هاوسەرۆكی پژاك: لە سیستەمی دیكتاتۆری ویلایەتی فەقیەدا شتێك نیە بەناوی هەڵبژاردن

هاوسەرۆكی پژاك: لە سیستەمی دیكتاتۆری ویلایەتی فەقیەدا شتێك نیە بەناوی هەڵبژاردن

تەنها چەند ڕۆژێكی كەم ماوە بۆ هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی شواری ئیسلامی ئێران (پەرلەمان) و ئەنجومەنی شارەزایان. زۆربەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەو هەڵبژاردنە بایكۆت دەكەن و پێیانوایە كە سیستمێكی دژە دیمۆكراتی وەك ئێران، هەڵبژاردن هیچ مانایەكی دروستی نیە.
لە چاوپێكەوتنێكی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) سەبارەت بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران لەلایەن پژاك دەڵێت: تەنیا ئاڵتێرناتیو ئەوەیە كە راستێكان و ئامانجەكانی ئەو سیناریۆ و ئەو شێوە هەڵبژاردنانەی كۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران رون بكرێتەوە و لەقاوبدرێت.

وەك پەژاك ئێوە هەڵبژاردنەكانی ئەو خولەی پەڕلەمانی ئێرانتان بایكۆت كرد، هۆكارەكانی ئەو هەڵوێستەی ئێوە چی بوون؟
حاجی ئەحمەدی: هەڵبژاردن سیستەمێكی دێموكراتیكی كۆمەڵایەتیە، ئوسول و پڕێنسیبی خۆی هەیە، ئەگەر ئەو ئوسول و پڕێنسیبانە لەبەرچاو نەگیرێن كاردانەوەی بە پێچەوانەی دەبێ و دەكەوێتە خزمەت دیكتاتۆریەت، لە وڵاتانی دێموكرات دا هەركەس تەمەنی بگاتە ئەو رادەیە كە یاسا دیاری كردوە دەتوانێ خۆی كاندید بكات، هەركەس تەمەنی بگاتە ١٨ ساڵ دەتوانێ بەشداری لە هەڵبژاردندا بكات و دەنگبدات بە كاندیدی دڵخوازی خۆی، مافی خۆكاندیدكردن و مافی دەنگدان هیچ پێوەندێكی نیە بە ئێتنیسیتە و ئاین و ئیدیۆلۆگی و بیرو بۆچونەوە، لە سیستەمێكی دیكتاتۆریدا بەتایبەتی كۆماری ئیسلامی ولایەتی فەقیەدا شتێك نیە بەنێوی هەڵبژاردن، لە كۆماری ئیسلامی ویلایەتی فەقیەدا سیناریۆی هەڵبژاردن دوو ئامانجی هەیە.
یەكەم/ بەهێنانی خەڵك بۆ سەر سندوقەكانی هەڵبژاردن بە جیهان نیشانبدەن كە كۆماری ئیسلامی سیستەمێكی دێموكراتیكە و خەڵك لەرێگای هەڵبژاردنەوە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن.
دووەم/ هەروەها بە گەلانی ئێرانیش دەڵێن كە ئەوانە نوێنەری ئێوەن، چون بەدەنگی ئێوە هەڵبژێردراون، كە واتەهێنانی خەڵك بۆ سەر سندوقەكان تەنیا وتەنیا مەشروعیەتدانە بۆ ئەو نوێنەرانە كە خۆیان لە پێشدا دیاریان كردوون، بەو شێوە هەوڵدەدەن وانیشان بدەن كە بەدەنگی خەڵك هەڵبژێردراون.

ئایا ئەو هەڵوێست و ئەو بایكۆتكردنە لەگەل هەڵوێستەكانی رابردوو جیاوازی هەیە؟
حاجی ئەحمەدی: لە رابوردو و ئێستا و لەداهاتوشدا هەڵوێستی ئێمە لە پێناو دێموكڕاتیزە كردنی ئێران دا بووە، دایە و دەبێت كە وابو هەڵوێستی رابوردومان لە گەڵ هی ئێستا هیچ جیاوازێكی نیە.

ـ هەر وەك دەزانرێت زۆربەی حیزبەكانی دیكەی كورد رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئەو هەڵبژاردنەیان بایكۆت كرد، ئایا نەدەتوانرا كە بە یەك دەنگ و یەك رای و لەیەك بەرەدا ئەو هەڵوێست (ئەو بایكۆت كردنە) راگەیاندراببێت؟
حاجی ئەحمەدی : دیارە نەك وا باشتر دەبو، بەڵكو دروستێكەشی هەر ئەوە بوو كە نەك هەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكو هەمو حیزبەكانی لۆكاڵ و ناوچەیی نەتەوەكانی ئێران و حیزبەكانی سەراسەریش هەمویان پێكەوە یەك هەڵوێستیان گرتبایە، هەم لە جیهاندا و هەم لە ناوخۆی ئێران دا كارگەری زۆر باشتر و بەرچاوی دەبوو.

ـ وەك پەژاك، ئیوە چۆن پلان و پرۆژەیەكتان هەیە كە وەك ئەلتەرناتیڤ لە جێگای بەشداریكردن لەهەڵبژاردن، گەلانی ئێران و گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان بتوانن متمانەی پێبكەن و پەیڕەوی بكەن؟
حاجی ئەحمەدی: تەنیا ئاڵتێرناتیو ئەوەیە كە راستێكان و ئامانجەكانی ئەو سیناریۆ و ئەو شێوە هەڵبژاردنانەی كۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران رون بكرێتەوە و لەقاوبدرێ، چون هوشیاری نەتەوەكان و گەلانی ئێران تەنیا ئالتێرناتیوە..
سەرچاوە: ڕۆژنیوز

بابەتی پەیوەندیدار