رژێمی داگیركاری ئێران، لەسەر ئایین و باوەڕی گەلان سیاسەت دەكات.
رژێمی داگیركاری ئێران، لەسەر ئایین و باوەڕی گەلان سیاسەت دەكات.

رژێمی داگیركاری ئێران، لەسەر ئایین و باوەڕی گەلان سیاسەت دەكات.

کومیتەی دین و باوەڕی کۆدار بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان لە لێدوانێک راگەیاند:

پێشوازی موسلمانانی جیهان و كوردستان لەمانگی پیرۆزی رەمەزان لەكاتێك دایە، كە شەڕ و  پێكدادان دەستەو یەخەی ناوچەكەی گرتووەتەوە و تا دەڕوات قووڵاتر دەبێتەوە. بەداخەوە بەشێكی سەرەكی ئەو شەڕە ئەمڕۆ لەژێر ناوی پاراستنی ئایین، مەزهەب و بیرو باوەڕی ئیسلامیەتدا پەیڕەو دەكرێت و لە ژێر ئەو ناوەدا گەلان بە گژیەكدا دەدرێن و رووبەڕووی كۆمەڵكوژی و ماڵوێرانی دەكرێنەوە.

مانگی رەمەزان لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام دا، بە مانگی ئاشتی، تەبایی و لەیەك تێگەیشتنی گەلان ناوزەد كراوە، بەڵام دەوڵەتانی توركیا و ئێران لە ژێر دەمامكی ئایینی ئیسلام دا فتوای كۆمەڵكوژكردنی گەلی كوردیان لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان داوەو داخوازی رەوای گەلی كوردیان كە یەكسانی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئاشتەواییە، پێ‌ هەزم ناكرێت و زێهنیەتی شەڕانگێزی بە سەر گەلانی ناوچەكەدا دەسەپێنن.
رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێك لەو دەوڵەتانەیە كە خۆی بە وڵاتێكی موسڵمان لەقەڵەم دەدات، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئایین لەدژی گەلانی ناوخۆ وەك كەرەستەیەكی سیاسی و  بۆ سەركوت كاری بە كار دەبات، تایبەت لەژێر مۆركی ئایین، مەزهەب و بیرو باوەڕی جیاواز لەكوردستاندا گەلی كوردیان لەسەرجەم مافە سەرەتاییەكانیان بێ‌بەش كردووەو بێ‌رێزی لەبەرامبەر مەزهەب و باوەڕیە جیاوازیەكانی گەلانی ئێران دەكات. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێكەوە ژیان كردنی گەلان و ئاشتەوایی و تەبایی بە بنەما دەگرێت.
لەكاتێكدا گەلانی موسڵمانی ئێران و كوردستان پێشوازی لەبەجێ‌ گەیاندنی ئەركی ئایینی خۆیان دەكەن و ئامادەكاری بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان دەكەن، رژێمی داگیركەری ئێران واجباتی چوونی حەجیان لەبەر ململانێ‌ سیاسی، لەموسڵمانانی ئێران قەدەخە كرد و وەك كەرەستەیەكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەكات. ئەو كردەوەش سەلماندی كە رژێمی ئێران هیچ پەیوەندیەكی بە ئیسلامیەتەوە نییەو تەنیا لەسەر دین و باوەڕییەكان سیاسەت دەكات و بە گوێرەی بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازی خۆی چەواشەكاری و هەڵگەڕاندنەوەی تێدا دەكات. ئەو بڕیارەی كاربەدەستانی رژێم بێ‌رێزی و سووكایەتییە بە سەرجەم موسلمانانی ئێران. چونكە زیارەت كردنی حەج لەلایەن موسلمانانەوە كار و كردەوەیەكی كۆمەڵایەتییە و بە سیاسی كردنی ئەو ئەركە ئایینییە، ئیسلامی بوونی ئەو دەوڵەتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
داوا لەگەلانی موسلمانی ئێران دەكەین كە نەكەونە ژێر كاریگەری سیاسەتی خۆسەپێنەری رژێمی ئێران و دەستێوەردانی ئەو رژێمە لەكاروباری ئایینی و باوەڕییەكانیان پەسەند نەكەن و كاردانەوەیان دژ بە سیاسەتی بەهرەكێشی و ئیستسمار لەدین هەبێت.
كۆمیتەی دین و باوەڕی كۆدار
17/3/1395

بابەتی پەیوەندیدار