له سێداره‌دانی شه‌هیدانی 9ی گوڵان، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌ گه‌لانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

له سێداره‌دانی شه‌هیدانی 9ی گوڵان، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌ گه‌لانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

تێكۆشه‌رانی رێگای ئازادیخوازی ئاپۆیی، مانگی گوڵانیان كردووه به‌ مانگی قاره‌مانی و مانگی شه‌هیدانی رێی حه‌قیقه‌ت. له‌ سێداره‌دان و شه‌هادتی” فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌م هولی، عه‌لی حه‌یده‌ریان و فه‌رهاد وه‌كیلی” له‌ مانگی گوڵان بووه‌ته‌ هێمای مه‌ته‌رێزی به‌رخۆدان بۆ ئازادی ته‌واوه‌تی گه‌لی كورد و گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئێران و دیده‌وانی حه‌ره‌که‌تی تێكۆشانی له‌ رێگای حه‌قیقه‌تی مرۆڤایه‌تی. كۆماری سێداره‌ی ئێران به‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ مێژوودا بێزلێكراو بووه. ئه‌م رژیمه‌ نگریسه‌ی سه‌ركوت و سێداره به‌ تووندی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین.

له‌ كاتێكدا له‌ یازده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی له‌ سێداره‌دان، یاد و بیره‌وه‌ری فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی شۆڕشگێڕی به‌رز راده‌گرین كه‌ تێكۆشانی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ هێژایانه‌ له‌ مانگی گوڵان، خۆڕی قاره‌مانیه‌تی تێكۆشه‌رانی گه‌لانی كوردی گه‌شاوه‌تر كردۆته‌وه‌. مانگی گوڵان، مانگی به‌رخۆدانی مێژوویی و مێژوو نووسینه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌له‌ به‌شكۆكه‌مانی كردووه‌ به‌ نموونه‌ی مه‌زنی خه‌بات و تێكۆشان له‌ ئاست جیهاندا. ئه‌م مانگه‌ له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا به‌ له‌خۆبوردوویی و فیداكاری شه‌هید”حه‌قی قه‌رار” له‌ باكووری كوردستان ده‌ستی پێكرد و به‌ قاره‌مانی شه‌هید “زاگرۆس بێریتان (عه‌لی محه‌مه‌دی)” كه‌ حه‌قی قه‌راری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، گه‌یشته‌ لووتكه‌ و‌ فیداركاریه‌كانی كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی، راستی و حه‌قیقه‌تی‌ گه‌لی كورد له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی سه‌لماند.

به‌رخۆدانی شه‌هیدان” كه‌مانگه‌ر، عه‌له‌م هولی، حه‌یده‌ریان، وه‌كیلی و ئیسلامیان” له‌ گرتووخانه‌ تاریكه‌كانی رژیمی فاشیستی ئێران، گۆڕه‌پانی زیندانی له‌ دۆخی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی به‌رده‌وام گۆڕی به‌ شوێنی به‌رخۆدان و راوه‌ستان هه‌تا دوایین هه‌ناسه‌ی ئازادی. ئه‌وان له‌ لووتكه‌ی بوێری مرۆڤایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر هۆڤانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌كان به‌رخۆدانیان كرد كه‌ هیوا به ئازادبوونیان له‌ دڵی گه‌له‌كه‌مان بێگومان به‌هێزتر كرد. هه‌تا 19ی گولانی 1389 به‌رخۆدانێك به‌ چه‌شنی به‌رخۆدانی فه‌رزاد و هه‌ڤاڵانی له‌ گرتووخانه‌كانی ئێرانی فاشیست نه‌هاتبووه‌ ئاراوه‌. خه‌باتی كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی ئه‌وان بناخه‌كانی رژیمیان به‌ تووندی هه‌ژاند و به‌راستی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌لانی له‌ شه‌قام زیندوو كرده‌وه‌. مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی له‌ سێداره‌دانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ بوو به‌ خاڵێكی ئه‌رێنی و وزه‌به‌خش بۆ زیاتركردنی بوێری سه‌رجه‌م گه‌لانی چه‌وساوه‌ی كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوه‌یمان له‌ زنجیره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی به‌فرانباری 1396 و خه‌زه‌ڵوه‌ری 1398 به‌چاوی خۆمان بینی. له‌خۆبوردوویی شه‌هیدانی 19ی گوڵان له‌ راستیدا دیواری ترس و دڵه‌ڕاوكێی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ سیسته‌می تۆقێنه‌ری ئێرانی رووخاند و بوێری گشت چین و توێژه‌كانی  بۆ ده‌ستپێكردنی سه‌رهه‌ڵدانه‌كان به‌ ئاشكرا به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئاستی سه‌رهه‌ڵدان و تێكۆشان. نه‌ ته‌نیا له‌ سه‌ر گه‌لی كورد به‌ڵكوو كاریگه‌ری له‌ سه‌ر هه‌موو گه‌لانی زوڵم لێكراوی ئێران دانا و روخساری فاشیستی سیسته‌می ئێرانی به‌ هه‌موو جیهان پیشان دا. ئه‌گه‌ر ئه‌ورۆكه‌ هێزی گه‌ریلا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئاست له‌ توانای تێكۆشان و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌كه‌مان له‌ شه‌قام له‌ دژی فاشیست تووندتر بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌، به‌رهه‌می رێبازی فیداكاری فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانیه‌تی. ئه‌وان به‌راستی سیاسه‌تی ره‌چه‌كوژی له‌ دژی گه‌لی كورد و گه‌لانی زوڵم لێكراوی ئێرانیان تووشی شكست و پاشه‌كشه‌ كردووه‌.  له‌ رۆژی ئه‌وڕۆدا ئه‌ركی راپه‌ڕیوان و هێڵی دیموكراتیك كه‌ شه‌قامیان هه‌ڵبژاردووه‌، خاوه‌نداریه‌تی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یه‌.

