٢ی رێبەندان، خاڵی شانازی و پێداچوونەوەی ئێمەیە!   

٢ی رێبەندان، خاڵی شانازی و پێداچوونەوەی ئێمەیە!  

سەرەتا لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، ئەو بۆنە مێژووی و گرنگە لە تێکڕای گەلەکەمان پیرۆز دەکەین و هاوکات سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەڵمەتی راپەڕینی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

رون و ئاشکرایە کە نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەو گەلە ریشەدارانەیە کە تێکۆشانی بەردەوامی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەری پەیرەو کردووە. بەتایبەت لە سەدساڵی رابردوودا، گەلێک نمونەی تێکۆشان و خۆڕاگری گەلی کورد تۆمار کراون. لەلایەکیترەو بەبۆنەی پێگەی ژئۆپلۆتیک، دەولەتمەندییە مادی و مەعنەویەکانی و هاوکات بەهۆی خسڵەتەکانی کۆمەڵگای سروشتی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا، کە دەتوانێت ببێت دینامۆی دموکراتیزەکردنی هەرێمەکە، ئەوەیش ئەوشتەیە کە سیستەمی سەرمایەداری و داگیرکاری نایهەوێت، بەردەوام لە رێگای دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان و بە پاڵپشتی و چاوپۆشی هێزەکانی سەرمایەی جیهانی، هەوڵدراوە ئەو تێکۆشانەی گەلی کورد تێک بشکێندرێت و پێش لە گەیشتنی بە ئارمانجەکانی بگیردرێت. ئەو هێزانەیش بۆ گەیشتن بەو ئارمانجەیان بەردەوام هەوڵی تێکدانی تایبەتمەندی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی گەلی کوردیان داوە و هەوڵیانداوە بۆ بێ ئاکام هێشتنەوەی رەنج و تێکۆشانی کەسایەتی و کۆمەڵگای شۆڕشگێڕی کورد، کاراکتری دژەشۆڕش و لەمپەر لەبەر سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی کورد، لەناو کەسایەتی و کۆمەڵگای کورد دا، بخولقێنن.

یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی مێژووی گەلی کورد، کە هەم جێگای شانازی و هەم مژاری پێداچوونەوەی ئێمەیە، راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی بوو. وەک دەزانرێت لە سەروبەری شەڕی جیهانی دووم، لەنێو دەوڵەت  ـ نەتەوەی داگیرکەری ئێران دا، کەلێن و بۆشایەک هاتە ئاراوە و دەرفەتێکی تر بۆ رزگاری و ئازادی نەتەوەی کورد و وڵاتی کوردستان رەخسا. نوخبەی کورد و کۆمەڵگای کورد، لەگەڵ هەموو لەمپەرە دەرەکی و ناوخۆیەکان، هەوڵیاندا ئەم هەلە بقۆسنەوە. ئاواکردنی کۆمەڵەی ژکاف هەوڵێکی رەوا و لەجێی خویدا بوو بۆ خۆبەڕێکخستن کردن و خۆ تەیارکردن بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە. بەڵام بەهۆی کاراکتەری دونیای دەسەڵاتداری و داگیرکاری، بەتایبەت سەردەمی سەرمایەداری، رێگە بە چارەسەری یەکلایەنەی ئیرادەی گەلان نادرێت و بەردەوام ئەو هێزانە دەستێوەردانی رەنج و ڤینی گەلان دەکەن، تێکۆشەرانی ئەوکاتەی کۆمەڵەی ژکاف بەهۆی دەرک کردن بەم راستیە و بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخی هەیی (وضعیت موجود) و رئال پولوتیک، بە پێ پەیوەندی و خواستی یەکیەتی سۆڤیەت پێکهاتەی رێکخستنی و سیاسی خۆیان لە کۆمەڵەی ژکافەوە، دەگوازنەوە بۆ حزبی دموکراتی کوردستان و لەو چوارچێوەدا کارو خەباتی خۆیان ئاراستەی راگەیاندنی ستاتۆیەکی گشتیتر وەک کۆماری کوردستان و پێکهێنانی رێکخراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سەربازی گشتگیرتر لە پێکهاتەی حزبی دەکەن. لە راستیدا ئەوە بۆخۆی گاوێکی ئەرێنی هەنگاوی کۆماری کوردستانە کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت حێزب رۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕێت، بەڵام بە دروستکردنی رێکخراوی ناحێزبی نایەوێت هەموو جومگەکان لەلایەن حێزبەوە قۆرخ بکرێن.

وەک دەزانرێت کۆماری کوردستان زیاتر لە ١١ مانگ نەیتوانی بژیەت و بەهۆی گەلێک فاکتۆری ناوخۆیی کە نەیانهێشت کۆماری کوردستان پێگای خۆی پتەوتر و بەربڵاوتر بکات تا بەرگەی هێرشەکان بگرێت، هاوکات بەهۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی و سات و سەودای ناوبەینی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ روسیا و ئامریکا، کۆماری کوردستان هەڵوەشێندرایەوە و رێبەرانی کۆمار و سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی موحەمەدیشی لەگەڵ، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە لە سێدارەدران. بێگومان بۆ ئەوڕۆی ئێمە و تێکۆشانەکەمان گرنگە کە کۆماری کوردستان هەم وەک شانازییەک ببینین و خاوەن لە میراس و سمبولەکانی دەربکەوین و کین و نفرەتی خۆمان لەبەرانبەری داگیرکاری بەهۆی قڵاچۆکردنی کۆماری کوردستان قووڵتر بکەینەوە و هاوکات لە لاوازییەکانی کۆماری کورستان کە نەیتوانی بەردەوامی بە عومری خۆی بدات لێبکۆڵینەوە و وەک پێداچوونەوەیەک بە مێژووی خۆماندا دەستی لەسەر دانین.

دوو خاڵی سەرەکی کە دەتوانین لەو بوارەدا لە بەرچاوی خۆمان زەقی بکەینەوە و وەک وانەیەک لە چارەنووسی کۆماری کوردستان بۆ ئەوڕۆی گەلەکەمان بە بنەمای بگرین، ئەوەیە کە بەرلە هەرشتێک راز و هێزیی سەرکەوتن و رزگاری یەکگرتنە و هاوکات رەواندنەوەی وەهم و باوەڕی لە بەرانبەر داگیرکەر لە مێشکی خۆمانە. وەک دەزانرێت پێشەو قازیش لە دوا قسەکنیدا پێداگری لەسەر ئەم دوو خاڵە دەکات یەک: یەکبگرن و یەکگرتوو بن. دوو: باوەڕ بە داگیرکەر مەکەن.

لە کۆتاییدا لەگەڵ پێرۆزکردنی ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان، هاوکات کین و نفرەتی خۆمان لەبەرانبەری داگیرکاری دوپات دەکەینەوە و دڵنیاین بە رۆحی هەڵمەتی راپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییدا سەرکەوتن هی ئێمەیە و کەوتن و چۆکدانان هی داگیرکەرانە. هاوتەریب جارێکیتر دەستی یەکگرتنمان سەرەتا بۆ هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی نەتەوەکەمان و هاوکات هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان درێژدەکەین و پێداگری خۆمان لەسەر پێویستی یەکیەتی نەتەوەیی دووپات دەکەینەوە.

 مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک

٢١/٠١/٢٠٢٠

بابەتی پەیوەندیدار