نەورۆز هێمای بەرخۆدانە

نەورۆز هێمای بەرخۆدانە

ئەم ساڵ لە کاتێکدا نەورۆز پیرۆز دەکەین کە گەلەکەمان لەو پەڕی ئاستی تێکۆشین دایە. خەبات بۆ ئازادی و سەربەرزی دەکات، پشت ئەستور بە هێزی خۆیەتی، ئاکتۆری سەرەکی ناوچەکەیە، هەمو دونیا باش تێگەییشتون کە کوردی ئازاد تێکۆشان دەکات بۆ ئازادی و ئیرادەیەکی پۆڵایینی هەیە، پۆڵا ناچەمێت. کوردی ئازاد بە فەلسەفەی ئازادی لە تاقیکردنەوەی خۆی دایە، کوبانی دەخوڵقێنێت، بەرخۆدانی ئەفرین حەماسە و هاوکات ئیرادە ساز دەکات، ئیرادەیەکی یەکگرتو، ئیرادەیەک کە داگیرکەران و کۆنەپەرەستان بە ساڵانە تێکی دەڕوخێنن و سۆمای چاوی بینینی خۆری ئازادیان پێ ڵێڵ کردوە، سەرمایەداری و گەندەڵی کۆنەپەرەست حەولی خۆیان داوە بۆ بە ڵاڕێبردنی ڕەوتی شؤڕشگێڕی و ڕادیکالیزم لە کوردستان و هاوکات ناهومێدی و تەسلیمیەت مەشروعیەت پێبدەن و لە ناو کوردستاندا نۆرمالیزەی بکەن. زۆر گرینگە لەم سەردەمەدا قۆناخەکە باش ئانالیز بکەین و لێی تێبگەین. ئەم سەردەمە سەردەمی داڕشتنەوەی سیستمی نوێیە بۆ مودیریەتی کۆمەڵگا و هەڵبژاردنی ئازادانە لە بەردەستمان دایە، کۆیلەتی سەدەی پێشو بە فۆڕمی سیاسەتی پێشو قبوڵ بکەین و یا ژیانێکی ئازاد لە پێشەڕۆژ بە پاڕادایمی ئازادی.
بەشێک لە گەلی ئێمە بە تێگەییشتن لەم حەساسیەتەی مێژویی، سەرەڕای هەمو کۆسپێک ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان بۆ ئازادی هەڵبژاردوە، و ئەوەش گرینگە کە گەلی کورد بە یەکگرتویی بە پێشوازی ژیانێکی ئازاد هەنگاو هەڵێنێتەوە و خۆی لە زێهنیەتی کۆیلەتی ڕزگار بکات، داگیرکەرانی کوردستان هەمو تەرفەندەکانی بە کار دەهێنێت بە دژی کۆمەڵگا بۆ ترساندن و تۆقاندن و فریودان و بە لاڕێ بردنی گەل، بەڵام مخابن سەردەمەکە جیاوازە و کەسایەتیەکان و سیاسەتیش جیاوازە بۆیە سەرکەوتن بۆ گەلی ئێمەیە.
نەورۆز دەستپێکی بەهارە و ساڵێکی نوی دەست پێدەکات، ئاگر گەرمایی دێنێت و ئاگری نەورۆز هیوا دەبەخشێت، پێویستە ئاگری نەورۆز بکرێتە دوزەخی داگیرکەران و کۆنەپەرەستان و نەورۆزی ئەم ساڵ، ببێتە نەورۆزی بەرخۆدان نەورۆزی سەرکەوتن نەورۆزی بەرخۆدانی ئەفرین. نەورۆزی سەرهەڵدانی کاوەی ئاسینگەر بۆ ئازادی و تێکشکاندنی سیستمی پاشایەتی و دەستەڵات، شوونیزم و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران. بە هێنانە خوارەوەی پەیکەرێک لە ئەفرین لە هەمو کوردستان ئەم پەیکەرە بەرز دەکرێتەوە و ئەو کات جێژنی ئازادی و نەورۆز لە هەمو ئازادیخوازێک پیرۆز دەکەین. پێویستە هەمو کوردێکی ئازادە ڕێگای خۆی هەڵبژێرێت و ئیتر یەخسیری نیشتمانەکەی قبوڵ نەکات و ببێتە بەشێک لە تێکۆشانی هەدەفمەند.
لە کۆتایی دا جێژنی نەورۆز لە شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان و هەمو خەباتکاران و ئازادیخوازان پیرۆز دەکەین و بەڵێن نوێ دەکەینەوە نەورۆز بکەینە هەوێنی سەرهەڵدان و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی لە کوردستان و ژیانێکی بە ڕومەت و لایقی گەلی ئێمە لە کوردستان.
هاوسەرۆکایەتی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان( پژاک)
29.12.2717

بابەتی پەیوەندیدار