لە کەسایەتی شەهید ڤیان پەیمان و کەماڵ پێنجوێنی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بە بیر دێنین

لە کەسایەتی شەهید ڤیان پەیمان و کەماڵ پێنجوێنی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بە بیر دێنین

٤ی نیسان بەرامبەر بە ١٥ی خاکەلێوە ساڵرۆژی لەدایکبوونی رێبەری مرۆڤایەتی، سەرۆک ئاپۆو هاوکات ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبردنی ئەم رۆژە وەک رۆژی لەدایکبوونی مرۆڤایەتی لەم راستییەدا سەرچاوە دەگرێ کە رێبەر ئاپۆ بە پێشکەشکردنی بیرو رامانی خۆی رێبازێکی نوێی لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی، بۆ گەلی کورد بەتایبەتی و گەلانی ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتی، ئاوا کرد کە بە شۆڕش لە کەسایەتی مرۆڤەوە بەرەو ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد لەگەڵ سروشت دا هەنگاوی هەرە بەنرخی هەڵگرتووە.

گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشکی بەپێزو بەنرخی لەم دەرفەتە مێژووییە وەرگرت و بە بەشداربوونی هەزاران لاوی کچ و کوڕ لە ریزەکانی گەریلاو تەڤگەری ئازادی، بەشدارییەکی بەرچاوی لە پێشخستنی ئەم شۆڕشە کە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار، کرد. دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی شۆڕشگێڕانی تەڤگەری ئازادی وەک شەهید عاگیف زاگرۆس، شەهید دڵخوازو شەهید زیلان پەپولەو شەهید نەوزاد کۆمار (کە یەکەمین شەهیدی پارتیمان بوو)و هەروەها دەیان شەهیدو هەڤاڵی پێشەنگی دیکە، سەرەڕای پەرەسەندنی تەڤگەری ئازادی بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان، وڵامێک بوو بەو بارودۆخەی کە بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان زاڵ بوو.

پژاک بە بنەما گرتنی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە ژیان و تیکۆشانی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بایەخ دان بە رۆڵی ژنان و گەنجان، وەک هێزێکی بە پلان و خاوەن پڕۆژە، لە ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی رێکخراوو بنیادنانی هێزی پاراستن، وەک پێگەی سەرەکی خاوەن رۆڵ و قورساییە لە نێو کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەر بەم هۆکارەش بەردەوام رووبەڕووی هێرش و پەلاماری دەوڵەتە هەرێمییەکان بووەو لە ئاکامی ئەم هێرشانەش گەلێک ‌هەڤاڵمان گەیشتوونەتە پلەی شەهادەت کە هەرکام لەم شەهیدانە پێشەنگایەتی قۆناغێکی تایبەتیان لە سەردەمی نوێی خەباتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەو بە شەهادەتی خۆیان کاریگەری بەرچاویان لە پێشخستنی کەسایەتی ئازاد و شۆڕشگێڕ لە نێو گەنجان داناوە.

بەشداربوونی کچان و کوڕانی گەنج لە ریزەکانی گەریلاو بەتایبەت بەشداریی بەرچاوو کاریگەر لە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و تێکشاندنی هێزە دڕندەو تاریک پەرەستەکانی وەک داعش، کە لایەن دەوڵەتە هەرێمییەکانەوە بۆ لەناوبردنی کورد پشتیوانی دەکران، بەڵگەیە بۆ ئەم راستییە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی داگیرکاریی کوردستان دا، تاکی ئازادی کورد بە پشت بەستن بە ئەندێشەی رێبەر ئاپۆو بە هێزوەرگرتن لەو حەقیقەتە شاراوەی مێژووی خۆی، جیاواز لە پێشوو لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان هەنگاوی ناوەو بە بکارهێنانی ستراتیژییەکی نوێ کە زیاتر لە هەمیشە لە قازانجی گەلی کوردو مرۆڤایەتییە توانیویەتی دەسکەوتی گرنگ مسۆگەر بکا.

لە رۆژەکانی مانگی نیسانیش دا وەک هەموو رۆژەکانی ساڵ، گەلێک رووداوی گرنگ و شوێندانەر لە مێژووی خەباتەکەمان جێی گرتووە. شەهادەتی هەڤاڵان شەهید ڤیان پەیمان، شەهید ئاویەر رۆژهەڵات و شەهید کەماڵ پێنجوێنی نموونەی هەرە بەنرخن کە لێرەداو لە کەسایەتی ئەم سێ شەهیدە نەمرەدا سەرجەم شەهیدانی تەڤگەری ئازادی و بەتایبەتی شەهیدانی مانگی نیسان بە بیر دێنینەوە. شەهید ڤیان وەک کەسایەتییەکی ئازادیخواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو تواناو لێهاتووەکانی خۆی، چ وەک شەڕڤانێکی ئازادی و چ وەک هونەرمەندێکی دەنگبێژ، هێزی چەک و دەنگی خۆی لە سەرخستنی شۆڕشی رۆژئاوا بەکار هێنا و تا دوایین هەناسە و دڵۆپی خوێنی خۆی لە بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلەکەمان لەم بەشەی کوردستان، لە تێکۆشان نەوەستاو وەک رەمزێکی خەباتکارو ژنێکی پێشەنگ بووە هێمای جەسارەت و یەکڕیزی بۆ نەتەوەکەمان.

