لە چیاکانی کوردستاندا گەل و گەریلا جەماوەریانە 4ی نیسانیان پیرۆز کرد

لە چیاکانی کوردستاندا گەل و گەریلا جەماوەریانە 4ی نیسانیان پیرۆز کرد

4ی نیسان کە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز ڕێبەر ئۆجالانە، ئەو ڕۆژە هاوکاتیشە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دا، ڕۆژی هەینی کە 2019.4.4 بوو، ئەو ڕۆژە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا لە لایەن گەل و گەریلا و جەماوەریانە پیرۆزکرا.

میلیتان جودی. 6/4/2019 هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

4ی نیسان كە هاوكاتە لەگەڵ ١٥ی خاكەلێوە، ساڵڕۆژی لە دایك بوونی ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز ڕێبەر ئۆجەلانە، ڕێبەر ئۆجالان لە 4ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئومەرلی سەر بە شاری ئورفا لەدایك بووە. ڕێبەر ئۆجالان لەتەمەنی گەنجێتی پێشەنگایەتی گروپێكی شۆڕشگێری كرد و پاشانیش بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلی كوردیان دامەزراند. ئەو بزاڤە لە ماوەیەكی كورت دا زۆر دەستكەوتی نەتەوەیی بەدەست هێنا. ڕێبەر ئۆجالان وەك ڕێبەرێك لەڕووی ئایدۆلۆژی و فكریەوە ڕۆڵی سەرەكی لە پێشكەوتنەكانی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كوردا هەبووە. هەر ئەمەش هۆكار بوو كە زلهێزانی جیهان و ئەو هێزانەی كە لەم بزاڤە شۆرشگێڕیە دەترسان پیلانی پاكتاوكردنی ئەو تەڤگەرەی داڕشت، ئەوەبوو هێزە هەژموونگەراكانی جیهان بەپێشەنگایەتی ئەمریكا و ناتۆ و گلادیۆ ڕۆڵی ئەساسیان لە گەلەكۆمەی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ دا بینی و رێبەر ئۆجالان لەگەلەكۆمەیەكی چەپەڵدا دەڕفێنن. پێش رفاندنی ئۆجالان گەلی كورد هەستیان بەم پیلانگێڕیە كرد و دژی ئەم سیاسەتە وەستانەوە. بە دەیان مرۆڤی ئازادیخواز لە كوردستان و دەرەوەی وڵات ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و بە دروشمی كەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە تاریك بكات كەوتنە ناو چالاكی و سەرهەڵدانەوە. گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو كاتەدا بە چالاكی جەماوەری خاوەندارێتی یان لە ڕێبەرەكەیان كرد. چالاكی 3ی ڕەشەمە بووە بناغەیەك بۆ بەشداری ژن و لاوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ناو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كورد. جەوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەرەتادا لە ژێر ناوی بزاڤی یەكێتی دیمۆكراتیكدا خۆ ڕێك دەخەن و لە 4ی نیسانی ٢٠٠٤ی زاینی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان دادەمەزرێنن.

لە مەراسیمەکە پەیامی هەریەک لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لەباشوری کوردستان و تەڤگەری ئازادی هەرێمی شارەزوور پێشکەش کران.

سەرەتا باران بێریتان لەسەر ناوی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتی:” لەسەر ناوی پارتیمان (پژاک) ساڵڕۆژی لە دایک بوونی ڕێبەری ئازادیخوازی گەلان ڕێبەر ئاپۆ، کە دامەزرێنەری فەلسەفەی ژیانی ئازادە لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەم، هەروەها پازدەهەمین ساڵڕۆژی پارتیمان (پژاک) لە هەموو گەلی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەم.”

باران بێریتان 4نیسانی وەک دووبۆنەی گرنگ ئاماژەی پێکرد و وتی:” یەکەم لە دایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک قۆناغێکی نوێ لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزرێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان زۆر زۆر گرنگە، بۆ چی گرنگە؟ چونکە یەکەم بۆ جاری یەکەم جار لە کوردستاندا ڕێبەرێک دەرکەوت کە بە فەلسەفە و پارادیگمای خۆی، ڕێبازێکی نوێی تێکۆشانی لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات. دووەم 15 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دا تێپەڕ دەبێت. بێ گوومان دامەزراندنی (پژاک) لەسەر پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆی میلاد و لە دایک بوونێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. چونکە بۆ جاری یەکەم هێڵی سێ هێڵی هێڵی بەرخۆدان و هێڵی ئازادی ئیرادەی گەلان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەڵتەرناتیڤی دیمووکراتیانە دێتە مەیدانەوە.”

“شەهیدانمان ئەمرۆژەیان بۆ خوڵقاندووین”

باران بێریتان ئاماژە بە یەکەمین شەهیدی پژاک دەکات و دەڵێت:” یەکەمین شەهیدی ئێمە شەهید (نەوزاد کۆمارە) هەر بۆیە لەم ڕۆژە مێژوویەدا ئەو شەهیدە نەمرە بە بیردەهێنمەوە و لە کەسایەتی شەهید (نەوزاد کۆمار)دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنم.”

بێریتان شەهیدانی دیکەی پێشەنگی پژاک بەبیر هێنایەوە و وتی:” شەهیدانمان بوونە پردی نێوان باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا، شەهید (نەوزاد کۆمار) بوو پردێک لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شەهید (دڵخواز بینگۆل) بووە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان، هەروەها شەهید (گیڤارا) کەبوو پردێک لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە کەسایەتی ئەو شەهیدانە دا هەموو شەهیدانی پارتیمان (پژاک) بەبیردەهێنمەوە.”

