رژێمی ئێران، گیراوانی سیاسی وەک بارمتە لەدژی گەل بە کار دەبات
رژێمی ئێران، گیراوانی سیاسی وەک بارمتە لەدژی گەل بە کار دەبات

رژێمی ئێران، گیراوانی سیاسی وەک بارمتە لەدژی گەل بە کار دەبات

شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” تێپەڕی ٥ مانگ بەرخۆدان و تێکۆشانی نەبەزانەی خۆی دەبێت کە لەگەڵ خۆیدا، گەلێک دەستکەوتی مەزنی مێژوویی تۆمار کردووە. ئەو شۆڕشه‌، به‌تایبه‌تی کولتوورێکی نوێی ژیان و تێکۆشانی لەزەین و هزری گەل و کۆمەڵگادا هێنا ئاراوە کە جومگەکانی دەسەڵاتی بەلەرزە دەرهێناوە. لەبەر ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە بێ جیاوازی بە رەنگ و دەنگی ئازادیخوازنەی خۆیان تێیدا بەشدارن، بەوەش پێگەی دەسەڵاتداری رژێمی هەژاندووە. چوون کولتووری خۆڕاگری و تێکۆشان لەهەموو گۆڕەپانەکانی ژیان بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دەدرەوشێتەوە و ئەو رەوتەی نوێی ژیان و تێکۆشانی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان و جوانان، دەسەڵاتدارانی رژێمی واق وڕمان و تۆقاندووە.
بۆیە رژێم لەپێناو سەرکوت و داپڵۆساندنی ئەو شۆڕشە هەر رێ و رێبازێكی شەڕی تایبەت لەسەر گەل پەیڕەو دەکات. تەنانەت رژێم بێ بەزەییانە و بە شێوەیەکی دڕندانە رۆژانە بە زەبری چەک و ئامێرەکانی تۆقاندن پەلاماری سەر گیراوانی سیاسی، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایانی ئایینی، کرێکاران و بگره منداڵان دەدات. واتا بە برەودانی توندوتیژی، دەیەوێت جارێکی دیکە لەشانۆی دەسەڵاتداری، خۆی بە هێز و توانا نیشان بدات. لەکاتێکدا ورە، باوەڕی، یەکانگیری و هێزی خرۆشاوی گەل لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی سەلمێنەری ئەوەیە کە رژێم لەئاستی هێز و توانای گەل، بێچارە و تووشی سەرلێشێواوی و داڕمان بووە.
دەسەڵاتدارانی رژێم بۆ پەردەپۆش کردنی شکست و هەیمەنەی دەسەڵاتدارییان، لەئاستێکی دڕندەدا روویان لە بەکارهێنانی رێ و رێبازی ئەشکەنجە، گرتن و لەسێدارەدان لەناو زیندانەکاندا کردووە. واتا چەکدارانی رژێم بە لێشاو پەنایان بردوەتەبەر هەڵمەتی رفاندن، شەڕی دەروونی و ئەشکەنجەی گەنجان و ژنانی ئازادیخواز. تایبەت رژێم بەندیخانەکانی کردوەتە شوێنی تۆڵەسەندنەوە، تۆقاندن و تێکشکاندنی ئیرادە و باوەڕی مرۆڤەکان. لەبەر ئەوەی لەپێناو تەسلیم وەرگرتن و دانپێدانانی زۆرەملێ بە سەر گیراوان شەڕی تایبەتی گەیاندووەتە لووتکەو بە تۆقاندن و هۆڤیەتی دەیەوێت دەنگی ئازادی و دیمۆکراسی گەلان کپ بکات.
لەبەر ئەوەی رژێم ئەمڕۆ گیراوانی سیاسی وەک بارمتە لەدژی گەل بە کار دەهێنێت. بۆ داپڵۆساندنی شۆڕش و تۆقاندنی خۆپیشاندەران هەر جارێک رۆڵەیەکی ئازادیخواز دەکاتە قوربانی. هاوکات رژێم بە رێگای شەڕی تایبەت و ئەشکەنجەی بێ سنوورەوە گیراوان ناچاری دانپێدانانی زۆرەملێ دەکات و سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانیان بە سەردا دەسەپێنێت. لەلایەکی دیکەوە بە رێگای گواستنەوە و رێگا نەدان بە بنەماڵە و پارێزەر و کەڵک وەرگرتن لەمافە سەرەتاییەکانیان، شەڕی دەروونی یان لەسەر پەیڕەو دەکات. جیا لەو رێ و رێبازە نامرۆڤانەیە گیراوان لەژێر ئەشکەنجەدا تیرۆر دەکات و بە بانگه‌شه‌ و تۆمه‌تی ناڕەوا، بەرخۆدانی بێ وێنەیان پەردەپۆش و بەلاڕێدا دەکێشێت، تایبەت بە دادگا شانۆییەکان و سەپاندنی سزای داتاشراو، سووکایەتی بە ئیرادە و باوەڕی مرۆڤەکان دەکرێت. هاوکات بە هەڕەشە و گوڕەشەی سەر گیراوان و بنەماڵەکانیان دەیەوێت بگاتە مەرامە چەپەڵەکانی و دیواری خۆڕاگری ئازادیخوازان لەناو بەندیخانەکاندا تێکبشکێنێت. شكاندنی ئێرادەی مرۆڤەكان بەرێگەی زیندانی كردن و