شەهید ئاویەر رۆژهەڵات کە بە دروشمی “هەرچی دەبێ با ببێ و لە کۆتاییدا هەرعەفرینە کە سەر دەکەوێ”، بەشداریی لە “بەرخۆدانی سەردەم” کرد. شەهید ئاویەر وەک هەزاران گەنجی قارەمانی دیکە کە بە تێگەیشتن لە راستینەی شەڕ، بەشداریی بەرخۆدانی سەردەمیان کرد، بە گیانبازی و فیداکارییەکی بێ وێنە نموونەیەکی هەرە بەرزیان لە خۆباوەڕی و خۆڕاگری لە دڵ و مێشکی مرۆڤایەتی نەخشاند کە بە قەدەر سەدان ساڵ تێکۆشان، لە شکاندنی هێڵی تەسلیمیەت و خیانەت کاریگەر بوون.

هەڤاڵی شەهیدمان کەماڵ پێنجوێنی لە باشووری کوردستان، کە ئەندامی فەخریی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بوو نموونەیەکی دیکەیە لەو کەسایەتیە شۆڕشگێڕو بەرخۆدێرانە کە لە تێکشاندنی بیرو زێهنیەتی داگیرکراوو پارچەگەرا خاوەن پێگەیە. شەهید کەماڵ بە هەوڵ و تێکۆشان و پێشخستنی کەسایەتی خۆی و جێگرتنی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان دا، سەرەڕای بەکارخستنی تواناکانی خۆی بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی پارتیمان، ببووە چقڵی چاوی رژیمی دەسەڵاتداری ئێران و تا ئەو رادەیە  رق و کین لە هەڤاڵی شەهیدمان لایان پەنگی خواردبوو کە بەردەوام  بە کەڵک وەرگرتن لە هەڕەشە و گوشار، لە هەوڵی پاشگەزکردنەوەی لە خەبات و تێکۆشانی بوون. دوای ئەوەی لە هەوڵی تەسلیم وەرگرتنی ئیرادەو باوەڕی بەرزی تووشی شکست هاتن، لە کردوەیەکی قیزەون دەستیان دایە تیرۆری هەڤاڵمان. شەهادەتی هەڤاڵ کەماڵ نە تەنیا نەبووە هۆی پاشگەزبوونەوەی ئیرادەو باوەڕی ئازادیخوازانی گەلەکەمان بەڵکوو بووە هۆکاری هەرچی زیاتر جێگرتنی فکری رێبەر ئاپۆ و زیاتر هەستکردن بەو راستییانە کە رێبەر ئاپۆ، لە چوارچێوەی مانیفێستی شارستانی دێموکراتیک پێشکەشی کردوون.

لە درێژەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و دژ بە گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ تێکۆشان و بەرخۆدانێکی مەزن و بەتایبەتی چالاکی مانگرتن لە خواردن بە پیشەنگایەتی لەیلا گۆڤەن، ناسر یاگز، هەزاران گیراوی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و سەدان چالاکوان و کەسایەتی کورد لە کوردستان و سەرانسەری دنیا بەڕێوە دەچی کە شەپۆلێکی پشتیوانی و هاودەنگی نێونەتەوەیی بە دوای خۆیدا هێناوەو تا گەیشتن بە ئامانج، واتە تێکشاندنی فاشیزیم  و ئازادکردنی کوردستان و رێبەر ئاپۆ، درێژەی هەیە. هەر لەم پێوەندییەدا چەند هەڤاڵامان لە زیندانەکانی فاشیستی دەوڵەتی تورک بە چالاکیی فیدایی و گیان بەختکردنیان، دژ بە گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆو تێکشاندنی فاشیزم، قۆناغێکی نوێیان لە تێکۆشان پێشخستووە.

هەر بۆیە رووی بانگەوازمان لە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە بە هەستکردن بە گرنگی و هەستیاری قۆناغەکەو بە رۆحی شەهیدان و هەستکردن بە  بەرپرسیارەتی و بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانی، ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان، بەو پەڕی توانای خۆیان بکەونە مەیدانی تێکۆشان و لە سەرخستنی ئامانجی شەهیدان بەشدارو خاوەن رۆڵ بن.

کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار

07/04/2019

بابەتی پەیوەندیدار