كۆدار و پژاك؛ پێشه‌نگانی سیسته‌می كۆنفێدرالیسمی دیموكراتیك له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

كۆدار و پژاك؛ پێشه‌نگانی سیسته‌می كۆنفێدرالیسمی دیموكراتیك له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

دەستپێک سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی بەشداربوانی ئەم کۆنفرانسە دەکەین و هاوکات سپاس و ڕێزی خۆمان پێشکەش بە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەکەین کە میوانداریەتی ئێمەیان کردوە.
بەڕێزان!
رۆژهەڵاتی ناوین قۆناخێکی هەستیار و میژویی تێپەر دەکات و ئاڵوگۆڕیەکان بە خێرایی دەچێتە پێش. بێ گومان داهاتوی ناوچەکە و رەوتی بەرەوپێشچونی ئاڵوگۆڕیەکان باندۆری خۆی لە سەر هەمو فاکتەری کۆمەڵایەتی و سیاسی دواڕۆژی ژیانی مرۆڤەکان دەنەخشێنێت. بڕیاری دروستی سیاسی ئەم قۆناخە دیارکەری ژیانی ئارام و بە واتای نەوەی داهاتو دەست نیشان دەکات. ئەم قەیرانەی لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە بەرهەمی سیاسەتی پاوانخوازی و بەرژەوەندی کۆمەڵێک ئاکتۆری ناونەتەوەیی لە داڕشتنەوەی سیاسەتی کەلان و هەڵەی سەدەی پێشوو سەرچاوە دەگرێت و بۆ سەدەیەک نەهامەتی و وێرانی بۆ گەلی ئێمە و هەمو گەلانی ناوچەکە هێناوە.
داعش وەک ئامرازێک، لە بازنەی فندامنتالیزمی ئیسلامی بە ڕومەتی تۆقێنەر هەمو پێوانەکانی مرۆڤایەتی تێپەڕاندوە و بە کردەوەی تیرۆریستی و نامرۆڤانە، هەمو ئینسانە بەهەستەکانی توشی شۆک کردوە، و ئەم دیاردەیەش بەرهەمی سیاسەتی نەشیاوی سەردەم رەقەم لێدەدات کە بۆتە هۆی گەشە کردنی پاشوەڕۆیی و کۆنەپەرەستی بەشێک لە ناوچەکە کە لە بەردەوامی خۆی دا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەمو مرۆڤایەتی.
لەناو بشێوی و قەیرانی مودیریەت لە سوریە و سیاسەتی پەرەپێدانی دوژمنکارانە لە ناو گەلان و پێکهاتەکاندا، دۆزینەوەی ئالترناتیڤ بۆ ئەم ڕەوشە کلیلی چارەسەری و بنبڕ کردنی فاناتیزم و ناسەقامگیری لە گەڵ خۆی دێنێت، و بە تێگەییشتن لە مێژو و بەستەری ئەم ڕەوشە، هاوهەنگاوی هەمو هێزە پێشکەوتنخوازەکان و کۆمەڵگای ناونەتەوەیی پێویستیەکی حەیاتیە، و ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک مۆدێلی هەرە گونجاوی سەردەمە.
رەوشی ئیستای ئێران بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پیوانەکانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک هاوسەنگ نییە و ئینکارکردنی ماف و شوناسی نەتەوەیی، بەربەست کردنی ئازادی رادەربڕین و مافە سەرەتاییەکان و مافی خۆبەڕێکخستن کردنی پێکهاتە جیاوازەکان لە بیروڕای کۆماری‌ئیسلامی ئێراندا ڕۆژانە بەردەوامە و گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لەپەرەسەندندایە. بێگومان ئەوەش پێویستی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لەسەر سیاسەتی ئێران فەرز دەکات و بەردوامی رەوشی هەنووکەیی لەدواڕۆژی ئێراندا درێژەدەری هەمان زێهنیەتی داعشی و کۆنەپەرەستیە. چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە بە هەمان پێوانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی یەکترن و تۆلێڕانس و ژیانێکی ئازاد کلیدی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە ناو ئێرانیشدا. بێگومان پێویستە رێبازی چارەسەری رێبازێکی گونجاو و دموکراتیک بێت.
پرۆژەی نەتەوەی ـ دموکراتیک و کونفدرالیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری گەلان وەک ئامانجی کارو خەباتی پەژاک، کۆدار دەتوانێت رۆڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشە پەنگخواردوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران بگێڕێت. پێویستە ئەوەمان بەرچاو بێت کەتێکۆشانی پژاک و کۆدار لە هەموو بوارەکاندا کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر ماف و داخوازی خۆی وشیار کردووەتەوە. هاوکات تێکۆشانی گەلی کورد لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، مودێلی تێکۆشان و خۆبەڕێوەبردنی ئازادانە, راستی ئەم مژارەی خستووەتە بەر چاوی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە ژیانێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک لە گەڵ گەلانی ناوچەکە دەتوانین هیواو پێداگری بۆ سەرکەوتن مسۆگەر بکەین، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هێچ شێوەیەک لە داهاتووی ئێراندا بێ ستاتۆیی قەبووڵ ناکات، واتە تێکۆشان بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک لەئارادایە. پژاک وەک پارتیەکی سیاسی و کۆدار وەک سیستەمێکی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک بە پشت بەستن بە گەل و هێزە دێمۆکڕاتیکەکان و هاوکات بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان و دیموکراسی جیهانی و بە پیوەندی لەگەڵ لایەنەکانیتر دەتوانن پێشەنگایەتی ئەم ڕەوتە بکەن.
بێگومان سیاسەتی دموکراتیک و دیالۆک کەرەسە و ئامانجی سەرەکی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانە و بۆ ئەوەش هەموو هەوڵ و توانا دەخرێتە گەڕ بۆ چارەسەری دێمۆکڕاتیک، بەڵام لەئەگەری بنبەستکردنی هەموو رێگەچارە سیاسی و دوولایەنەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هێزی بەرەو پێشبردنی یەکلایەنەی کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک چڕتر دەکەینەوە. شێوازی چارەسەری ئێمە چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لە نێو سنوورەکانی ئێرانە و پێکەوە ژیانێکی ئازاد لەگەڵ گەلانیتری ناوچەکەیە.
هیواخوازین ئەم دەست پێشخەریە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە و بۆ پێش گرتن لە پەرەسەندنی زیاتری فندامنتالیزمی ئیسلامی خولقێنەر بێت و مۆدێلی ڕێگە چارەی ئەم قەیرانەی بە شێوەیەکی هاوبەش بتوانێت پەرە پێ بدات، چونکو هەمو گەلانی ناوچەکە شیاوی ژیانێکی ئازاد و بە ڕومەتن و ئێمە وەک هێزێکی پێشەنگ ئامادەی هەمو فیداکاریەکین و بۆ ئەم مەبەستە هەتاکو گەییشتن بە ئازادی لە تێکۆشان سڵ ناکەین. هەر لایەنێکی جیهانیش کە پشتیوانی ئەم تێکۆشان و چارەسەریە بکات لە ساحەی ناوچەکە خاوەن پرستیژ و کاریگەری دەبێت.

پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان _ پژاک
١٥-٢-٢٠١٧

بابەتی پەیوەندیدار