شەهید دێرسیم بەردەوام لەهەوڵی رزگاری جەوانان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەری ئێراندا بوو

شەهید دێرسیم بەردەوام لەهەوڵی رزگاری جەوانان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەری ئێراندا بوو

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لە ناو تێکۆشاندا بووە و لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی و دادپەروەری بە هەزاران رۆڵەی دڵسۆزی گەلەکەمان قارەمانانە گیانیان لەپێناو نیشتمان بەخت کرد و بەگیانی پاک و بێگەردیان رێگای تێکۆشانیان بۆ ئێمە گەشاوەتر کرد.

مانگی شوبات کە بە مانگی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی کورد و رێبەر ئاپۆ ناوزەد دەکرێ، بەردەوام لە لایەن دوژمنانی گەلەکەمان پیلانی چەپەڵ و بەدوور لەپێوەری مرۆیی بەڕێوە دەچێت. لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لەلایەن هێزە هەژموونگەرا جیهانی و هەرێمیەکان لەدژی رێبەری گەلان رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕییەک بەڕێوە چوو و لەکەسایەتی رێبەر ئاپۆدا گەلی کورد و گەلانی ئازادی خواز کرایە ئامانج و ئەو پیلانگێڕییە تا بە ئەمڕۆش بەردەوامە.

ئامانج لەو پیلانگێڕییە تەنیا دیل گرتن و رفاندنی ریبەر ئاپۆ نەبووە، بەڵکوو لەبنەڕەتدا ئامانجی قڕکردنی دەنگی گەلانی ئازادیخواز بووە. رێبەر ئاپۆ بە فکر و فەلسەفەی خۆی شۆڕشی سەردەمیانەی بەرپا کرد و لە ئاستی جیهاندا گۆڕانکاری بنەڕەتی ئەنجام دا. ئەو شۆڕشەش بووە سەرچاوەی هیوا و ئومێد بۆ گەلانی جیهان و هەرێمەکە. هەر بۆیە لە لایەن دوژمنانی گەلەکەمان و هێزە هەژمۆنگەرا جیهانی و هەرێمیەکان پیلانگێڕی نێونەتەوەیی خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە و رێبەر ئاپۆیان بە ئامانج گرت.

گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی راپەڕینی سەرتاسەرییان کرد و بۆ پووچەل کردنەوەی ئەو گەلەکۆمەیە رژانە سەرشەقام و رژێمی داگیرکەری ئێران خۆڕاگری و خرۆشی گەلی پێ هەرس نەکرا و پەلاماری گەلی داخ لەدڵ و ناڕازی دا کە لەئەنجامدا بەدەیان گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن چەکدارانی رژێمەوە شەهید کران.

بەڵام گەلەکەمان تا بە ئەمڕۆش لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بێ دەنگ نەماون و لەمەیدانەکانی تێکۆشاندان و ئاگری تۆڵە دەگەشێننەوە و خاوەندارێتی لەرێبەر ئاپۆ دەکەن. رژێمی داگیرکەری ئێران هاوشێوەی کردەوەی دڕندانەی خۆی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ جارێکی تر بە شەپۆلی گرتن و قۆڵبەست کردنی ژنان و لاوانی نیشتمان خزمەتی ئەو کۆنسێپتە چەپەڵە دەکات و بە شێوەیەکی وەحشیانە دەنگی ئازادی کۆمەڵگا کپ دەکات. بۆیە گرتن و چاوترساندنی گەلەکەمان لەرۆژهەڵات بەردەوامی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی کوردە و رژێمی داگیرکەری ئێران دەیەوێت بەو پیلانە ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو جەوانانی رۆژهەڵات دروست بکات.

بەڵام مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە گەلەکەمان هەرگیز تەسلیمی سیاستی قڕکەر و تیابردن نەبووە و بە هەزاران رۆلەی قارەمان لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی گیانیان بەخت کردووە و لەدژی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەرانی کوردستان تێکۆشاون و بە گیانی پاکی خۆیان خەتی بەرخۆدانیان لە بەرمبەر دوژمنی داگیرکەر و خیانەتکاران  بەرز ڕاگرتووە.

هەشت ساڵ پێش ئێستا یەک لە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی گەلەکەمان بە ناوی شەهید دێرسیم تۆڵهەڵدان بۆ بەرێکخستن کردنی گەلەکەمان بە تایبەت جەوانان لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە رۆحێکی فەدایی و بێ دوو دڵی دەربازی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو و نەبەزانە لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران تێکۆشا.

شەهید دێرسیم تۆڵهەڵدان (رەوف شێخی ) لە ماڵباتێکی وڵاتپارێز لە گوندی کانی سووری سەر بە ناوچەی تیلەکۆی سەقز لە دایک دەبێت و هەر لەتەمەنی مێرمنداڵیدا هەست بە ئێش و ئازاری گەلەکەی دەکات و بەڕەنگاری رژێمی داگیرکەری ئێران دەبێ. شەهید دێرسیم وەک لاوێکی سەقزی تەڤگەری ئاپۆیی دەناسێت و شەیدای رێبەر ئاپۆ دەبیت و لەگەڵ ویژدانی خۆی ئەو بڕیارە دەدات کە “چیدی ناتوانم بە کۆیلایەتی بژیم و دەمەوێ ببم بە شەڕڤانی رێبەر ئاپۆ و گەلەکەم”.

شەهید دێرسیم لە ساڵی ٢٠٠٩ لە گەل هەڤاڵێکی خۆی بە ناوی شەهید ناسر شاهین ( جەماڵ زارەعی) بڕیاری بەشداربوونی ناو ریزەکانی گەریلا دەدات.  لە ناو تەڤگەری ئاپۆیی دا کەسایەتی لەسەر هزر و رامانی هزری ئاپۆیی پەروەردە دەکات و لە خوێندەوارخانەی رێبەر ئاپۆ سەرکەوتووانە پەروەردە دەبینێت و خۆی بۆ تیکۆشان لەدژی داگیرکەران ئامادە دەکات.

شەهید دێرسیم کەسایەتییەکی دڵنزم، بە باوەڕ، فیدایی، دڵسۆز و خەمخۆری گەل و نیشتمان بوو. هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە وەک میلیتان بژیت و خزمەتی گەل و نیشتمان بکات. لەبەر ئەوەی ئەوەندە تامەزرۆی خەباتی ناو گەلی دەکرد، چەندین جار پێشنیاری چوونە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد، چۆن دەیویست گەلی کورد و بە تایبەت جەوانان لە ژێر چەپۆکی رژێمی داگیرکەری ئێران رزگار بکات.

شەهید دێرسیم لەسەردەمی خەباتی ناو شاری، چاو نەترسانە کەوتە ناو کار و خەبات و بەو شێوەیە لە دڵی گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان جێگای خۆی کردەوە. هەڤاڵ دێرسیم لە زۆربەی هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کار و خەباتی شۆڕشی راپەڕاندووە. وەک ملیتانێکی ئاپۆیی بە باوەڕ و پێداگرییەوە لەپێناو ناساندنی کەسایەت و فکری رێبەر ئاپۆ بە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ وچان تێکۆشا و بەو هێز و ورەوە کە لە رێبەر ئاپۆ وەریگرتبوو لە دژی رژێمی داگیرکەری ئێران تێکۆشا.

گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی و سەپاندنی گۆشەگیری توند لە سەر رێبەر ئاپۆ وای لە شەهید دێرسیم کردبوو ئەو دۆخەی پێ هەرس نەکرێ. بۆیە لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی ئەو دۆخە بێ ناوبەر تێدەکۆشا. دەیویست گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاگا و هۆشیار بکات و جەوانان بەشداری ناو تەڤگەری ئاپۆیی بکات. شەهید دێرسیم رژێمی داگیرکەری ئێرانی هەراسان کردبوو و لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە لەدژی رۆژی رەشی کوردان واتا ١٥ی شووبات چالاکی ئەنجام بدات. بەڵام لەکاتی ئەنجامدانی ئەو چالاکیە دەکەوێتە ژێر چاودێری بە کرێگیراو و چەکدارەکانی رژێم و لە ١٢ی شوبات، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە لە نێو سەیارەیەکدا دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە گەڵ وڵاتپارێز و گەنجێکی تێکۆشەری گەلەکەمان بە ناو میلاد پیری بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید دەکرێن.

وەک تەڤگەری جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان یادی رێ هەڤاڵمان شەهید دێرسیم تۆڵهەڵدان بەرز رادەگرین و بەڵینی درێژەپێدانی رێگای تێکۆشانی دووپات دەکەینەوە و تا سەرکەوتن درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین.

لەکۆتاییدا داوا لە گەلەکەمان بە تایبەت جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە خاوەندارێتی لەرەنج و تێکۆشانی شەهید دێرسیم بکەن و لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، بە رۆحی سێ رەشەممەی ١٣٧٧ تێکۆشان بەهێزتر بکەن و بۆ پووچەڵ کردنەوەی گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی و خاوەندارێتی لەرێبەر ئاپۆ و شووناسی نەتەوەیی خۆیان بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا ببن و ئاستی تێکۆشانی رەوایان بەهێزتر بکەن.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان – KCR

١٢/٢/٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار