زمانی رژێمی داگیرکەری ئێران، تەنیا زمانی گرتن و شەڕە
زمانی رژێمی داگیرکەری ئێران، تەنیا زمانی گرتن و شەڕە

زمانی رژێمی داگیرکەری ئێران، تەنیا زمانی گرتن و شەڕە

رژیمی داگیرکەری ئێران شاڵاوێکی بەفراوانی گرتن، دەستبەسەرکردن، زیندانی و ئەشکەنجەی لە هەموو ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە و بەردەوامی دەکات. بە وەدیهێنانی کەش‌وهەوایەکی سەربازی و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا بەمەبەستی تۆقاندن و ترساندن هەوڵدانێتی بۆ بەستن و لەناوبردنی هەرجۆرە دەرتانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەو هێرشە هەمەلایەنەیە لەسەر گشتی گەلان و هەموو جیاوازییەکانی کۆمەڵگایە. بە لەناوبردنی بەستێن و دەرفەتی هاتنە لایەکی گەل، دەیهەوێ شەقام لەهێزی پێشەنگی گەل دابماڵێ و بە روانگەی ئەمنی گەل و کۆمەڵگا داپڵۆسێنێت.

دیارە کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکدا دووچاری تەنگ‌وچەڵەمەیە و لە ئەوپەڕی ناسەقامگیری دایە. بۆیەش دەیهەوێ بە زەبروزەنگ و توندوتیژی جەستەی نزیک بە هەڵوەشانی لە داڕمان و پووکانەوە بپارێزێ. ئەوەی کە دەبیندرێ راگەیاندنی شەڕە لەبەرامبەر کۆمەڵگا و پەلکێش‌کردنێتی بەرەو توندوتیژی و شەڕانگێزی. کۆماری ئیسلامی پاش چل ساڵ نایهەوێ بڕوا بە ناڕزایەتی و دژایەتی گەلانی ئێران بهێنێ و هێشتاش لەو بڕوایەدایە کە خاوەنی پاڵپشتی زۆرینەی گەلانە و لەماوەی دەسەڵاتدارێتی چەوسێنەرانەیدا توانیوێتی بە هەموو جۆرێک وەڵامی داخوازی و ویستی گەلان و نەتەوەکانی ئێران بداتەوە. بێگومان ئەوە تەنیا وەهمێکە لە مێشکی دەسەڵاتدارانی ئێرانیدا. ناکارەمەیی و گەندەڵی رژێم بە هەموو شێوازێک بۆ کۆمەڵگا سەلمێنراوە و ئیتر ناتوانێ بە درۆ و چەواشەکاری پێش بە خواست و ویستی رەوای گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە بگرێ.

رژێم بەر لە هەمووشتێک دیهەوێ نکۆڵی لە زات و سروشتی سیاسی پرسەکانی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی گەڵانی ئێران بکا و بە سەپاندنی روانگەی ئەمنی و داتاشێنی تاوان گەل تیرۆریزە و سەرکوت بکات. هەڵبەت پێناسەی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەت برێتیە لە راهێنانی کۆمەڵگا بە مەبەستی بەردەوامی دان بە سیستەمی ئەرباب ‌ـ رەعییەتی و ئەو پێناسەیە زۆر دوورە لە روانگەی گەلانی ئێران کە سیاسەت وەک بەستێنی تێکۆشان بەرەو ئازادی دەبینن. کۆماری ئیسلامی هەبوونی کۆمەڵگا وەک مەترسی دەبینێ. واتە نەک تەنیا خواستی سیاسی و رەوای گۆمەڵگا لەبەرچاوناگرێ، بەڵکوو نکۆڵی لەهەبوون و ڕادەربڕینی دەکا. بە دوژمن دیتنی کۆمەڵگا و بە هەڕەشە سەیرکردنی، هەبوونی سیاسی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە و روانگەی ئەمنی بەسەر هەموو شوێن و کاتێکدا زاڵ دەکا. سڕینەوەی پرسەکان و لەناوبردنی کەش و فەزای سیاسی لە هەمان کاتدا بنەبڕکردنی شوناس و هەبوونی کۆمەڵگایە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە گەلانی ئێران و کۆمەڵانی خەڵک لەسەر ئەو بڕیارەن کە بەدوور لە رێبازی توندوتیژی و هێرش و هەڕەشە بە شێوازی ئاشتیخوازانە و دیمۆکراتیک پرسەکانی خۆیان لەتەک دەسەڵات چارەسەر بکەن. بەردەوام بە رێبازی هێمنانە و دیمۆکراتیک هەوڵدانیان بووە بۆ چارەسەری پرسەکانیان و هەتا ئەو جێگایەی کە توانیویانە لە بەکارهێنانی توندوتیژی خۆیان پاراستووە. پێداگری گەلان و کۆمەڵگاکانی ئێران بۆ هەموو کەس ئاشکرایە و سوورن لەسەر ئەو رێبازە. بەڵام وەک دەبیندرێ کۆماری داگیرکەری ئێران تەنیا زمانی شەڕ و گوشار دەزانێ و بە روانگەی ئەمنی سەیری بابەتەکان دەکا. ئەوەی کە روودەدا کۆمەڵکوژییەکی سیاسی و قڕکردنی کۆمەڵگایە. رژیم دیهەوێ بەشێکی کۆمەڵگا لە هەمبەر ئەو بەشەی دیکە بۆ بێدەنگ‌کردن و سەرکوتکردن بە بارمتە بگرێ. هەڵبەت لەو پێناوەدا هەموو دەرفەت و ئیمکانی خۆی وەگەر خستووە.

وەک ئاماژەی پێدرا، رژیم لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە و بۆ بەهێز نیشاندانی خۆی سیاسەتی سەرکوت و لەناوبردنی ناڕازیان و دژبەران دەگرێتەبەر. بەشێکی ئەو دۆخە و کرداری کۆماری ئیسلامی مەسرەفی دەرەکی هەیە و دەیهەوێ بە سیستەمی جیهانی بێژێ کە مەجال و دەرفەتی دەستێوەردان نادا و هەروەها لە بواری ناوخۆییشدا  هەر جۆرە دژایەتی وەک دەستی دەرەکی نیشان دەدرێ. هەوڵدانێتی بەوجۆرە خۆی بەهێز نیشان بدا و بیسەلمێنێ کە هێچ جۆرە کێشە و نائارامی تێدا بەدی‌ناکرێ. هەڵبەت ئەوە زیاتر لەوەی کە نیشانەی توانا و کارامەیی دەسەڵات بێ، بێدەرەتانی و قەیراناوی بوونی دەسەلمێنێ. هەروەها دەیهەوێ لەو پێواژۆیەی کە هەتا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ماوە، بە بنەبڕکردنی ویست و داخوازی جیاواز و نەهێشتنی بەردەنگی پرسەکان، لە شکل‌گرتنی هەرجۆرە تەڤگەر و جم‌وجۆڵێکی بەڕێکخستنکراو و خاوەن کاریگەری سیاسی پێشگیری بکا. تا بەوجۆرە بە خەیاڵێكی ئاسوودە بەرەو هەڵبژاردنێکی دیزاین کراو و بێ‌‌مەترسی هەنگاو هەڵگرێ. هەموو ئەو کەسانەی کە به‌جۆرێک توانای پێشەنگایەتی کردنی کۆمەڵگایان هەیە دەکرێنە ئامانج و لەناو دەبردرێن. پاش هاتنی رەئیسی بۆ کرماشان ئەو رەوتە لە تەشەنەدایە.

هەموو لایەنەکان و پارت و حیزبە سیاسیەکان دەبێ وشیار و ئاگادار بن کە ئەو هێرشانە سەبارەت بە هێز، بەرە، لایەن و بیروبۆچوونێکی تایبەت نییە و بە گشتی هەموو کۆمەڵگا لەخۆدەگرێ و سەرجەم جیاوازییەکان بەئامانج دەگیردرێن. تەنانەت پانتایی هێڵی نوێ ئەو هێرشە دەستدرێژیە بۆ سەر بەشێکی گرینگ لە نەرخەکانی کۆمەڵگا و لەناو ئەوانەدا بنەماڵەی شەهیدان و خەباتکارانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیش دەگرێتەوە. نابێ لەوەها دۆخێکدا دەرفەت بدرێ کە ئێران لە کەش‌وهەوای جەنگی کەڵک وەرگرێ. هەموو لایەنەکان بەرپرسیارن و دەبێ خاوەن هەڵوێستی کرداری بن. ئێمە وەک کۆدار وێڕای مەحکووم و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە، بانگەوازی لە هەموو پارت و رێکخراوکانی کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکانی مافی مرۆڤ، رۆشنبیران و بە گشتی ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی کۆمەڵایەتی دەکەین لە دژی ئەو قڕکردنی سیاسیە خاوەن هەڵوێست بن و یەکڕیزی و یەکێتیان لەبەرامبەر فاشیزمی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن، دەرفەتی تیرۆریزەکردنی تێکۆشانی دیمۆکراتیکی گەلان ئێران و بەتایبەت گەلی کورد نەدەن و کۆمەڵگا بێ‌پاراستن نەهێڵن.

کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ـ کۆدار

١٨/١/٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار