پێویستە گەنجان لەدژی زۆڵم و زۆرداری رژێمی داگیرکەری ئێران راپەڕن

پێویستە گەنجان لەدژی زۆڵم و زۆرداری رژێمی داگیرکەری ئێران راپەڕن

هەتا رۆژی ئەمڕۆمان کەسانێک کە لە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران و زوڵم راوەستاون، بەردەوام رووبەڕووی هێرشی راستەقینەی زوڵم  و زۆری داگیرکەران بوونەتەوە. ئەوە مافی هەر کەسێکە کە بە بیر و هزری خۆی لە دژی هێرشی داگیرکەری و زوڵم و زۆری راوەستێت، لەبەر ئەوەی کاتێک مرۆڤ لە دایک دەبێت مافی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازادی هەیە، بەڵام، ئەو بیر و ژیانە ئازادە لە لایەن رژێمی دەسەڵاتداری ئێرانەوە بەردەوام رووبەڕووی هێرش، سەرکوت و ئەشکەنجە بووەتەوە و تاکەکان دەکوژرێن و لە سێدارە دەدرێن. رژێمی دژە مرۆڤی ئێران خوازیارە بە ئەشکەنجە، کوشتن و لە سێدارەدان، دەنگی ئازادی گەنجان کپ بکات؛ تا سەرجەم کردەوەکانی رژێم پەسەند بکەن و بەو شێوەیە باس و گفتگۆ لە بیرورای ئازادی خۆیان نەکەن. رژێمی ئێران بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەیەوێت سەرجەم کۆمەڵگا بکاتە کۆیلەی خۆی. لە لایەکەوە گەنجان لەسێدارە دەدات، لە لایەکەوە قۆڵبەست یان دەکات و دەیانخاتە گرتووخانەکان و لە لایەکی‌تریشەوە دەنگی ناڕەزایەتی سەر شەقام کپ دەکات. تا رۆژی ئەمڕۆمان بە هەزاران مرۆڤ بە دەستی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە لە سێدارە دراون. سیستەمی سێدارە سیستەمێکی دژە مرۆڤایەتی و دژی گەنجانە. ئەو سیستەمە لەبنەڕەتدا سەرکوتی گەلانی ناڕازی کردووەتە ئامانج. شکۆ و بەهای مرۆڤ لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە هیچ بایەخێکی نییە و بە ئاسانی گیانی مرۆڤەکان دەکێشێت. لەبەردەوامی هەمان سیاسەتدا نەوید ئەفکاری بەدەستی دەوڵەتی گەنج کوژ و ژنکوژی ئێران لەسێدارە درا؛ نەوید ئەفکاری گەنجێک بوو کە لەبەرامبەر زوڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێران بێ‌دەنگ نەبووە و سیاسەتی ئەو رژێمەی پەسەند نەکردووە و لەبەرامبەر بەو سیاسەتانەی ئێران بەشداری کارای لەخۆپیشاندانەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ی کردووە و لە بەرامبەر زهنیەتی فاشیزم و دیکتاتۆرییەتی ئێران دەنگی ناڕازی خۆی بەرز کردووە. لە مێژوودا زۆر کەس بۆ ئەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی بپارێزن لەبەرامبەر دوژمنی مرۆڤایەتی تێکۆشانیان کردووە و تەنانەت لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کردووە. لە مامۆستا فەرزاد و شیرین عەلەمهولی وهاوڕێیانیان هەتا نەوید ئەفکاری، نە یەکمین کەسانێک بوون کە لە سێدارە دراون و بە پێ ئەو زهنیەتی حاکمی دەسەڵاتدارانی ئێران دوایین کەسیش نابن. بەڵام، رژێمی داگیرکەری ئێران پێویستە بە باشی ئەوە بزانێت کە گەلی ئازادیخواز هەر لەکاتی حکومەتی رەزاشا تا دوای شۆڕشێ ١٣٥٧ـیش هەرگیز بە سێدارەدان نەترساون و دەستیان لە تێکۆشان بەرنەداوە و بە لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاریش هەرگیز دەست لە تێکۆشان بەرنادەن. ئەمڕۆکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا هێرش لەسەر ژنان، گەنجان و کۆمەڵگاکان دەکرێت؛ بۆیە گەنجان و ژنان بە هەموو هێزیانەوە لەپێناو پاراستنی ئیرادەی ئازادیان هەڵمەتی تێکۆشان بۆ ئازادی لەدژی ئەو رژێم پەرە پێ بدەن.

بانگەوازی لە سەرجەم گەنجان دەکەین کە ئیدی لە بەرامبەر بەو سیستەمە بێ دەنگ نەمێنن، چون بێ‌دەنگ بوون دوور لە گەوهەری گەنجانە، واتا گەنجان، زوڵم، گوشار و کۆیلەتی پەسەند ناکەن. لەم سۆنگەشەوە پێکهاتەکانی وەک، گەلانی فارس، عەڕەب، بەلوچ، ئازەر، ئەرمەن و کورد پێویستە ئەو زوڵم و زۆردارییە پەسەند نەکەن و بە هەر شێوەیەک ئاستی تێکۆشان بەهێزتر و بەرفراوانتر بکەن؛ چونکە گەنج پێشەنگی کۆمەڵگا، پێشەنگی ژیانی ئازاد و ویژدانی مرۆڤایەتییە.

وەکوو کەجەرە هێرش‌گەلێک کە لەسەر کۆمەڵگا بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەکرێت، پەسەند ناکەین و ئاستی تێکۆشانمان لەدژی داگیرکەری بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکەین. دەست پێکردنی کەمپەینی کات، کاتی گریلایەتییە، خاوەندارێتی کردن لە فەلسەفەی گەریلایەتی، گەشانەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی و ژیانی ئازادە. گەریلایەتی زوڵم، چەوساندنەوە و دوورخستن لە ویژدانی مرۆڤایەتی پەسەند ناکات. گەریلایەتی لەبەرامبەر سێدارە، کوشتن و هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووک‌دا دەوەستێتەوە. گەریلا، پارێزەری دادپەروەری و دیموکراسییە. گەریلا فەلسەفەی ژیانی ئازادە. بۆیە دەبێ سەرجەم گەنجانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەو زوڵم و زۆردارییە بێ دەنگ نەمێنن و دەنگی ئازادییان بەرز بکەنەوە و لەبەرامبەر سیستەمی فاشیستی ئێران راپەڕن و روو لە ریزەکانی گریلای ئازادی کوردستان بکەن. چون بە فەلسەفەی گەریلابوونەوە دەتوانن تۆڵەی نەوید ئەفکاری و بە هەزاران گەنجی‌تر لەرژێمی داگیرکەری ئێران و سیاسەتی پەت و سێدارەی رژێم بستێنینەوە. گەنجان لە کوێ دەبێ با ببێ، لە کۆڵانەکان، لە مەکتەبان، لەسەر کار و شەقامەکان‌دا پێویستە لە دژی سێدارەدانی نەوید ئەفکاری و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزایەتی نیشان بدەن. ئێستاکە لە هەر شوێنێک گەنجان لەبەرامبەر ئەو سیستەمە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەو خۆڕاگریانە سڵاو دەکەین و داوای پەرەپێدانی و بەردەوامی خۆپێشاندانەکان دەکەین. پێویستە گەنجان هیچ ئاستەنگییەک لەبەرامبەر تێکۆشانیان نەبینن و راپەڕن. ئەوەی کە لە دژی فاشیزم و سێدارە راوەستێت گەنجانن و ئەوەیکە سێدارە و سیستەمی سێدارە هەڵبوەشێنێت خۆڕاگری گەنجانە.

کۆردیناسیۆنی کەجەرە

١٥/٩/٢٠٢٠

س

بابەتی پەیوەندیدار