باران بێریتان لە کۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە گرنگەی لە لەیلا گوڤەن و هەڤاڵانی دیکەی چالاکیەکان بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی:” تێکۆشانی شۆرشگێرانەی لەیلا گوڤەن و هەموو هەڤاڵانی سڵاو دەکەین و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان ئاراستە دەکەین. بە پێشەنگایەتی ئەو هەڤاڵانە تێکۆشانێکی نوێ لە زیدانەکان و کوردستان و دەرەوەی وڵات دەستی پێکردووە، لەسەر ناوی پارتیمان ئەو تێکۆشانەی سڵاو دەکەین و لەو باوەریەداین کە هەڵمەتی گۆشەگیری تێکببە، فاشیزم بروخێنە، کوردستان ئازادبکە بەسەر دەکەوێت. جارێکی دیکە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ و ساڵڕۆژی پارتیمان لە هەموو هەڤاڵانمان و هەموو ئەوانەی کە لە بەرەی بەرخوداندان و بنەماڵەی شەهیدان و دۆستان و وڵات پارێزان و هەموو گەلی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزدەکەین.”

PKK,PYD,HDP,PJAK  خاوەن یەک دۆزن”

لەسەر ناوی پارتی یەکێتی دیمووکراتیک  PYDسلێمان عەرەب پەیامێکی پێشکەش کرد و وتی:” وێرای پیرۆزبایی خۆمان لە ڕێبەر ئۆجالان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرادندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە کادیران و هەڤاڵان و دۆستان و وڵات پارێزانی (پژاک) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرچوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

سڵێمان عەرەب ئاماژەی بەوەش کرد کە:” ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی ئازادیخواز بووە بە ڕۆژی هەبوونی ژیانێکی ئازاد و ئیرادەی ئازاد و ڕۆژی بەرخۆدان و ڕۆژی شۆرش، بە بۆنەیەوە ئەو ڕۆژە پرشکۆیە جاری دیکە لەهەموو مرۆڤایەتی پیرۆزدەکەم.”

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە:” ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆزی کورد یەک دۆزە. هیچ فەرق و جیاوازیەک لە نێوان (پژاک، هەدەپە، پەیەدە، پەکەکە) دا نیە. لەبەر ئەوەی کە دۆزی کورد یەک دۆزە دەبێت بە یەک ڕێگای ئەو دۆزە چارەسەربکەین، لەبەر ئەوە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە پرۆسەی سیاسی دا قبوڵناکات کە لەسەر حسابی پارچەی دیکەی کوردستان سیاسەت بکات و ببێتە خاوەن ستاتۆ و پێگەی خۆی. ڕۆژئاوای کوردستان هیچ کات وەک سیاسەتی بنەماڵەیی حیزبی دەسەڵاتی باشوری کوردستان سیاسەت ناکات و بەهیچ شێوەیەک سیاسەتی بەو شێوە قبوڵناکات. لەبەر ئەوە ئەمرۆ ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەر سێ بەشی دیکەی کوردستان بووەتە هێزێکی گەورە. لە باکور و باشوریش کوردستانیش سیاسەتی ئازادیخوازانەی گەلاکەمان لە لوتکەی تێکۆشاندایە، لەبەر ئەوە کورد ئەمرۆ یەکە و خاوەن یەک دۆزە و بۆ دۆزی خۆی خاوەن یەک پرۆژەی چارەسەریە، کە ئەویش فکری ڕێبەر ئۆجالان و نەتەوەی دیمووکراتیک و ئاواکردنی سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵیزمی دیمووکراتیە.”

” ئەمرۆ ڕۆژی پێناسەکردنی پیرۆزی و نەفرەتیەکانە”

خالید تاتانی لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی هەرێمی شارەزوور پەیامێکی پێشکەش کردوو وتی:” ئەمرۆ بۆنەی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پژاک ئێمەی هێناوەتە لای یەک ، هەر بۆیە وێرای پیرۆزبایی ئەو بۆنەیە لە خۆمان، پیرۆزبایی خۆشمان ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەین.”

خالید تاتانی باسی لەوەش کرد کە:” ئەمرۆ ڕۆژێکە کە جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی پێناسەدەکاتەوە، ئەمرۆ ئەو ڕۆژەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوین دوای تێپەربوونی ١٤٠٠ ساڵ دوای پێناسە کردنی پیرۆزی و نەفرەتیەکان جارێکی دیکە پێناسەی پیرۆزی و نەفرەتیەکان دەکاتەوە. ئەمرۆ ئەو ڕۆژەی کە ڕێبەرێک لە دایک بووە کە پێشەنگایەتی بۆ گەلی هەرە دێرینی ئەم ناوچەیە دەکات، هەر بۆیە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمەی گەلی کورد زۆر بە واتایە.”

لە کۆتایی دا ناوبراو وتی:” دامەزرادنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان( پژاک) لەم ڕۆژەدا واتایەکی گرنگی هەیە بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گشتی کوردستان، هەر بۆیە جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە لە هەموو کادیران و وڵاتپارێزان و بنەماڵەی شەهیدانی (پژاک) پیرۆزدەکەم.”

لە بەشێکی دیکەی پیرۆزباییەکاندا گەل و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناشتنی نەمام بەواتای سەر لەنوێ ژیانەوە ئەو رۆژەیان پیرۆزکرد. گەل و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای پەیامی پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، جەختیان لەوەش کردەوە کە هەتا سەرکەوتن پابەندی خوێنی شەهیدان دەبن و ڕێگای شەهیدان بەرنادەن. هەروەها گەل و گەریلا کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی خۆیان ئاڕاستەی زیان لێکەوتووانی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و هاوخەمی خۆیانیان دەربڕی. لە کۆتاییشدا بە گۆران و شادی خۆشی کۆتایی بە مەراسیمەکە هێنرا.

 

بابەتی پەیوەندیدار