سەپاندنی گۆشەگیری توند لەسەریان، چەشنێك لەئەشكەنجەی ئاشكرایە کە رژێم پەنای بۆ بردووە. هاوشێوەی ئەو سیاسەتە ئەمڕۆ لەکەسایەتی هەڤاڵ “زەینەب جەلالیان” و دەیان گیراوی دیکەی ئازادیخواز بە ئاشکرا دەبینرێت کە رژێم لەهەر جۆرە مافی سەرەتایی بێ بەشیانی کردووە و بە دوورخستنەوە و گۆشەگیرکردنی شەڕی تایبەت لەسەر گیراوانی خۆڕاگر پەیڕەو دەکرێت کە ئەوەش، بە واتای پەلامار و هێرش بۆ سەر ئیرادەی ئازاد و راپەڕیوی ژنانە کە تایبەت لەلایەن ژنان، گەنجان و رای گشتی گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێت و ئەو بەرخودانانەش بێگومان دەبێتە هێمای هاندانی تێکۆشانی هاوبەش و دۆزینەوەی شووناس و پتەو کردنی یەکێتی و یەکڕیزی گەلانی ئازادیخواز.
چون رژێمی داگیرکەری ئێران بەناوی یەكدەستكردنی زیندانەكان و سەروەری یاسا و رێسا هەوڵدەدات، کۆی داوا رەواكانی گەلان، نەتەوە، ئایین، باوەڕی، كەلتوور و پێکهاتە فرە رەنگیەكان تەنیا لەچوارچێوەی گوایا تاوانی”موحاربە – دژایەتی خوا”، “دژایەتی ویلایەتی فەقی و بەرپرسانی رژێم”،”ماددەی هۆشبەر”،”كوشتنی بەئەنقەست”،”هەوڵدان دژ بەرژێم” و “ده‌ستدرێژی” بەناو بکات و لەهەمان کاتدا بەگوێرەی خواست و بەرژەوندی خۆی دۆسیە بۆ گیراوان ساز دەكات و بەگوێرەی ئەو دۆسیەسازییە؛ سزا بۆ گیراوان دەبڕێنێتەوە. هاوکات چەکدارانی رژێم زیندانەکانیان کردوەتە گۆڕەپانی شەڕ لەدژی گەل و کۆمەڵگا و تۆڵە و رق و کینی خۆ بەو شێوەیە لەدژی رای گشتی دەردەبڕن و چێژ لە ئەشکەنجە کردنی گیراوان و بنەماڵەکانیان وەردەگرن کە شەپۆلی تووڕەیی و رقی گەل لەدژی دەسەڵات زیاتر دەکات. بۆیە ئەو رێبازە کە ئەمڕۆ رژێم لەدژی گیراوان لەژێر ناوی پەردەی یاساو و رێسا و بوختان و بەرچەسپ لێدان بەڕێوەی دەبات، کردەوەیەکی ناڕەوایە و مایەی پەسەند کردن نییە.
ئەو سیاسەتەی رژێم وای کردووە کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەبنەماڵەی گیراوان لەبەردەم گرتووخانەکان چالاکی ئەنجام بدەن و داوای ئازادکردنی رۆڵەکانیان دەکەن. هاوکات گیراوانی وەک هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و دەیان تێکۆشەری دیکە بە هەموو هێزیانەوە بەڕەنگاری سیاسەتی داپڵۆسێنەرانە و تواندنەوە بوونەتەوە کە بێ ئیرادەکردنی تاکەکان دەکاتە ئامانج، بە مانگرتن و هەڵوێستی رادیکاڵانەیان کۆتایی بە عەقڵیەتی پیاوسالاری و داگیرکەری رژێم دەهێنن. بۆیە ئێمە ستایشی سەرجەم ئەو چالاکیانە دەکەین و گرنگ و بە نرخیان دەبینین و لەو باوەڕەداین کە بەو هەڵوێست و بەرخودانەیان سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر دەکەن. لەو پێناوەدا پێویستە هەر کەس لەدژی تێکشکاندنی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوە لەسەر گیراوان خاوەن هەڵوێست بێت و لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی ئەو سیاسەتە دژە مرۆییە، تێکۆشانی رەوایان بەهێزتر و پتەوتر بکەن.
لەکۆتاییدا جارێکی دیکە لەکەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و سەرجەم گیراوانی رێگای ئازادی، ستایشی بەرخودانی بێ وێنەیان دەکەین و هیوادارین کە هەر گیراوێکی سیاسی، زیندان وەک گۆڕەپانی تێکۆشان لەدژی عەقڵیەتی پیاوساڵاری و داگیرکەری رژێم چڕتر بە کار بێنێت و بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی رفاندن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بە یەکێتی و یەکڕیزی برەو بە تێکۆشانی رەوا و دیمۆکراتیکیان بدەن و بە فەلسەفەی “بەرخوەدان ژیانە” رەوتی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” گەشاوەتر بکەن.

کۆمیتەی پشتیوانی لەگیراوانی سیاسی پەژاک
۵/۲/٢٠٢٣

بابەتی پەیوەندیدار