پێویستە بنەماڵەکان لەدژی ژەهراوی کردنی کچەکانیان، وەدەنگ بێن
پێویستە بنەماڵەکان لەدژی ژەهراوی کردنی کچەکانیان، وەدەنگ بێن

پێویستە بنەماڵەکان لەدژی ژەهراوی کردنی کچەکانیان، وەدەنگ بێن

سەرەتا لە کەسایەتی نیکا شاکەرەمی، ئەسرا پەناهی، سارینا ساعیدی، مەهسا مۆگویی، سارینا ئیسماعیلزادە هەموو شەهیدانی ژن و جوان و لەناودا خویندکاران و سەرجەم شەهیدانی رێگای شۆڕشی ‌‌حەقیقەت کە پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن، وەبیر دێنینەوە.

سەرهەڵدان و خۆڕاگری مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ گەش و گەشتر دەبێ، دوای ٦ مانگان دەربازی قۆناخێکی نوێی تێکۆشان بووە. دژایەتی و سەرکوتکاری داگیرکەری ئێران بۆ ئەوەی هەڵوێستی کۆمەڵگا لاواز بکات، رۆژانە رێ و رێبازی شەڕی تایبەت بەکار دێنێت و بەو کردەوانە پەلەقاژەی دوا ساتەکانی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی دەکا. ئەوەش نیشاندەری لووتکەی لاوازی دەوڵەت – نەتەوەیە کە راستینەی رماندن و داتەپێنی خۆی پەردەپۆش پێ دەکات.

سەرەڕای ئەو هێرشە پان و بەرینەی رژێم بە رێ گرتن و ئەشکەنجە و بەرزبوونەوەی رێژەی سێدارەدان شاهیدی ئەوەین کە سیاسەتی داگیرکەری و کۆمەڵکوژی رژێم بە ئەنجام نەگەیشتوە. لەبەر ئەوە رووی لە خوێندکاران کردوە و پەلاماری سەر خوێندنگاکانی کچانە دەدات. ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە پێشەنگانی شۆرشی ژن ژیان ئازادی گەنجانن. لە ناو گەنجانیشدا قوتابی و خویندکاران رەنگدانەوەیەکی دیارکەریان هەبوو. خۆ بە رێکخستن کردنی قوتابیانی کچی دەبیرستانی و زانکۆکان و رژانەسەر کۆڵان و شەقامەکان رووداوێکی مێژوویی – کۆمەڵایەتیە کە بۆتە کابووسی دەسەڵاتداری نیو سەدەی وەلایەتی فەقێ. دەتوانین بڵێن بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێران خوێندکاران ئەرکی راستەقینەی خۆیان گرتۆتە ئەستۆ و بە هێز و ئیرادەی پۆڵایینیان خوێندنگا و شەقامەکانیان خرۆشاندووە. ئەو هێزە پێشڕەوە سەلماندیان کە خاوەنی راستەقینەی زانکۆ، قوتابخانە و شەقام، گەنجانی ئەم وڵاتەنە و جێیەکیان بۆ بەکرێگیراو و داربەرەستانی دەوڵەت، وەک بەسیج، نەهێشتۆتەوە. کچانی دەبیرستانی، گۆڕەپانێکی وەک قوتابخانە کە بە هەزاران ساڵە، دەسەڵات ئەسپی زۆرداری خۆی تێدا تاو دەدات، لە زۆردارانی گرتەوە و پێشکەشی مامۆستای راستەقینە، واتا کۆمەڵگایان کردەوە. لە دەست دانی گۆڕەپانێکی وەک پەروەردە بۆ سیستمی دەسەڵاتداری تۆقێنەرە و رژێم بەرەو لە ناو چوون دەبا. بۆیە سیستەم کەوتۆتە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە قوتابیان و بە رێبازێکی ترسنۆکانە بە ژەهراوی کردنیان هێرش دەباتە سەر کچانی پێشەنگی دەبیرستانی و دەیەوێت پێشەنگانی شۆرش بێکاریگەر و لەگۆرەپانی تێکۆشان و بەرخودان وەلاوە بنێت. ئەو بنەماڵانەی کە خاوەنداری لە منداڵەکانیان دەکەن، سەرکوت و دایاندەپڵۆسێنن. چونکە بە پلان و زانابوون ئەو شوێن و پێکهاتەیان کردوەتە ئامانجی هێرشەکانیان تا رژێم هەژمۆنی دەسەڵاتداری خۆی بە سەر گەل و کۆمەڵگاوە ساز بکاتەوە.

لەو پێناوەدا وەک کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژەهراوی کردنی کچانی خوێندکار کە بە درووشمی ژن ژیان ئازادی لەدژی فاشیزم و داگیرکەری لەلووتکەی بەرخودان دان، هاوشێوەی ئەو هێڕشانەی کە بە چەکی کیمیاوی دەکرێتە سەر گەریلاکانی کوردستان لە زاپ، ئاواشین و مەتینان لەقەڵەم دەدەین. چونکە ژەهراوی کردن و بە کارهێنانی هەر جۆرە چەکی دژە مرۆیی و لەناودا چەکی کیمیایی، کولتوورێکی فاشیستانە و پیاوسالارانەیە کە بە هیتلێر و سەدام دەستی پێکرد و بە ئەردۆغان و خامنەیی بە ڕێ و رێبازی چەپەڵ بەردەوام دەکات. بۆیە وەک گەلی کورد لە بۆن و هەڵمژینی گازی کیمیایی و ئەو رێبازانەی شەڕی تایبەت نامۆ نین. بۆیە نەیارانی کورد و دیموکراسی ئیدی لەو بابەتانەدا خەیاڵیان خاوە، کە بەو رێ و رێبازانە گەنجان و ژنانی کورد و گەلانی ئازادیخواز لەتێکۆشان پاشگەز بکەنەوە. چۆن داگیرکەرانی کوردستان بە ساڵانە بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە شاخەکانی کوردستان لەدژی کچ و گەنجانی گەریلا نەگەهێشتوونەتە ئەنجام، بۆیە هەرگیز لەسەنگەرەکانی بەرخودان و تێکۆشانی گەل وەک خوێندنگاکانی کچانەش ئەنجام ناگرن.

بۆیە وەک هێزی پێشەنگی گەنجان بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە ئەو هێرشە دڕندە و نامرۆیانە بە بێ وڵام ناهێڵینەوە و بە پشتیوانی و یەکانگیری لەگەڵ گەنجان بە گەشانەوەی شۆڕشی ئازادی ژن تۆڵەی ئەو پیلانە نەگریسانە دەستێنینەوە. هەر وەها داوا لە تەواوی گەنجان، بە تایبەت قوتابیان و خویندکاران دەکەین کە لەبەرامبەر ئەو هێڕشانە بێ دەنگ نەبن و بە یەکگرتوویی و تەبایی بڕژنە سەر شەقامەکان تا تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژی و جەنایەتانە کە دەیانهەوێ کۆمەڵگای گەنجان و ژنانی گەنجی پێ دابمرکێنن بە سزای پێویست بگەیەنن و پێویستە بنەماڵەکان لەم قۆناخە دژوارەدا بە پشتیوانی و هانای رۆڵەکانیانەوە بچن و ریزەکانی شۆڕش پتەوتر و بەرین تر بکەن.

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان ـ KCR

٥/٣/٢٠٢٣

 

بابەتی پەیوەندیدار