شەهید کەماڵ شێخ سادێق و وستا سدێق ساڵیاوا بەردەوام لە یادی ئێمەدا دەژین

شەهید کەماڵ شێخ سادێق و وستا سدێق ساڵیاوا بەردەوام لە یادی ئێمەدا دەژین

لە رێکەوتی ١٣/٠٤/٢٠١٦ جارێکیتر رووی تروریست و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران خۆی نواند و لە ناوچەی پێنجوێن لە باشووری کوردستان، دوو تێکۆشەر و وڵاتپارێزی باشووری کوردستانی بەناوەکانی کەماڵ شێخ سادێق و وستا سدێق ساڵیاوای بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کردە ئارمانجی کردەوەی ترۆریستی خۆی و لە ئاکامدا هەردوو تێکۆشەر شەهید کەوتن.

هەڤاڵ کەماڵ کە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی پارتەکەمان بوو، خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و تێکۆشان بوو و هەر لە تەمەنی لاویەتی بەشداری تێکۆشانی پێشمەرگایەتی باشووری کوردستان ببوو و لە تێکۆشانی پێشمەرگایەتی خۆیدا لە مەڕ پاکی و دروستی و بەورەبوون لە خەباتدا، بەردەوام لە سەر زمانان بوو. شەهید کەماڵ وەک تێکۆشەرێک، هیچکات خۆی بە بەرژەوەندی تەسک و چقبەستووی حزبی نەبەستبووە و ئارمانجی تەنیا بەرژەوەندی گەلی کورد بوو، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی کە لە ناو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان خاوەن پێگە و دەرفەت بوو، کاتێک تەڤگەری ئاپۆیی ناسی بێ بەرچاوگرتنی هیچ چەشنە بەرژەوەندیەکی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و بگرە بە بەرچاوگرتنی لەدەستدانی هەندێ دەرفەت، پەیوەست بوو بە تەڤگەری ئاپۆیی و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاکەوە.

شەهید کەماڵ لەبەر ئەوەی دڵنیا ببووە کە ئەوڕۆ تەنیا تەڤگەرێک بەشێوەیەکی خاوێن و فەداکارانە بۆ کورد و کوردستان تێکۆشان دەکات و هاوکات بۆ داهاتووی کوردستان خاوەن پرۆژەیە، ئەم بڕیارە تێکۆشەرانەی دا. هەر لەو چوارچێوەدا خۆی و بنەماڵەکەی بە ئەو پەڕی تواناوە کار و خەباتیان بەڕێوە دەبرد و درگای ماڵی هەڤاڵ کەماڵ بەردەوام بۆ هەموو تێکۆشەرانی کورد بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان  بەتایبەتی، کراوە بوو.

بێگومان ئەمە بوو بە سەبەبی تووڕەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە دەست بە کردەوەیەکی ئاوا نامرۆڤانە بدات. هاوکات شەهید وستا سدێق ساڵیاوا وەک وڵاتپارێزێک بەردەوام لە پاڵ شەهید کەماڵدا لە بەڕێوەبردنی ئەرکی وڵاتپارێزیدا تێکۆشانی دەکرد. هەر بۆیە جارێکیتر لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی هەر دوو هەڤاڵی شەهید کەماڵ شێخ سادێق و وستا سدێق ساڵیاوادا یادیان بەرز رادەگرین و هاوکات هەموو کردەو دژەکورد و ترۆریستیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران شەرمەزار دەکەین و بە تێکۆشانی بەردەوامان تا کۆتایی‌هێنان بە ترۆر و داگیرکاری لە سەر کوردستان تێدەکۆشین.

 

مەجلێسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک

١٣/٠٤/٢٠٢١

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار