شەهیدان رۆحی حەقیقەت و خاوەنی راستەقینەی ئازادین

شەهیدان رۆحی حەقیقەت و خاوەنی راستەقینەی ئازادین

شەهادەت، كۆی بەها پێرۆزەكانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. وەكوو رمز و سێمبۆڵا گەورەترین كاریگەری لە سەر ژیانی تاك و كۆمەڵگا كردووە و رۆح و سەرمایەی مەعنەوی و دەروونی ژیانی مرۆڤایەتیە. نرخی هاوبەشی هەموو هزر و ئایدۆلۆژیاكانە لە جیهاندا و لە هەموو قۆناخەكانی مێژوودا پیرۆز دەبینرێت. شەهادەت ئەو نرخە بەرز و بڵندەیە كە ناوەڕۆكە مەعنەوییەكەی ناگۆڕدرێت، كۆن نابێت و لە نێو ناچێت، بەڵكو راستی و حەقیقەتێكە كە هەتا هەتایە دەمێنێتەوە. هەر كەسێك بەو پەڕی رێز و نەوازشەوە بۆ شەهیدان سەری دەادەنەوێنێ‌ و لە بەرامبەر، رێبازی شەهیداندا خۆی بەرپرسیار دەبینێت. ئازادی واتای هەرە پیرۆزی مرۆڤ و كۆمەڵگا بندەستەكانە. بەو هۆیەشەوە پیرۆزترین نرخەكانی پێشكەش دەكرێت. ئازادییەكی راستەقینە بە بێ شەهادەت وەدینایات، بۆیەش دەڵێن”داری ئازادی بە خوێن ئاو دەدرێت”. هیچ حەز و تاسە و ئاواتێك لە ویست و ئامانجی شەهیدان بۆ ئازادی بەهێزتر و دروستتر نییە. ئەوینی شەهید بۆ ئازادی تا ئەو رادەیەیە كە هەموشتێكی خۆی بۆ تەرخان دەكات و بە پێشكەش كردنی ژیانی خۆی لەتەك ئازادیدا تێكڵاو دەبێ‌. بۆیەش شەهید دەبێتە مەشخەڵی رێگای ئازادی.

بە فیداكاری و قارەمانی و هەستی بەرپرسیاری دەیان شەهیدی قارەمان وەكو شەهید فەرزاد، شیرین، سۆران، فەسیح و هێمن و فەرهاد، بیر و هزری نەتەوەیی و ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا هەمەگیر بووە و لەو بوارەدا شایەدی قەڵمبازی مێژوویین. ئەوڕۆكە رۆژهەڵاتی كوردستان گۆڕەپانی تێكۆشانی لاوانی ئاپۆچیە. لە سایەی قارەمانێتی و تێكۆشانی ئەو هەڤاڵانەوە پژاك بووەتە پارتی شەهیدان و هەموو هەوڵدانی بۆ پاراستنی ئەو نرخە پیرۆزانەیە. تێكۆشانی ئازادیخوازی بە پێشەنگایەتی پژاك لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، هەتا ئێستا بە دەیان شەهیدی قارەمانی بەوپەڕی فیداكاری پێشكەشی ریگای ئازادی كردووە. كاروانی شەهیدانمان لەو بەشەی كوردستان بەردەوام رنگینترو پڕ رێرەوتر دەبێت.

شەهید حەبیب الله گوڵپەری‌پوور، ناسراو بە هەڤال باهۆز سنە، لاوێكی بە جۆش و خرۆش، مەتین، رەنجدەر و زانا بوو. بە تێگەیشتن لە مەینەتییەكانی ژیانی ژێردەستی گەلی كورد بەشداری خەباتی ئازادیخوازی بوو. لاوێكی كۆڵنەدەر كە هەر لە مناڵێیەوە لەتەك واتای خِۆڕاگری ئاشنایە و لە گۆڕەپانی تێكۆشاندا بەوپەڕی هێزەوە خەبات دەكات. شەهید باهۆز لاوێكی ئاشنا بە رەنج، ئەو كەسایەتییەی كە لە گەڵا رەنج كێشان راهاتبوو، دەیزانی چۆن و لە پێناوی چی رەنج دەدات. باهۆز ئەو كەسایەتییەی كە بە هەموو هێز و تواناوە بەردەوام هەوڵی خۆپەروەردە كردنی دەدا. ئامانج و خەون و خەیاڵەكانی زۆر مەزن بوون و بێوچان لە تێكۆشانی گەیشتن بەو ئامانجانەدا بوو. دوای لێگەڕینێكی زۆر لە گەڵا رامان و تێكۆشانی رێبەر ئاپۆ و بزاڤی ئاپۆچێتی ئاشنا دەبێت. ئەو رامانەی كە بە ساڵان بە شوێنیدا دەگەڕا.

خۆڕاگری هەڤاڵانمان باهۆز سنە و رەزا ئیسماعیلی لە زیندانەكانی رژیمدا كە بەو پەڕی لەخۆبوردووییەوە ئەنجام دراوە ورە و هێزیكی تازەی بە هەڤاڵان و گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەخشیوە. هەرچەندە شەهادەتی هەر یەك لە هەڤاڵانمان بۆ ئێمە گران و دژوارە، بەڵام فەلسەفەی خاوەندارێتی لەو شەهیدانە و خۆ گەیاندن بە رۆحی گیانبازی و تایبەتمەندی میلیتانی ئەوان هاندەرمانە بۆ خەبات و تێكۆشانی زیاتر. خۆمان بە قەرزداری شەهیدان دەزانین و سۆز دەدەین لە بەردەوامی رێگایاندا خاوەن هەڵوێست و ئیرادەیەكی پۆڵایین بین. هەر شەهیدێك پێشەنگێكە بۆ قۆناخێكی نوێی تێكۆشان. شەهادەتی ئە هەڤاڵانە بە واتای قەڵەمبازێكی نوێ و سەرەتای قۆناخێكی بەهێزتری تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان دێت. وەڵامی شەهیدان تەنیا بە سەركەوتن و بەجێهێنانی ئەركی شۆڕشگێڕی دەبێت. پێویستە هەمو گەلی كورد بەتایبەت لاوان و دایكانی وڵات پارێز لە شارەكانی جودای رۆژهەڵاتی كوردستان پابەندبوون بە رێبازی هەموو شەهیدان و بەتایبەت شەهید باهۆز و شەهید رەزا وەك ئەركی سەرەكی ببینن. بەهێز كردن و بەرەو پێشبردنی خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان تەنیا رێگای خاوەندارێتی كردنە لە رێبازی ئەو شەهیدانە. تەنیا بە سەركەوتن و وەدەست خستنی ئازادی دەتوانین وڵامدەری فیداكاری شەهیدان بین. لە سەر ئەو بنەمایە سۆز و پەیمانمان بۆ درێژە دان بە رێگای شەهیدانی خەباتی ئازادی كوردستان بە تایبت هەڤاڵان باهۆز و رەزا نوێ دەكەینەوە.

كومیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
27.10.2013

بابەتی پەیوەندیدار