سیستەمی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان KJAR دامەزرا

سیستەمی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان KJAR دامەزرا

بۆ رای گشتی و ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران

بە بەرز راگرتنی ئاستی تێكۆشانی ئازادی خوازانە و بەرخۆدان لە سەر هێڵی فیدایی ”شەهید شیرین عەلەم هوولی، ساریا، بەرفین و ئەویندار” نەتەوەی دێمۆكراتیك رێك بخەین و كۆتایی بە عەقڵییەتی پیاوسالار و هەر چەشنە توندوتیژی دژ بە ژنان بهێنین!

چوارەمین كۆنفرانسی یەكێتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان YJRK لە ژێر درووشمی “بە قووڵ بوونەوە لە سەر ئایدیولۆژی رزگاری ژن، خۆرێوەبەری دیموكراتیك ساز بكەین” پێك هات. كۆنفرانس لە قۆناخێكی زۆر هەستیاردا كە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی بەرەو ئاڵوگۆڕی جیدی هەنگاوی ناوە، پێك هات. ئەم ئاڵ وگۆڕانەی كە پێك هاتووە ئەنجامی تێكوشانی ئازادیخوازی گەلان لە هەرێمەكە دایە. بە تایبەت لە قۆناخی بەهاری گەلاندا ژنان لە (توونس)ەوە بگرە هەتا رۆژئاوای كوردستان، هێزی پێشەنگ و دیاركەری شۆرش بوون و تەنانەت لەم پێناوەشدا زۆرترین بەدیل و قوربانیان دا. چ لە گۆڕەپانی راپەڕین و چ لە گۆرەپانی شەر دا بە فیداكاری و خۆڕاگری دژ بە رژێمە دەسهەڵاتدارەكان تێكۆشانی ئازادیخوازیان گەیاندە لووتكە.

ئێران یەك لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە بە داسەپاندنی سیاسەتی دژە مرۆڤ و بە تایبەت دژە ژن، كۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تووشی قەیرانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و كەلتووری كردووە. هەموو ئەم قەیرانانەش لە پێشەڵ كردنی مافی گەلان و بە تایبەت ژن سەرچاوە دەگرێت. ئێران لە قۆناخی سەرۆك كۆماری حەسەن روحانی دا بە كاریگەری لە ئاڵ و گۆڕی هەرێم و جیهان، هەروەها نارەزایەتی گەلان لە بەرامبەر سیستەمدا بە شێوازێكی زۆر فۆرمالیتەش بێت، بوو بە هۆكاری ئەوە كە باس لە ئاڵ وگۆڕی كۆمەڵایەتی و بە تایبەت رەوشی ژنان بكات. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەردەوامی سیاسەتی نكۆڵی و قڕكردن، رێژەی ئەو كەسانەی كە لە ساڵی دواییدا لەسێدارە دراون، بە تایبەت رێژەی كۆشتنی ژنانی كورد سەرنج راكێشە و ئەمەش سیاسەتی هەنووكەی ئێران لە كوردستاندا راشكاوانە نیشان دەدات. بەتایبەت ئەو گفتگۆ و ئاڵ وگۆرێكی كە حكومەتی حەسەن روحانی باسی دەكات، لە مژاری رەگەزی ژندا لە بری پێشكەوتن، دواكەوتنێكی مەزنی لە گەڵ خۆی هێنا. دژ بە ئاشكرا بوونی ئەم سیاسەتە، تێكۆشان و نارەزایەتی ژنانی رووناكبیر، چالاك، رۆژنامەوان و هتد ئاستی هۆشیاری ئەوان لە بەرامبەر دۆخەكە دیار دەكات و ئەوەش لە مەڕ بەهێزكردنی خەبات و تێكۆشانیان دژ بەو عەقڵیەتە خاڵێكی گرینگ و پۆزیتیڤە. كۆڵنەدانی ژنانی تێكۆشەر و ئازادیخواز لە بەرامبەر رژێمی سێدارە و دژەژنی كۆماری ئیسلامی ئێران دا، وەكوو شەهید شیرین عەلەم هولی كە لە پێناو بەدەست خستنی سەرەكیترین مافی ژیانی هەموو ژنان لە سیاچاڵەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆڕاگری كرد و لەسێدارە درا، بابەتێكی حاشاهەڵنەگرە. هاوكات لە بەردەوامی ئەو میراسەدا زەینەب جەلالیان، مەهدیە گولڕوو و بە دەیان ژنی دیكە كە ناویان نازانرێت، بە خۆڕاگری و قەبووڵ كردنی هەر چەشنە ئەشكەنجەیەك كۆكی رزگاری دەپارێزن وبە هیچ شێوەیەك سەری تەسلیمیەت دانانەوێنن. ئەگەرچی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دا لێگەڕینی داهاتوویەكی ئازاد هەردەم بەردەوامە، بەڵام تێپەربوون بەرەو قۆناخێكی نوێ لە مەڕ كۆتایی هێنان بە قەیرانە كۆمەڵایەتیەكان ڕووی نەداوە و یەكێتی گەلان و بەتایبەت ژنان بە ڕادەی پێویست پێك نەهاتووە. بۆیە پێكهاتنی یەكیتی ژنان و گەلان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا بۆ درووست كردنی دۆخێكی دیموكراتیك پێویستییەكی سەرەكەیە.

ئەم بابەتانەی ژوورەوە و سیاسەتی هەنووكەیی ئێران بەرامبەر بە ژنان لە ناو كۆمەڵگادا لە كۆنفرانسەكەماندا بە چڕو پڕی شروڤە كرا. بۆ كۆتایی هێنان بەم چەشنە سیاسەتانە، بەشدار بوونی ژنان بە شێوەیەكی ئاكتیڤ لە سیاسەتی دیموكراتیكدا وەكوو مەرجی سەرەكی بۆ گەیشتن بە ئازادی بە بنەما گیرا. هاوكات ئاڵتەرناتیڤی ئەم ژیانە پڕ لە ناكۆكی و تەنگەزاریەی كۆمەڵگا، ژیانێكی كۆمیناڵ و خۆڕێوەبەری دیموكراتیك لە سەر بنەمای كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیك خرایە بەر باس و گوفتوگۆوە كە رێبەر ئاپۆ پێشكەشی كردووە. ئەمەش بۆ چارەسەری كێشەی ژنان لە دۆخی ئێستادا باشترین رێگا چارەیە. لە هەمانكاتدا سیاسەت و پەیمانی هێڵی 3مین كە لە هەرێمدا پێش كەوتووە بە پێشەنگایەتی بزاڤی ئازادیخوازی ژنان دەتوانێ بناغەی پرۆژەی چارەسەری و ئازادی بۆ هەموو گەلان و بەتایبەت ژنان دابمەزرێنێت و ببێتە رێنوێنی تێكۆشانی سیاسی راستەقینە. لە قۆناخی ئەمڕۆكەدا دامەزراندنی سیستەمی كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیكی ژن سیستەمێكی حاشاهەڵنەگرە. ئێمە وەكوو YJRK لە درێژایی چەند ساڵی رابردوودا بۆ گواستنەوەی ئەزموونی سیستەمی دیموكراتیك، تێكۆشانێكی بێ وچانمان بەرێوەبرد. بەڵام كێشەی ژن وەكوو كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستێكی قووڵ و پێویستی بە هەنگاوی نوێ و دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ بۆ چارەسەری هەیە.

بۆیە وەكوو YJRK بە پێی ئاڵ و گۆڕەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەوشی ئێستای كۆمەڵگا و ژنان، بڕیاری سەرلەنوێ دامەزراندنەوەمان بە شێوەی سیستەمی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (KJAR) دا. تەنانەت بۆ تێپەركردنی هەموو ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسیانە كە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە تێكۆشانی ئازادیخوازی ژنان كردوویە بە كۆسپ و دەرفەتی هەر چەشنە خەباتێكی مەدەنی لە كۆمەڵگا و ژنان سەندووە، دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراتیكمان وەكوو ئالترناتیڤ بۆ ژنان بە بنەما گرت. KJAR لە كاتێكدا دادەمەزرێ كە كۆمەڵگای لەبیركراوی ژنان هەتا ئێستاش بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەدەستهێنانی ناسنامەیەكی سەربەخۆ رۆژانە بەدیلی زۆر گرانبەها و مەزن دەدا. بێگومان سەرهەڵدانی گەلانی ئازادیخوازیش لە سەر ئەم بنەمایە بۆ سەرخستنی شۆرشی ئازادی گەلان دەستی پێكردووە و هەتا ئاستێك هاتووە. لە سەرجەم ئەو شۆرشانە دا ژنان بۆ گەییشتن بە سەركەوتن و ئازادی كۆمەڵگاكەیان رۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە. KJAR رێز لە سەرجەم ئەو دەستكەوتانە دەگرێ و وەكوو ئەزموونێكی زۆر بە نرخ دەیانكاتە بناخە بۆ خەباتەكانی داهاتووی.

ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەوسیستەمە ئەوەیە كە لە پێناو گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی ئازاد و دیموكراتیك بۆ ژنان هەنگاوێكی مێژوویی هەڵگرین. دامەزراندنی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (KJAR) بۆ چارەسەری دیموكراتیكی كێشەی ژنان لەم قۆناخەدا مزگینی و هەنگاوێكی مێژووییە. واتە كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (KJAR) سیستەمێكە كە هەموو ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە باوەش دەگرێت و دەبێتە نوێنەری راستەقینەی تێكۆشانی ئازادیخوازانەیان.

كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (KJAR) لە سەر ئەم بنەمایانە بۆ هەڵگرتنی پەیامی ئازادی و دیموكراسی بۆ ژنان، دامەزراوە. بۆیە:

1. KJAR رێخستنی چەترئاسای تەڤگەری ئازادی ژن لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دایە.
2. هەموو سازی و دەزگاكانی KJAR بە ئامانجی دامەزراندنی پارادایمی “كۆمەڵگایەكی دیموكراتیك، ئێكۆلوژیك و ئازادیخوازی ژن” و پاراستنی لە سەر هێڵی پاراستنی جەوهەری، رێكدەخات.
3. KJAR جیاوازی ناسنامە، نەتەوە، چاند و كەلەپوور، باوەڕ و مەزهەب وەكوو دەوڵەمەندی كۆمەڵگا دەبینێت؛ رێكخستنی دیموكراتیك و ئازادی گەل، باوەڕ و چاندەكان وەكوو پرەنسیپی بنەڕەتی نەتەوەی دیموكراتیك دەزانێ. لە سەر بنەمای پێداویستی هەموو بەش و تاكەكانی كۆمەڵگا پاراستنی جەوهەری و بەشداری دیموكراتیكیان پتەو دەكات.
4. گەلی كورد بە پەرسپەكتیڤی “كوردستانی خۆسەر و ئازاد ــ ئێرانی دیموكراتیك” بۆ قەبووڵاندنی ستاتۆی خۆسەری دیموكراتیك تێكۆشان دەكات.
5. KJAR لە دژی سەرجەم پێكهاتەكانی رەگەزپەرستی كۆمەڵایەتی، دەوڵەتپەرەست، نەتەوەپەرەست، زانست پەرەست و دین پەرەستی هیرارشیك و عەقلییەتی باوكسالاری تێدەكۆشێ. هاوكات بۆ تێپەراندنی چەمكی بنەماڵەی كۆنەپەرەست كە بووتە ئامرازی دەسەڵاتداری كۆمەڵگای باوكسالار و سیستەمی مۆدرنیتەی كاپیتالیست و مۆڵكیەتگەرایی لە سەر ژن، تێدەكۆشێ. لە سەر بنەمای زانستی كۆمەڵایەتی و ئازادی ژن و پیاو، هاوژیانی ئازاد و دیموكراتیكی بنەماڵە پێش دەخات.
6. KJAR سیستەمی كونفیدراڵی خۆی لە هەموو گۆرەپانەكاندا بە چەشنی رێكخراوە و سازی وەك كۆمین، كۆمیتە، مەجلیس، ئاكادەمی، كۆپەراتیڤ، وەقف و… دادەمەزرێنێ. بەرێوەبەرایەتی هەرێمی دەكاتە بنەمای ئیرادە و رێخستن كردن و چالاكانە لە سیاسەتی دیموكراتیكدا بەشداری دەكات.
7. KJAR لە نێو هەموو گۆرەپانەكانی خەبات و سیستەمی دیموكراتیكدا، پێشوازی لە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی دەكات وئەم سیستەمە لە هەموو میكانیزمی رێكخستنی كۆمەڵگادا بە بنەمای دەگرێت.
8. هێڵی پاراستنی رەوای KJAR لە سەر بنەمای پرەنسیپی پاراستنی جەوهەری خاوەنداریەتی لە نرخ و دەستكەوتەكانی ژن و كۆمەڵگا دەكات. لەو چوارچێوەدا هەر چەشنە هەڵسوكەوتی توند كە سنووری پاراستنی رەوا تێپەرێنێ، رەد دەكاتەوە.

 

كۆنفرانسەكەمان لە چوارچێوەی پتەو كردنی خەباتەكانی YJRK دا بە شێوەی سیستەمی دیمۆكراتیكی KJAR، پێویستی بە یەكگرتنی رۆحی نەتەوەیی و یەكێتی ژنانی ئێران و كورد لە سەر بنەمای هێڵی خۆڕاگری شەهید شیرین عەلەم هولی، بەرفین، ساریا و ئەویندار دەبینێ و گەییشتن بە هێزێكی رێكخراو لە نێو ئەو سیستەمە تازەیەدا دەكاتە ئامانج. لە سەر ئەو بنەمایە ئەركی سەرەكی ژنان لەم قۆناخەدا چییە، دیار و زەلال بووە؛ پێك هێنانی ئەم ئەركانە كە دەكەوێتە سەر شانی هەموو ژنانی ئازادیخواز بێگومان لە نێو رژێمی داگیركەر، دژبەژن، دەسەڵاتدار و چەوسێنەری كۆماری ئیسلامی ئێراندا بە پێی هێڵی كۆنفیدرالیزمی دیمۆكراتیك و نەتەوەی ئازاد، وەرچەرخانێكی گونجاو بە شێوەی “ئێرانێكی دیموكراتیك” پێك دێنێ. هەموو ژنان بە دەنگ، رامان، ئیدیۆلۆژی و سیاسەتی خۆیان دەتوانن بەشداری سیستەمی دیموكراتیكی KJAR بن. كێشەی ژن كێشەیەكی كۆمەڵایەتیە و بۆ چارەسەر كردنی، قەت سنووری سیاسی، نیژادی، مەزهەبی، نەتەوەیی، زمان و… وەكوو كۆسپێك ناناسین. دامەزراندنی رێكخستنی هاوبەش، یەكیەتی و هاودەنگی ژنان سەرەكیترین پێویستیە لە مەڕچارەسەری كێشەی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دا. ئێمەی ژن بۆ ئەوەی بتوانین لە ئێراندا سیاسەتێكی دیموكراتیك پێش بخەین و لەو بوارەدا نوێنەرایەتیەكی راستەقینە بكەین، دەبێ مەودای مێژوویی نێوان ژنان پڕ بكەینەوە كە لە لایەن عەقلییەتی پیاوسالاری و دژە ژنەوە هەزاران ساڵە درووست كراوە و ژنانی لە یەكتر دابڕیوە. KJARیش رێخستنێكە كە هەوڵ دەدا ببێتە دەنگ و رەنگی هەموو ژنان لە كوردستان و ئێراندا و هەر ژنێك تێیدا دەتوانێ نوێنەرایەتی خۆی دیار بكات و خاوەن هێزی پاراستنی جەوهەری و رەوای خۆی و هاوڕەگەزانی بێ. هاوكات بۆ ئەوەی سیستەمی دیموكراتیكی KJAR لە پێناو پاراستنی ماف و ناسنامەی كۆمەڵگا و ژنان دا ببێتە خاوەن هێز و ئیرادەی سەربەخۆ و ئازاد، پێویستە هەموو ژنان بە تایبەت ژنانی جەوان بە شێوەیەكی بەهێز بەشداری سیستەمی دیموكراتیكی ژنان بكەن و ئەم سیستەمە بكەنە بناخەی دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازاد و دیموكراتیك بۆ هەموو ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا.

لە كۆتاییدا وەكوو KJAR دامەزراندنی چوارەمين کۆنگرەی PJAK و دامەزراندنی سیستەمی دیموكراتیكی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (KODAR) سڵاو دەكەین. ئێمە كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان KJAR كە ئەركی پێشەنگایەتی و دامەزراندنی سیستەمی دیموكراتیك و ئازادمان لە سەر شانی خۆمان داناوە، بەشداربوون و پێشەنگایەتی لە ناو سیستەمی KODAR دا قەبووڵ دەكەین و بە ئیرادەیەكی رێكخستنی و ئازاد وەكوو ژن خۆ لە هەر بڕیار گرتنێك لەم سیستەمە نوێیەدا بەرپرسیار دەبینن.

ئەم كۆنفرانسە و دامەزرانی KJAR سەرەتا لە دامەزرێنەری سیستەمی كۆنفیدراڵیسمی دیموكراتیك، رێبەر ئاپۆ و هەروەها لە هەموو ژنانی ئازادیخواز، بە تایبەتی ژنانی كورد و ئێرانی و سەرجەم گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران پیرۆز دەكەین.

 

سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی
كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان — KJAR
15.05.2014

 

[gdl_gallery title=”damezrani-kjar” width=”120″ height=”90″ galid=”1″ ]

بابەتی پەیوەندیدار