سرووشت لەکاتێکدایە کە گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پژاک پیرۆز دەکەن. پیرۆزبایی ئەمساڵ گەلێک بایەخ و گرنگی تایبەتی هەیە و گەلی کورد و ئازادیخوازانی ئێران بە چاندنی نەمام و رازاوە کردنی سرووشت بەرەو پیری ئەو یادە دەچن. چون ٤ی نیسان بۆ گەلی کورد بە واتای سەرلەنوێ لە دایکبوون و وەرچەرخانی مەزن لەژیاندایە. هەر تاکێک بە چاندنی نەمامێک ژیان واتادارتر و سەرسەوزتر دەکات. بۆیە ئەو رۆژە بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆژی ئاشتەوایی و یەکگرتن لەگەڵ ژینگەیە و رۆژی دابڕان لە کۆمەڵگای دژە ژینگە و زهنیەتی دەسەڵاتخوازییە. لووتکەی جەژن و شایی ئەو گەلەیە کە لە چڕنۆکی قڕکردنی کولتووری و ژینگەیی رزگاریان دەبێ. بۆیە ئەو یادە مێژووییە لە هەموو تاکێکی ئازادیخواز و گەلی کورد پیرۆز بێت.

بابەتی پەیوەندیدار