عەفرین؛ ژن و ئەوینداری

عەفرین؛ ژن و ئەوینداری

رۆناهی ده‌نیز
مێژووی نوسراوە کە زۆرینەی هی دەسەڵاتدارانە، تەریب لەگەڵ گەل، کۆمەڵگاو پێکهاتەکانی دەرەوەی سیستم، مێژووی ژنیشی نەک هەر نادیدە گرتووە بەڵکو ستەمێکی زۆریشی لێکردووەو ڕاستیەکانی لەژێر باڵ و سێبەری زیهنیەتی پیاوسالاریدا شاردۆتەوە. لەوەش زیاتر بن پێی دەکات، ڕەشی دەکات و دەیشێوێنێ. ئەگەر مرۆڤ لێبڕاوانەو بە مەبەستی تێگەیشتن و بەرچاو ڕوونی زەحمەت بەخۆی بدات و لێکۆڵینەوە لە مێژووی ژن بکات، یان سەرنج لە پاشماوە دێرینەکان بدات بە ڕوونی جێ پەنجەی ژن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینێت. تەنانەت هەندێک لە فیلمەکانیش کە لە ئێستاداو لەناوەندەکانی سیستمی دژە ژنی کاپیتالیسمەوە 
بەرهەم دەهێندرێن ناتوانن چاوی خۆیان لەو ڕاستیانە بپۆشن کە لە دیرۆکدا کەسایەتی ژن خوداوەند، بەڕێوەبەر، ئافرێنەرو دایکێکی حەقیقی بووە. تا ئەوکاتەی کە پیاوە پیرە بەئەزموونەکان (شامان)، لە ناو خێزان، کلان و خێڵدا دەست بە تەڵەکەبازی و فێڵ کردن و پلان دانان بۆ داگیرکردنی دەستکەوتەکانی ژنیان نەکردووە، ژیان لەژێر باڵ و لەسایەی میهرەبانی و دادپەروەری دایکدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەردەوام دەبێت و باسێک لە خوێنڕێژی و کوشتن و سەردەستی و بن دەستی نیە. کۆمەڵگا بە ئارامی بەڕێوە دەچن و ئەرکی لەپێشینەی تاک بریتیە لە ڕێزگرتن لە ژینگەو پیرۆزو زیندوو دیتنی سروشت. پاراستنی ژیان نە لەڕێگەی شەڕو خوێنڕێژی، بەڵکو لەبەر ئەوەی ژن (دایک) بەڕێوەبەرەو سیفەتی دایکایەتیش خۆشویستنی ژیان و ئارامش و ئاشتیە، بۆیە بەڕێگای دادپەروەری و بەڕێوەبەرایەتیەکی دایکانە، بەشێوەیەکی یەکسان و هاوسەنگ ژیان پارێزراوە. وە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی بەکۆمەڵ جێی باس بووە، بۆیە خیانەت لە ئاستی هەرە خوار یان نەبووندا بووە. هەستە مەعنەویەکان کە وەکو نرخی مەعنەویش دەنرخێندرێن بەشێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگای پێکهێناوەو دەست ڕەنگینی ژن لە بواری ئاواکردنی هۆکارەکانی ژیاندا هەموو لە هەست و زیهنی ژیەنەری ژنەوە سەرچاوەی گرتووەو پابەند بوونی ژن بەو نرخە ژیانیانەوە هەتا ئێستاش بەهانەی مانەوەی مرۆڤایەتین.

لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیستم و چەکی دەستی واتا (ئیندوستریالیزم)، کەس ناتوانی حاشا لەوە بکات کە تێکچوونی هاوسەنگیە ژینگەیی و ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکان پەیوەندی بە دوورخستنەوەی ژن لە کایەکانی ژیانە. هەبوونێک کە خاوەنی ژیانەو لە دامێنی ئەوداو لەدوای هەزاران زەحمەت و سەدان جار مردن ژیان لەدایک دەبێتەوە، ئێستا بێ شەرمانە لەلایەن پیاوی دەسەڵاتدارەوە بێ بەش دەکرێت لە هەموو ئەو شتانەی کە بەدەست و پەنجەو عارەقەی ناوچەوانی ئافراندوویەتی. بەر لە خاک، وڵات و هەرێمێک، ئەوەی داگیرکراوە کەسایەتی ژنە. بەر لە ڕودانی شەڕو خوێنڕشتن، ئەوەی کوژراوەو خوێنی ڕژاوە ڕۆح و کەسایەتی ژنە. بۆیە ئەگەر ژن لێبڕاوانە نەیەتەوە مەیدانی ژیان و شەڕی بەدەستهێنانەوەی نرخەکانی نەکات، ئەوا ئەگەر سەدان جار سەرهەڵدانیش بکرێت و ناوی شۆڕشیشی لێ بنرێت، بێ ئەنجام و مایەپووچ دەبێت. واتا ئەوەی کە دەتوانێ ژن بگەیەنێتەوە پێگە ڕاستەقینەکەی خۆی نە پیاو، نە دەسەڵات و نە سیستمە، بەڵکو ژن بۆخۆیەتی و دیرۆکیش ڕاستی ئەم بانگەشەیەی سەلماندووە.

سەدەی ڕابردوو سەدەی کوشت و بڕو داگیرکاری لەلوتکەدا بەناو دەکرێت، لەم نێوەندەشدا زیان مەندی یەکەمین ژن بووە، ئەگەر جارێک وەک ڕەگەز لەژێر ستەم و چەوساندنەوەدا بووبێت و قوربانی شەڕەکان بووبێت، ئەوا جارێکیش وەک دایک جەرگی سوتێندراوەو ئازاری پشت شکێنی بەسەردا سەپێندراوە. لەهەموو کۆمەڵگاکان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان، هەموو شتێک لە ژن سەندراوەتەوەو جگە لەهەستە تراژیدیکەکان سەرمایەیەکی تری بەدەستەوە نەماوە کە پێی بژیەت. لە ساڵانی ڕابردوودا ژنان هەرە بەئێش، بە ئازارو حەسرەتەوە ڕۆژەکانی ژیانیان دەرباز دەکردو تا ئێستاش شایەت و بینەری دیمەنە تۆقێنەرەکان لەم بوارەداین. لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا زۆر هەوڵ و کۆششی بەنرخیان داو خاوەن قوربانی مەزنیشن، بەڵام تا ساڵانی چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوو و دەرکەوتنی پەکەکە، نەتوانراوە بزوتنەوەیەک ئاوا بکرێت کە بە پراکتیک و تەریب لەگەڵ داواکاری مافی نەتەوەیی؛ بەبێ جیاوازی خەبات بۆ ڕزگارکردنی ژن بکات. پەکەکە ڕاستینەو میراتگری مێژووی پڕ لە ڕەنجی ژنانە، پەکەکە هەموو ئەو ڕەنج و تێکۆشانەی ژنان کە لەمێژوودا بە ئامانجی ئازادی و ڕزگاری و نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزی کردوویانە هێنایە لای یەک و لەسەر بنەمای ئەوانە خۆی بەڕێکخستن کرد، پەکەکە بزوتنەوەی خاوەنداری کردنە لە نرخی مرۆڤایەتی و ئێستا ئەو پرشنگەیە کە ڕێگای هەموو ژنان ڕۆشن دەکاتەوە و ئەو دەلاقەیە کە ژنانی هەموو کۆمەڵگاکان بەبێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازی ڕەنگ، کەلتورو ناسنامە، دەتوانن ئایندەی خۆیانی لێوە ببینن. پەکەکە لە ڕاستینەی ژیانەوە هەڵقوڵاوەو بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی گەردونی بوون دەتوانێ ناوەندێک بێت بۆ ڕاکێشانی هێزو وزەی ژنانی جیهان و ئۆرگانیزەکردن، ڕێکخستە کردن و ئاڕاستەکردنیان.