شه‌هید شیرین عه‌له‌م هولی وه‌ك نموونه‌ی تێكۆشان بۆ ئازادی ژن، شه‌هید فەرزاد كه‌مانگه‌ر وه‌ك هێمای مامۆستای تێكۆشه‌ری گه‌ل، شه‌هید عه‌لی حه‌یده‌ریان وه‌ك پێشه‌نگ و هێمانی هێزی كۆڵنه‌ده‌ری گه‌ریلا، شه‌هید فه‌رهاد وه‌كیلی وه‌ك نموونه‌ی راسته‌قینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل له‌ شه‌قام و گرتووخانه‌ و كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی گرتووخانه‌ یه‌كگرتنێكی تۆكمه‌یان پێكهێناوه‌، رێگای حه‌قیقه‌تیان بۆ تێكۆشه‌رانی ئێستا و گۆڕینی داهاتووی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان روون كردۆته‌وه‌. ئه‌م خوو و ره‌وشته‌ ئاپۆییه‌ كه‌ له‌ مێژووی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێو گرتووخانه‌ی له‌ رووزه‌ردی و ده‌سته‌وه‌ستان گۆڕیوه‌ بۆ گۆڕه‌پانی تێكۆشانی پڕله‌جۆش و خڕۆش، ترسی خستووه‌ته‌ دڵی ده‌سه‌ڵاتدارنی فاشیست، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ترسن كه‌ ئه‌م رێباز و ره‌وشته‌ ببێته‌ نموونه‌ بۆ تێكۆشانه‌كانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و جیهان. بوون به‌ نموونه‌ی ئه‌م شه‌هیدانه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ سیسته‌می ره‌چه‌كوژی ئێران له‌و خه‌یاڵه‌دا بوو كه‌ سیاسه‌تی سه‌ركوت ته‌واو بكات. به‌م پێیه‌، له‌سێداره‌دانی تێكۆشه‌رانی ئاپۆیی، له‌ راستیدا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌ گه‌لانی راپه‌ڕیو له‌ شه‌قام و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ گه‌لی كورده‌ كه‌ تاقه‌ تاوانی پێشه‌نگی كردنه‌ بۆ گه‌لانی ئێران. به‌ له‌ سێداره‌دانی كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی له‌ بنه‌مادا، هێڵی سه‌ره‌ڕۆیی، فاشیسم، رێبازی دژه‌ دیموكراسی و سیاسه‌تی ره‌چه‌كوژی تووشی نسكۆ بووه‌ و له‌ باتی ئه‌مه‌دا، هێڵی سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراتیك و تێكۆشانی گه‌لی زۆرزیاتر به‌هێز بووه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ هه‌موو گه‌لانی ئێران كه‌مپه‌ینه‌كانی”نا بۆ رژیم” و نا بۆ سێداره‌ و به‌ڵێ بۆ دیموكراسی” به‌ گوڕ و تینه‌وه‌ به ڕێوه‌ ده‌به‌ن،‌ له‌ سایه‌ی تێكۆشانی پاراو و بێگه‌ردی كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی بووه و هه‌یه‌. تێكۆشانی شه‌هید عه‌له‌م هولی، گه‌وره‌ترین كه‌مپه‌ینی “نا بۆدژایه‌تی ژن” له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێرانه‌ كه‌ هه‌نووكه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ تێكۆشانی ژنان به‌ روونی ده‌بینین.

وه‌ك “پارتی ژیانی ئازادی كوردستان _ پژاك” وێڕای رێزگرتن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یاد و بیروه‌ری به‌رخۆدێرانی گۆڕه‌پان و مه‌ته‌رێزی گرتووخانه‌ و هه‌روه‌ها شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌كانی،حه‌فتانین، مەتینا، و ئاواشین بۆ ره‌چه‌كوژی، سیاسه‌تی سێداره‌ و ره‌چه‌كوژی رژیمی فاشیستی ئێران به‌ تووندی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. داوا له‌ گه‌لی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی ئێران ده‌كه‌ین كه‌ به‌ درێژایی مانگی گولان، مانگی شه‌هیدان، تێكۆشانه‌ دیموكراتیكه‌كانی خۆیان له‌ هه‌موو گۆڕه‌پان و بوارێكدا بگه‌یێنه‌ لووتكه‌. شه‌هاده‌تی شه‌هیدانی 19ی گوڵان سه‌لماندی كه‌ ته‌نیا رزگاركه‌ری گه‌لانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌س گه‌لان و جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ و زوڵم لێكراون. رێگای ئه‌وان رێگای سه‌ربه‌خۆیی و پاڵدان به‌ كۆڵه‌كه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و تێكۆشانی به‌رده‌وامه‌ تا گه‌یشتن به‌ ئازادی ته‌واو. ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌نگرانی رێگاری ئازادی به‌ تایبه‌ت به‌رخۆدێرانی گۆڕه‌پانی گرتووخانه‌یه‌ كه‌ به‌ گوڕ و تاودانی تێكۆشانی كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی خۆیان، رێگای شه‌هید فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و هه‌ڤاڵانی زیندوو رابگرن و رێگای ئازادی و دیموكراسی زیاتر له‌ جاران روون و كراوه‌ بكه‌نه‌وه‌.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك

9-5-2021‌‌ ‌

بابەتی پەیوەندیدار