کاولکارییەکانی ناوەندگەرایی لە ئێران

کاولکارییەکانی ناوەندگەرایی لە ئێران

قەیرانێک کە ئەمڕۆ داوێنی سروشتی گرتۆتەوە بەرهەمی ناکارامەیی بەرێوەبەرانی دەوڵەتی و حرس و چاوچنۆکی سەرمایەدارانە کەهەموو هەم و خەمیان کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەت کە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی پێکهێنەری ئەو سیستەمەیە، بەبێ تاڵان و کاولکردنی سروشت ناتوانن بۆ یەک رۆژ خۆ لە سەر پێ بگرن، بۆیە ناکرێت هیچ دەوڵەتێک بە ژینگەپارێز پێناسە بکرێت. تەنانەت ریزبەندی وڵاتانی جیهان لە بواری ئیکولوژیکبونەوە جێگای خۆی ناگرێت، لە بەر ئەوەی هەر دەوڵەتێک بە پێی دەسەڵات و پەرەسەندنی ئابووری خۆی دەستی داوەتە کاولکاری سروشت. لە هەژارترین دەوڵەتەوە بگرە تا دەوڵەمەندترین، لە لاوازترینیانەوە بگرە تا بەهێزترین دەوڵەت، هەموو ئامانجیان دەوڵەمەندتر بوون و بەهێزتربوونە، بۆ ئەم مەبەستەیش هیچ رێگایەک نامێنێتەوە بێجگە لە هێرشکردنە سەر ژینگه. ئێرانیش یەک لەو وڵاتانەیە کە لە دۆخێکی نالەباری سروشت‌پارێزیدایە.

بۆچی سروشتی ئێران ئەوەندە روبەڕوی تاڵان دەبێتەوە؟ لە ئاویەوە بگرە تا دارستانی، لە کێڵگەکانیەوە بگرە تا بوورەکانی، هەموو سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی بە شێوازێکی  نامرۆڤانە و دوور لە ئەخلاق دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەت و پشت بەستووان بەدەوڵەت و دەسەڵات. ئێران هەڵکەوتووی ناو جوغرافیایەکی وشک و نیوەوشکە کە رێژەی بارینی بەفر و بارانی زۆر کەمە. ئەم دۆخەیش بۆ هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەک پێویستی بە پرۆژە و پلانێکی تۆکمە و رێوەبەرییەکی خاوەن زانست و کارامەیە کە بەو حەشیمەتەوە بتوانێت نە کۆمەڵگا و نە سروشت تووشی قەیرانێک لەو ئاستەدا بکاتەوە. دەسەڵاتدارانی ئێرانی لەوە ئاگادارن کە وڵاتی ئێران بەرەو چ ئاقارێک دەچێت، بۆیە هەندێک لە سیاسەتەکانیان بەرنامە بۆ داڕێژراوە بەڵام هەندێکیشی لە رووی ناچارییە و وەک داوێک تێوەگلاون.

سیستەمی  حکوومەتداری ئێران هەر لە کۆنەوە سیستەمێکی ناوەندگەرا بووە. جیاواز لە زۆربەی دەولەتەکانی تر هەموو هێزی سیاسی و ئابووری خۆی لە ناوەندا کۆکردۆتەوە. بە دایمیش دەرەوەی ناوەندی بە سروشت و دانیشتوانەکەیەوە وەک مادەی خاو بەکار هێناوە و بەردەوام بە چاوێکی ئەمنی و وەک مەترسی بۆ سەر خۆی سەیری کردووە. جوغرافیای سنوور و سنوورنشینەکانی کردۆتە سەرچاوەی ئاو، هێزی کار، هێزی پاراستن و مادەی خاوی پیشەسازی، بە بێ ئەوەی کۆمپانیایەکی گەورەی پیشەسازی یا ئیرادەیەکی سیاسی، ئابووری ساز بکات. تەواوی بەرهەمەکانی لە ئاژەڵداری و کشت و کاڵەوە بگرە تا دەگاتە مادە کانزایی و سروشتییەکان دەبێت بەرەو ناوەند بچێت. بە زۆرترین تێچوەوە ئاوی رۆژئاوا و باکوور و باشووری ئێران بەرەو شارە ناوەندییەکانی ئێران دەبرێتەوە. کە ئەگەر ئەو پارە لە کەرتی کشت‌وکاڵ لە هەمان جوغرافیادا خەرج بکرێت داهاتی زۆر زیاتر دەبێت. بەڵام تەنیا قازانجی بۆ خەڵکی ناوچەکان، ئەگەر پێویست بە هێزی کار هەبێت، کرێکارییەکی ئاساییە. لە لایەکی ترەوە گرنگی نەدان بە کەرتی کشت و کاڵ و بەردوام بوون لە شێوازی کۆنی جووتیاری، هۆکارێکە بۆ ئەوەی داهاتی جوتیاران بژی و نەمر بێت. پەرەسەندنی حەشیمەتیش وای کردووە کە ئیتر بەو شێوازە چاندنی وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگا نەبێت. بۆیە بە لێشاو لە گوندەکانەوە خەڵک بۆ نیشتەجێبوون روو دەکەنە شارەکان. شارنشینیەکی بێ سەر و بەر، بێ کاروبار و پەراوێزنشین رۆژانە لە پەرەسەندندایە و ساڵانە بە هەزاران دۆنم زەوی بە پیتی چاندنی دەبنە جێگای نیشتەجێبوون و سەرمایەدارنیش هەر ساڵ بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو باشترین زەوی و زارەکان دەکەنە ویلا و جێگای سەیرانی بنەماڵەکەی خۆیان. بێ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە رووبەڕووی کەمترین  ئاستەنگی ببنەوە.

پرۆژەیەکی گرنگ و ئەساسی کە بە چڕی لە ئێران و بە تایبەت لە رۆژئاوای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کاری لە سەر دەکرێت پرۆژەی کونتڕۆڵکردنی چەمەکان و بەنداوسازیە. پرۆژەی سەدسازی کە ئەمڕۆ لە دونیادا ئیدانە کراوە و دەوڵەتانی پیشەسازی دونیا لە بەرنامەی خۆیاندا سڕیویانەتەوە، لە ئێراندا بووەتە بەشێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران. راستە هەموو دونیا بەرەو قەیرانی بێ ئاوی دەچێت و باس لە بازرگانی بە  ئاو لە داهاتوودا دەکرێت، بەڵام بەو رێژەیە کە ئێران پارە و کاتی بۆ دادەنێت تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە و گوشار خستنە سەر وڵاتانی دراوسێ نییە. پرۆژەی بەنداوسازی پیلانێکە بۆ قڕکردنی سروشتی هەرێمی سەرچاوە ئاوییەکان و دانیشتوانی ئەو هەرێمانە. هەر بەنداوێک بە دەیان کێشەی ئابووری، تەندروستی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دێنێت. بەنداو یەک لە هۆکارەکانی کۆچ بەرەو شار و کاولکردنی گوند و سەرچاوەداراییەکانی و بێکاری و هەژارییە. مرۆڤ، بنەماڵە یا کۆمەڵگایەک کە لە زێدی خۆی کە بە سەدان و هەزاران ساڵ بە مێژوو و فەرهەنگی خۆیەوە ژیاوە و پاشان بە زەخت ئاوارە و دەربەدەر بکرێت، دەبێت چارەنووسی جودا لە رووکردنە شارەکانی ناوەند و  پەیوەست بوون بە ئەرتەشی بێکاران و کەوتنە ناو بازنەی ئەو فەساد  و کارەساتانەی کە وەک تاری جاڵجاڵۆکە چینی هەژاری تەنیوەتەوە چی‌بێت؟ یا دەبێت ببیتە خزمەتکارێکی گوێ‌لەمشتی رژیم، یا ببێتە بەشێک لە زەویخۆران و تاڵانچیانی ژینگە. لە هەر دوو بواردا سەرلێشێواو و دور کەوتوو لە راستینەی خۆی دەبێت. لەهەمانکاتدا رووبەرێکی چاوەروان نەکراو لە کێلگە و چیا و دارستان و بوورە و کانیاو و ئاسەواری مێژوویی لە بن ئاودا دەخنکێت، بە دەیان گۆل و زەلکاو وشک دەبن، هەوای پیس و خۆڵبارین بۆ خۆ دەبێتە کارەساتێکی تر. نموونەیەکەی گۆلی‌ورمێ‌یە کە خوێ بە سەر دانیشتوانی ئەو دەڤەرەدا دەبارێت و ژیانی 5 بۆ 6 ملوێن مرۆڤ کەوتۆتە مەترسی. سیاسەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو جوغرافیا و حەشیمەتە دەبێت بکرێتە قوربانی زێهنییەتی ناوەندگەرایی. بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەشی ناوەندی ئێران کە دەشتێکی رەپ و رووت و بێ ئاوە، دەبێت جوانترین و دەوڵەمەندترین بەشەکانی وڵات کاول و تاڵان بکرێت.

سیستەمی ناوەندگەرایی هەمیشە هەوڵ ئەدات کە دەسەڵات بە هەموو رەهەندەکانییەوە لە ناوەندەوە بەڕێوە ببرێت. ئێران وڵاتێکە لە فرە نەتەوە و ئایین و فەرهەنگ پێکهاتووە. بەڵام بەردەوامیش لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەم رەنگاوڕەنگییە پەراوێز و پشت گوێ خراون. لە هیچ چەشنە رێوەبەرییەکدا کەمترین دەرفەتیان پێنەدراوە. بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی بێ عەداڵەتی و بێ حورمەتی و زۆڵم و زۆر بوونەتەوە. بۆیە ئەم نەتەوانە بەردەوام لەگەڵ ناوەند نەبوونەتە یەک، مەگەر بە زەخت و زۆر. دەسەڵاتیش بەردەوام بەجێی ئەوە بە دەوڵەمەندی و دەرفەتێک بۆ پێکەوە ژیان  کەڵک وەرگرتن لەو بەستێنە بڕوانێت، وەک مەترسییەک و بگرە وەک دوژمن چاوی لەم موزاییکە فەرهەنگی و نەتەوەیی و ئایینیە کردوە. بۆیە بە روانگەیەکی ئەمنییەتییەوە، بە پلان و ئەندازیاری کراو هەوڵی داوە کە دەس بە سەر سەرچاوەی ئابووری ئەم ناوچانەدا بگرێت، ئەمە بکاتە دەرفەت کە زیاتر و زیاتر تاڵان و تاوان لە سەر ژینگە و کۆمەڵگا ئەنجام بدات.

لە لایەکی ترەوە بەشێک لە ئابووری وڵاتانی دونیا لە سەر کەرتی گەشتیارییە. دروست کردنی رێژەیەکی زۆر دەرفەتی کار و گرنگی دان بە ژینگە دەکەوێتە ناو ئەم سیاسەتەوە. کاتێ کە پرۆژەی بەهێزی گەشتیاری هەبێت پێویستە بایەخ بە پاراستنی سرووشت و بوونەوەرانی ناو خۆزا بدرێت تا بتوانرێت سەرنجی گەشتیار بۆ لای وڵاتەکەت رابکێشیت. بە درووستکردنی باڵەخانەی چەن نهۆمی و هۆتێلی چەن ئەستێرە و زۆر سەنعەتی کردنی ئەم کەرتە، نە تەنیا خزمەتێک بە پاراستنی سرووشت ناکات بەڵکۆ دەبێتە بەشێک لە رێبازی کاولکردنی خۆزا. بە دڵنیاییەوە خۆزایەکی ساکار بە خزمەتگوزاری سادە و خۆماڵییەوە زیاتر گەشتیار رادەکێشێت بە مەرجێ کە کار بۆ ناساندن دەرفەت بۆ پێشخستنی بکرێت. هەرچەند جوغرافیای ئێران دەرفەتی سروشتی لەم بابەتەی زۆرە، مخابن کەمترین سەرنجی خراوەتە سەر. زۆرینەی شوێنە گەشتیارییەکان لە موڵکی گشتیەوە بوونەتە موڵکی تایبەت و لە سەر ئاغازادەکان تاپۆ کراون. تەنانەت مۆڵکی تایبەتیشیان یا بە زۆر یا بە پارەیەکی کەم لە ژێر ناوی پرۆژەی نەتەوەیی و دەوڵەتی داگیر کردووە. نموونەی ئەمانە لە هەر جێیەکی ئێران بە گشتی زۆرن. ئێستا ناوەندی سەربازی و ئەمنییەتی سپای پاسداران لە ناو دارستانەکانی باکوور و چیاکانی زاگرۆس، دەیان بەرانبەری ناوەندی گەشتیارییە. هەر کەس باش ئەوە دەزانێت کە سپای پاسداران، سپای قڕکردنی سروشتە و لە هەر جۆرە شێوازێکی کاولکرن دەست ناپارێزێت. بەو بەستێنەی گەشتیارییەی کە لە ئێراندا هەیە، باخچەی ئاژەڵە کێویە خۆزاییەکان زۆر زۆر کەمە.(باخچەی ئاژەڵان بەو واتایە کە هەر لە ناو خۆزا لە رووبەرێکی بەریندا بپارێزرێن و بە دەرفەتی خۆیان بژین). خولەکێک ژیانی بی ترس لەکوشتن بۆ ئاژەڵێکیش نەماوەتەوە. دارستانێکی تاڵان نەکراو و تەندروست نەماوە. جوانترین ژینگەکان بە جێگای گوڵ و بەرهەمی خۆزایی بە مین و تەقەمەنی پێشوازی لە خوازیاران و میوانانی خۆی دەکات. لە ئێراندا بە جێگای بایەخدان بە کەرتی گەشتیاری، گرنگی بە کەرتی زیارەتی دراوە، ئیمام و ئیمامزادەکانیان کردۆتە ناوندێکی ئابووری بۆدەسەڵات. لە دژی رێزلێنان لە شوێنە پیرۆزە ئاینیەکان نیم، بەڵام دەرفەتی کار و پەرەدانی ئابووری بۆ هەژاران ناڕەخسێنێت و کاریگەری لەسەر پاراستنی سرووشت نییە.

جوتیار پێشەوا

بابەتی پەیوەندیدار