شاندی ك.ن.ك و پژاك كۆبونەوە

شاندی ك.ن.ك و پژاك كۆبونەوە

شاندی ك.ن.ك لە بەردەوامی هەوڵدانەكانی بۆ یەكیه‌تی نەتەوەیی لە گەڵ پژاك كۆبونەوە.

شاندێكی KNK لە بەردەوامی هەوڵدانەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی یەكیەتی نەتەوەیی له‌ رۆژی 12ی ئه‌م مانگه‌دا سەردانی شاندی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك ی كرد.

شاندەكه‌ی KNK پێكاتبوو له‌  ئەحمەد قەرەمۆس هاوسەرۆكی KNK، شەهلا حەفید جێگیری هاوسەرۆكایەتی  KNK، دوكتور شێركۆ ئه‌ندامی ك.ن.ك و فەرهاد دوسكی ئەندامی ك.ن.ك. هه‌روه‌ها شاندی پژاك بریتی بوون له‌ زیلان وەژین هاوسەرۆكی پژاك، سەرهەڵدان چیا ئەندامی مەجلیسی پژاك، ئەوین نەژدەت ئەندامی مەجلیسی پژاك و مەزڵووم هەفتەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایه‌تی كودار.

لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا هاوسەرۆكانی هەردوو لایەن؛ زیلان وەژین و ئەحمەد قەرەمۆس سەبارەت بە ئامانجەكان و ئەنجامی ئەم چاوپێكەوتنە قسەیان كرد.

سەرەتا زیلان وەژین هاوسەرۆكی پژاك وتی” ئێمە لە ئەم چاوپێكەوتنەدا لەسەر چه‌ندین خاڵی گرنگ قسەمان كرد. ئێمە وەكوو پژاك هەموو كاتێك لە گەڵ KNK سەبارەت بە هەڵوێستێكی یەكدەست و سیاسەتێكی نەتەوەیی و دیمۆكراتیك هاوڕا بووین.

وەژین لە بەردەوامی قسەكانیدا وتی: ” ئێمە وەكوو پژاك سەبارەت بە یەكگرتوویی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رابردوودا نەخشەرێگامان پێشكەشی رای گشتی كردووە. ئێمە سەبارەت بە یەكیەتی نەتەوەیی چەن خاڵمان دیاركرد و لە سەر ئەم خاڵانە كار و خەباتمان بەڕێوەبرد و لەمەو بەدوایش هەوڵدانمان بۆ یەكگرتوویی لە ئەم چوارچێوەدا زۆرتر دەكەین.

هاوسەرۆكی پژاك لە كۆتایی قسەكانی جه‌ختی لەسەر یەكیەتی نەتەوەیی سەبارەت بە پاراستنی دەستكه‌وته‌كانی گەلی كورد كرد و وتی:” لە قۆناخێكی هەستیاردا دەژین. لە هەر چوار بەشی كوردستان هێرشی داگیركەران فراوانتر بووە و مەترسی لە سەر ده‌ستكه‌وته‌كانی گەلی كورد هەیە. خەباتی یەكیەتی نەتەوەیی و یەكگرتوویی ماڵی كورد دەتوانێت پاراستنی ئەم ده‌ستكه‌وتانه‌ بكات. ئەم خەباتە لە ئەم كاتەدا گرنگیه‌كی تایبەتی بۆ روژهەڵاتی كوردستان هەیە بە تایبەت كە گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان خوازیاری گۆڕانكاری بنەڕەتی و دیمۆكراتیكن. لە ئەم دۆخەدا پێویستی بە سیاسەتی نەتەوەیی و دیمۆكراتیك لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە. ئێمەیش لە گەل هەلوێست و خەباتی KNK سەبارەت بە یەكیەتی نەتەوەیی هاوڕا و هاوهەڵوێستین.

 

هه‌روه‌ها هاوسەرۆكی KNK ئەحمەد قەرەمۆس وتی: ” لە ئەم چاوپێكەوتنە دا باسمان  لە سەر كۆنگرەی 19 مینی KNK و ئەو خاڵانە كرد كە لە كۆنگرە بڕیاری لە سەرگیرا بوو. لە ئەم چاوپێكەوتنەدا لە سەر بڕیاری بەهێزكردنی خەباتی یەكیەتی نەتەوەیی و ئەو بڕیار و تێبینی و رەخنانەی كە هەبوون قسەمان كرد. گەلێك بیر و پێشنیازی بەهێز لە چوارچێوەی خەباتی یەكیەتی نەتەوەیی لە لایەن پژاك وه‌ باسی لێوه‌كرا وپێشنیار كران كە هەموو حزب و لایەن و چالاكوانەكان لە ناوخۆدا دەگرێت. ئەمەش ئەركی KNKیە كە لە گەڵ پارتی و رێكخستن و ئەو كەسایەتیانەی كە ئەندامی KNKن چاوپێكه‌وتن بكات و بەئەم پێیە هەڵسوكەوت و خەبات بكات.

قەرەمۆس لە كۆتایدا وتی:” بۆ ئەوەی بتوانین یەكیەتی نەتەوەیی پێك بێنین لە پێش ئێمە دەرفەتی مەزن و گرنگ هەیە. بێگومان چاوپێكەوتنەكان زۆرباش بوون و ئێمەش لە دوای ئەم قۆناخە بە بڕیاری نوێ هەنگاوەكانی دووەم و سێیەمان دەست پێدەكەین و تا گەیشتن بە KNKەیكی بەهێز و ئامانجەكانمان دەست لە خەبات و تێكوشان هەڵناگرین.

بابەتی پەیوەندیدار