سیاسه‌تی بێ ئه‌خلاقی ڕژیمی ئێران به‌رانبه‌ر نرخی شه‌هیدان

سیاسه‌تی بێ ئه‌خلاقی ڕژیمی ئێران به‌رانبه‌ر نرخی شه‌هیدان

گه‌له‌كه‌مان له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دۆخێك‌دایه‌ كه‌ ئامێزی بۆ ئازادی و دیموكراسی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی گه‌لی كورد ئیراده‌ی خۆی راده‌ستی زهنیه‌تی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی ئێران ناكات و لێگه‌ڕینی بۆ سیسته‌م و رێبازێكی نوێی ژیان هه‌یه‌. به‌ڵام ڕژێمی داگیركه‌ری ئێران له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كاریه‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ دانی به‌ ناسنامه‌و ئیراده‌ی ئازادی گه‌لانی ئێران و به‌ تایبه‌ت گه‌لی كورددا نه‌ناوه‌. تایبه‌ت بۆ له‌ناو بردنی ئیراده‌ی ئازادی ناو كۆمه‌ڵگا به‌ سیاسه‌تی ناشیاو و دوور له‌ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگای كورده‌واری بكاته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی بێنرخ و بێبایه‌خ.

رژێمی ئێران له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌كان چه‌واشه‌ بكات، له‌ناو بردنی به‌ها و نرخه‌كانی كۆمه‌ڵگای كردوه‌ته‌ ئامانج. به‌ تایبه‌ت رژێمی شه‌ڕی تایبه‌تی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌تێكۆشان و ئازادی دووربخاته‌وه‌، هه‌ڵمه‌تی ڕه‌شكردن و كه‌مپینی دوورخستنه‌وه‌ی له‌نرخی شۆڕش و كۆمه‌ڵگای له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌. ئامانجی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش به‌ مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی شك و گومان و دوودڵی و له‌ناو بردنی سه‌نگه‌ره‌كانی ئازادی و دیموكراسیه‌.

ئه‌وه‌ش ڕاشكاوانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ی رژێم به‌ واتای پاكتاوكاری و نكۆڵی له‌ چه‌مكی وڵاتپارێزی و به‌رخۆدانه‌. تایبه‌ت رژێمی شه‌ڕی تایبه‌تی ئێران و ده‌زگاكانی به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی ناڕه‌واو دوور له‌ڕاستی ده‌یه‌وێت راستیه‌كان چه‌واشه‌ و درۆكان وه‌ك ڕاستی ده‌رخواردی گه‌ل بدات. رژێم به‌ ڕهش‌كردنی بزاڤی ئاپۆیی ده‌یه‌وێت ڕۆخساری دڕنده‌ی خۆی جوان و شۆڕشگێڕه‌كانیش تیرۆریست و گێره‌شێوێن نیشان بدات. تایبه‌ت ئه‌و رژێمه‌ رۆڵه‌كانی كورد ده‌ستگیر ده‌كات و ئه‌شكه‌نجه‌و له‌سێداره‌یان ده‌دات و به‌ پلانگێڕی چه‌په‌ڵ و به‌هێرش كردنی ناڕه‌وا ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد شه‌هید ده‌كات. به‌ڵام له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌و سه‌ره‌خۆشیان لێده‌كات و به‌ڵێنی بێبنه‌مایان پێ ده‌دات و به‌وه‌ش ده‌یه‌وێت كاردانه‌وه‌ی گه‌ل له‌دژی خۆی دابمركێنێت و به‌ رژێمێكی دادپه‌روه‌ر خۆی له‌قه‌ڵه‌م بدات.

تایبه‌ت له‌م دواییانه‌دا له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی وزه‌ی شۆڕشگێڕی تێدا به‌هێزه‌، به‌كرێگیراوانی رژێم به‌نیازی زۆر چه‌په‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ به‌خشینی بڕێك ماددیات هه‌وڵی له‌ناو بردنی نرخی مه‌عنه‌وی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ كه‌ به‌خوێن نه‌خشاندوویانه‌ بدات. واتا رژێمی داگیركه‌ری ئێران به‌ فرت و فێل و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی هۆڤانه‌ هه‌ڵمه‌تی بێنرخ كردنی به‌های مه‌عنه‌وی بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمانی به‌ به‌خشینی چه‌ند په‌توو و سه‌لاجه‌و بڕێك كه‌ل و په‌لی ناو ماڵ و خوارده‌مه‌نی ده‌ستپێكردووه‌. ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین سووكایه‌تی ئه‌و رژێمه‌ به‌ میراتی به‌رخۆدان و ڕه‌نجی بێوچانی گه‌له‌كه‌مانه‌ كه‌ سنووری ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تی به‌زاندووه‌. هاوكات كاربه‌ده‌ستانی رژێم له‌كاتی شه‌هید بوونی گه‌ریلایه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و هه‌ڤاله به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ تا به‌ڵگه‌یه‌كی به‌ ناو ده‌زگای شه‌هیدانی رژێمی ئێران واژۆ بكات، ئه‌و داخوازه‌ چه‌په‌ڵه‌ی رژێم له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ناو ئێش و ئازارێكی مه‌زندایه‌، له‌و كات و ساتانه‌دا رژێم ده‌یه‌وێت ئه‌و داخوازه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی بنه‌ماڵه‌كان قه‌بووڵی بكه‌ن و به‌ بێ ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كان ناوه‌ڕۆكی نووسراوه‌كه‌ بزانن واژۆیان پێ ده‌كات. ده‌بێت بنه‌ماڵه‌ شۆڕشگێڕه‌كانمان له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی رژێمی شه‌ڕی تایبه‌تی ئێران ئاگادار بن و به‌ وریایی و هه‌ستیاریه‌وه‌ بجووڵنه‌وه‌ و هیچ جۆره‌ به‌ڵگه‌یه‌كی رژێم له‌و كات و ساتانه‌دا واژۆ نه‌كه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ پێویسته‌ بنه‌ماڵه‌كانمان یه‌كێتی ریزه‌كانیان پته‌وتر بكه‌ن و به‌ خاوه‌ندارێتی له‌ره‌نجی رۆڵه‌كانیان ئه‌ركی مێژوویی و مرۆڤایه‌تی كه‌وتۆته‌ سه‌رشانیان جێ‌به‌جێ بكه‌ن و به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین گورز له‌سیاسه‌تی نه‌گریسانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بده‌ن و سیاسه‌ته‌كانیان مایه‌پووچ بكه‌نه‌وه‌.

له‌كۆتایی دا به‌كرێگیراوانی رژێمی داگیركه‌ری ئێران ووشیار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام كردنی ئه‌و رێبازه‌ چه‌په‌ڵه‌ هه‌ڵوێستی پێویست ده‌گرینه‌ به‌ر و پێویسته‌ رژێم به‌ زووترین كات ده‌ست له‌سیاسه‌تی دوور له‌پێوانی ئه‌خلاقی و مرۆڤایه‌تی به‌ربدات و ڕێز له‌نرخ و ئێش و ئازاری گه‌له‌كه‌مان بگرێت.

 

كۆمیته‌ی شه‌هیدانی کۆمەڵگای دیموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستان ─ KODAR
26.06.2015

سەرچاوە:‌ ماڵپەری فەرمی کۆدار

بابەتی پەیوەندیدار