لەدژی فاشیزمی ئاكەپە بەرخۆدانی سەرتاسەری پێویستە
لەدژی فاشیزمی ئاكەپە بەرخۆدانی سەرتاسەری پێویستە

لەدژی فاشیزمی ئاكەپە بەرخۆدانی سەرتاسەری پێویستە

گەلی كورد لە باكووری كوردستان تا بە ئەمڕۆ لەپێناو بەدیهێنانی ژیانی ئازاد و دیموكراتیكدا لەدژی سیاسەتی قڕكردن و كۆمەڵكوژی خۆڕاگری دەكات. بەتایبەت دوای ئەوەی سیاسەتە چەپەڵەكانی حكومەتی ئاكەپە لەدژی گەلی كورد سنووری مرۆڤایەتی دەبەزێنێت، گەلی كورد لەپێناو پاراستن و دەستنیشان كردنی چارەنووسی خۆی، خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیکی راگەیاند، ئەوەش بە مافێكی رەوای گەلەكەمان لە باكووری كوردستان لە قەڵەم دەدەین و سڵاوی ئەو خۆبەڕێوەبەریانەش دەكەین كە بە بەرخۆدانێكی مێژوویی دەپارێزرێت. هاوكات یادی سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی كە لە قۆناخی راگەیاندنی خۆبەڕێوبەریەكان بەدەستی چەتەكانی ئاكەپەوە شەهیدبوون بەرز رادەگرین.

تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كورد كەوتۆتە ناو قۆناخێكی زۆر هەستیار و چارەنووس سازەوە. بەتایبەت لەم قۆناخەدا دەوڵەتی توركیا بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی ئازادی گەلی كورد شەڕی سەرتاسەری راگەیاند. راگەیاندنی ئەو شەڕەش بە ئامانجی شاردنەوەی شكستی قورسی ئاكەپە لەهەڵبژاردنەكانی 7ی حۆزەیران و تێكشكانی چەتەكانی داعشە كە حكومەتی ئاكەپە لەپشتیەوەیە. حكومەتی ئەردۆغان دوای هێرشە دڕندانەكانی بۆ سەر هاوڵاتیانی كورد، جارێكی‌تر گەمەیەكی‌ زۆر مەترسیداری دیکەی دەستپێكرد. ئەردۆغان و حكومەتەكەی راشكاوانە رایانگەیاند كە لە توركیا كێشەیەك بەناوی كێشەی كورد هەبوونی نییە و چاوپۆشییان لەسەركەوتنە مێژوویەكەی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) لەتوركیا كرد. چونكە HDP بە سیاسەتی دیموكراتیکی گورزی كوشندەی لەسیاسەتی فاشیزمی ئاكەپە داو و كۆتایی بە خەونی ئیمپراتۆری ئەردۆغان هێنا. بۆیە ئاكەپە سەركەوتنی گەلی كوردی لە هەڵبژاردنەكانی 7ی حۆزەیرانی پێ‌هەرس نەكراو و بۆ لەناوبردنی ئەو دەستكەوتە مێژوویە، شەڕی سەرتاسەری راگەیاند و مەترسیدارترین هەنگاوی ئەو شەڕەش سەپاندنی گۆشەگیری سەخت دژی رێبەر ئاپۆ و كۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئاشتی و گرتنی بە كۆمەڵی سیاسەتمەداران و برینداركردن و كوشتنی دەیان هاوڵاتی مەدەنی بە دەستی هێزە چەكدارەكانی و هەرە دوایش سووركردنی توركە فاشیستەكانە كە بە مەبەستی هێرش كردنەسەر بنكەكانی هەدەپە هاندەدرێن.

كاتی ئەوە هاتووە كە گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بۆ خاوەندارێتی لەخۆبەڕێوەبەریەكانی باكووری كوردستان كە بە واتای خاوەندارێتی لە ناسنامەی كوردی ئازادە، بێنە دەنگ و لەدژی فاشیزمی ئاكەپە پانتایی بەرەی بەرخۆدان و دیموكراسی بەرفراوانتر بكەن. بەتایبەت ئەو شار و ناوچانەی كە گەل خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیکی راگەیاندووە لەلایەن چەتەكانی ئاكەپەوە گەمارۆ دراوە و ئەگەری كۆمەڵكوژی كوردان لە ئارادایە. بۆیە پێویستە گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هاوكات گەلانی ئازادیخوازی ئێران هەست بەو رەوشە نالەبارەی باكووری كوردستان بكەن و ئەو هێرشانە هاوكات بە پەلاماری دژ بەخۆیان ببینن و بە بەرزكردنەوەی دروشمی؛ (جزیرە تەنیا نییە و بەرخۆدان ژیانە) سەنگەری بەرخۆدانی رەوای گەلەكەمان لە باكووری كوردستان بەهێزتر بكەن. تایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستە سەرجەم رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، دەم‌و‌دەزگا مەدەنیەكان، پارت و لایەنە سیاسیەكان، كەسایەتی ناودار، سیاسەتمەدار و هونەرمەندان بۆ خاوەندارێتی لە ناسنامەی كوردی ئازاد هەڵمەتی سەرتاسەری رابگەیەنن و لە بواری ماددی و مەعنەوی چ لەدەستیان بێت ئەنجامی بدەن.

لەكۆتاییدا بانگەوازی لەسەرجەم گەنجان و ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەكەین كە چۆن بەرەنگاری فاشیزمی داعش بوونەوە و خاوەندارێتییان لە شەنگاڵ و كۆبانێ‌ كرد جارێكی‌تر پێویستە بەرۆحی خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی كۆبانێ‌، خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی جزیرە و باكووری كوردستان بكەن. تایبەت گەنجان و ژنان بۆ تێكشكانی فاشیزمی ئاكەپە و بەرگری لە كەرامەت و نرخی مرۆڤایەتی پێویستە روویان لە سەنگەرەكانی باكووری كوردستان بكەن.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – PJAK
11.09.2015

بابەتی پەیوەندیدار