ساڵێك بە سەر سەپاندنی گوشەگیری دژوار لە دورگەی ئیمراڵی بە سەر رێبەر ئاپۆ

ساڵێك بە سەر سەپاندنی گوشەگیری دژوار لە دورگەی ئیمراڵی بە سەر رێبەر ئاپۆ

ساڵێك بە سەر سەپاندنی گوشەگیری دژوار لە دورگەی ئیمراڵی بە سەر رێبەر ئاپۆ، تێپەر بوو. رژێمی فاشیستی توركیا، بە پێشێل كردنی هەر چەشنە پێوانیكی ئەخلاقی و مرۆڤی و تەنانەت بە پێشێل كردنی هەموو یاسا حقوقیەكانی نیونەتەوەیی، ماوەی ساڵێكە كە رێگە نادات هیچ چەشنە چاوپێكەوتنێك لە گەڵ رێبەر ئاپۆ بكرێت.

بێگومان ئەم كردەوەی رژێمی توركیا، كردەوەیەكی دوژمن كارانە لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كوردە. لە كاتێكدا رژێمی توركیا دەستی بۆ كردەوەیەكی وەها درندانە كرد كە رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری كێشەی كورد بە رێبازی ئاشتیانە و دیمۆكراتیانە، هەوڵدانێك بەرفراوانی پێشخستبوو. هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی گەڵی كورد و پێداگری لەسەر چارەسەر نەكردن و دوژمنایەتی لە گەڵ گەل كورد لە لایەن رژێمی توركیاوە نەتەنیا كۆتایی بەم قۆناخە هێنا ، بەڵكوو بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا دەستی بە كۆنسێپتی لە ناو بردن و قڕ كردنی گەلی كورد كرد. بەرێوەبردنی سیاسەتی گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ بە واتای ئیعلان كردنی شەڕێكی هەمە لایەنە لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستانە. بەرفراوان كردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەم رژێمە لە باكووری كوردستان، گرتنی بە هەزاران چالاكوانی سیاسی و مەدەنی و ئاستەنگ كردنی دەربرینی هەر چەشنە ئیرادەیەك لە لایەن گەلی كورد لە باكووری كوردستان، هەوڵدان بۆ ئاژاوەگێری و گێرە شێوینی لە نێوان لایەنە كوردەكان لە رۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی هاوشێوە لە نێوان هێزە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، نموونەی ئەم كردەوانەن كە لە لایەن ئەم رژێمەوە لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان پێشدەكەوێت. بەرفراوان بوونەوە و سیستەماتیزە كردنی ئەم هەوڵدانانە دوابەداوی بریاری گۆشەگیری بەسەر رێبەر ئاپۆ بە هەڵكەوت نییە و پێوەندی راستەوخۆی بەم بابەتەوە هەیە و بریاری شەڕێكی بەرفراوان لە بەرامبەر سەرجەم گەلی كورد لە لایەن ئەم رژێمەوە دەسەلمێنێـت. پێشخستنی ئەم پیلان و سیاسەتانە لە قۆناخێك دا كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست قۆناخێكی مێژوویی بەرێوە دەچێت و هەوڵدان بۆ سەر لە نوێ دیزاین كردنەوەی هەرێمەكە لە ئارادایە، واتا دارە و ئەمە بەواتای كایە پێكردن بە چارەنووسی گەلی كوردە.

گەلی كورد لەم قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا رووبەرووی هێرشی لەم چەشنە هاتۆتەوە و لە هەڵوێستی گەلی كورددا زۆر ئاشكرایە كە بە هێچ شێوازێك هیچ چەشنە هەوڵدانێكی دوژمنكارانە پەسند ناكات و بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە رەواكانی خۆی هەتا دوایی پێداگری دەكات. پێویستە هەموو داگیركەرانی كوردستان و بەتایبەت رژێمی توركیا بە باشی لەم بابەتە تێبگەن كە وەك چون گەلی كورد بە ساڵانە لە بەرامبەر ویستی داگیركاری و تەسفیەكاری دوژمنان بەرخۆدانێكی مێژوویی كردووە و هیچ كات چارەنووسی سەپێنراو لە لایەن داگیركەرانی پەسەند نەكردووە، لەم قۆناخەش دا هەوڵدانی لەم شێوازە و بەتایبەت كردەوەی لە چەشنی كردەوەكانی رژێمی توركیا و بەزاندنی هێڵی سووری گەلی كورد بێوەڵام ناهێلێتەوە. بێ گومان هەروەك چۆن رژێمی توركیا پیلانی قڕ كردنی نەتەوەیی بەسەر گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان دەسەپێنێت، لە بەرامبەردا پێویستی بە هەڵوێستێكی یەكگرتووی سەرجەم گەلەكەمان و سەرجەم پارت و لایەنە كوردەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان هەیە. تێكۆشانی هاوبەش و هەمەلایەنە لە بەرامبەر هەوڵدانەكانی رژێمی توركیا بە شێوەی جیاجیا، ئەركی سەركی سەرجەم لایەنە كوردیەكانە و ئەمە خاوەن گرینگیەكی ئیستراتیژیكە بۆ چارەنووسی گەلی كورد.

وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان جارێكی تر پابەند بوونی خۆمان بە رێبەر ئاپۆ و چەمكی ئایدۆلۆژی ئەو دووپات دەكەینەوە. هاوكات رژێمی توركیا وشیار دەكەینەوە كە دەست لە كردەوەی دوژمن كارانە لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد بەربدات. هاوكات بانگ لە حكوومەتی دیمۆكراتەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین كە كۆتایی بە پشتگیری خۆی لە رژێمی توركیا بۆ دژایەتی لە بەرامبەر گەلی كورد بهێنێت. پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمركیا ئەم بابەتە بە باشی تێبگات كە پشتگیری كردنی رژێمی توركیا بۆ شەڕێكی لەم چەشنە تەنیا و تەنیا پێگە و رەوایەتی ئەم وڵاتە لە هەرێمەكەدا لاواز دەكات و هیچ چەشنە قازانجێكی بۆ پیلانەكانی ئەمریكا تێدا نییە.

هاوكات بانگ لەسەر جەم گەلی كورد دەكەین كە لەم قۆناخە دا بە چالاكی لە هەموو گۆرەپانەكانی خەبات و لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێبەر ئاپۆ خاوەندارییەتی بكەن و لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ ئاستی تێكۆشان بەرز بكەنەوە.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پەژاك
26.07.2012

بابەتی پەیوەندیدار