ژنان چەندەش هەژماریان زۆر بێت، چەندەش خاوەن ڕێکخستن و بیرو بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای ئازادیخوازی بەهێز بن، لەئاکامدا ئەگەر لە دیرۆکی خۆیان شارەزاو زانا نەبن، ئەگەر توانای شرۆڤەو لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتەکانیان نەبێت، لەهەمووی گرنگتر ئەگە خاوەن هێزی پاراستن و پاراستنی جەوهەری نەبن، ئەوا شانسی ڕزگار بوونیان لە داگیرکاری و چاوچنۆکی پیاوە دەسەڵاتدارەکان و سیستمی جیهانی نابێت. ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لەم بوارەوە هیچی بۆ گفتوگۆ نەهێشتۆتەوەو لە قوڵاییدا دەرکی بە مەترسیەکانی سەر ژنان واتا هەڕەشەکانی کە لە ژیان دەکرێت، کردو خۆشبەختانە پەکەکە بە زۆرو زەحمەتیەکی بێ هاوتاو بە لە خۆبردوویی و فەداکاری ڕێبەر ئاپۆو چەندین هەڤاڵی خۆنەویست، توانی ژنان بگەیەنێتە ئاستی بە ئارتەش بوون و ئێستاش ئەو بەرهەمە دەبینین و تازە ترین نمونەی هێزی پاراستنی ژنانیش کە لە ئاستێکی بەرزدا بەرخۆ دەدەن، لە عەفرینە. ئەمەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ داخوازی و هەوڵ و تێکۆشانی ژنان لە مێژووداو خودی ڕێبەر ئاپۆ بە دامەزراندنی پەکەکەو ئارتەشی ژنان خاوەندارێتیەکی ڕاستی لە خەبات و مێژووی پڕ لە قوربانی ژنان کردووەو وەک وەفاداریەک بۆ تێکۆشانی ئەو ژنانە پەکەکە ئاوا کراوە. ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت شەڕی ژیان و مردنە، هەبوون و نەبوونە، شەڕی ئازادی و بن دەستیە، شەڕی ژیانەوەو هەستانەوە بەرامبەر ئینکار، قڕکردن و سڕینەوەیە. شەڕی ئیرادەی ئازادو فاشیزمی دەستدرێژیکاری ئەردۆغانیە. لە عەفرین ژن (دایک) نە تەنیا بەشداری بەرخۆدانە، بەڵکو پێشەنگایەتی و سەرکەشی شەڕو پاراستنیش دەکات. نابێ گومان لەوە بکرێت کە ئەگەر بە ئەندازەی هێزو وزەی خۆی فەزای ژیان بۆ ژن نەبێت، ئەوا ژن ناچار دەبێت کە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی بتەقێتەوەو دەریچەیەک بۆ بەرجەستە کردنەوەی وزە شاردراوەکەی بدۆزێتەوەو زەمینەیەک بڕەخسێنێت کە بتوانێ بە ئاسانی نەفەسی تێدا بکێشێت، بۆیە ئێستا ئەوەی لە عەفرین لە دژی هۆڤێتی دەوڵەتی تورک و چەتەکان دەگوزەرێت؛ ڕەخساندنی زەمینەیەکی شیاو و شایستە بەکەسایەتی ژن و لەویشەوە بۆ ژیان و مرۆڤایەتیە.

یەک لە تایبەتمەندیەکانی ژن خۆگرێدان و وابەستە بوون بە خاکەوەیە، هەمان ئەو خاکەی کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر خۆی و منداڵ و نەوەکانی لەسەر ژیاندووەو گەورەی کردوون. ژن و خاک زۆر لەیەک دەچن و هەردووک خاوەنی زۆر سیفەتی هاوبەشن، بەخشندەیی، خۆڕاگری، پاکی، ڕاستی، خیانەت نەکردن، ئافراندن و سەرلەنوێ ژیانەوەو…، بۆیە ئێستا لە عەفرین ژن جگە لە ئیرادەو ئازادی و گەل و کۆمەڵگا، خاکێکی لە ئامێز گرتووەو دەپارێزێت کە لەخۆی دەچێت و هاو سیفەتن، هاوڕێ و هەڤاڵی یەکن، هەروەک منداڵی خۆی باوەش بەو خاکەدا دەکات و مەرگی خۆی دەکاتە مەرتاڵی پاراستنی، ژن و عەفرین ئەوینداری حەقیقی یەکترن، هەربۆیە لە عەفرین و هەموو مەیدانەکانی تری شەڕو خەبات لە فەلسەفەی ئاپۆیستیدا، ژنان سەرکەشی هەر جۆرە فەداکاریەک دەکەن و ئامادەن سەدان جار بمرن بەڵام دەست لە خاکێک هەڵناگرن کە بە پارچەیەک لە جەستەی خۆیانی دەزانن. بارین، ئاڤێستا، سۆزا، پێشەنگ، ڕۆژیان و دەیان شەهیدی تر ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە ئامادەن ئەو مردنە هەڵبژێرن کە خۆیان بڕیاری لێدەدەن و هەزار جار ئەو ژیانە ڕەد دەکەنەوە کە دوژمن دەیهەوێ بەسەریاندا بسەپێنت. بەرخۆدانی عەفرین نمونەیەکە لە هەوڵدان و خەباتی ژنانی ئازادیخواز بۆ گێڕانەوەی نرخە داگیرکراوە هەزاران ساڵەییەکانی ژنان و واتا داینەوەیە بە ژیان. لە عەفریندا لەبەرامبەر دێوەزمەی ئەردۆغانیدا ژنێک لە مەیداندایە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی ئازاد و ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی و ڕێگری کردن لە کارەساتی گەردونی دەکات. بزوتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستینە، تواناو جەوهەری ژنیان دەرخسەوە کە ئاوێنەی مێژووە و دایکایەتیەکی ڕاستەقینەو بەجەوهەر دەکات و ئێستاش ئەو ژنە لە عەفریندا خەریکە مێژووی شێوێندراوی خۆی سەرڕاست دەکاتەوەو بە خوێنی خۆی دەینوسێتەوە، لە عەفریندا بە فەرماندەیی و پێشەنگایەتی ژن بەرخۆدانێکی ئەفسانەیی بەڕێوە دەچێت، بۆیە تا ئەو ژنە هەبێت با کەس بیر لە کەوتنی عەفرین نەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار