کولتووری بەرخودان و تێکۆشانی مانگی گوڵان، هەوێنی ئازادی گەلەکەمانە

کولتووری بەرخودان و تێکۆشانی مانگی گوڵان، هەوێنی ئازادی گەلەکەمانە

بێ‌گومان بۆ گەلێک کە خەبات و ژیانی وەها تێکەڵاوە کە ناکرێ لە یەکیان جیا بکەیتەوە، ژیان رەنگی تێکۆشانی گرتووە و تێکۆشان رێبازێکی ژیانە. لێرە لە چیاکانی زاگرۆس وەرزێک هەیە کە رەنگی لە هەموو وەرزەکانی ساڵ داوە و هەرگیز وەرزەکانی سروشت نەیانتوانیوە لە رەنگاڵەیی کەم بکەنەوە. تەنانەت هەموو درێژایی ساڵ و مێژووی نەخشاندووە. وەرزی تێکۆشان هاوتەریب و شان‌بە‌شانی هەموو وەرزەکان بەردەوام گوڵ ئەدا و هاژەی دێ و خوڕەی نەسرەوتنی لە گەروودایە. ئێمەی کورد بە تێکۆشان و بەرزی و نزمیدا دەزانین کە چ وەرزێکی ساڵە و چەندەمان ماوە بۆ بەهاری ئازادی. لێرە زەمان لە ناو تێکۆشاندا دەگەڕێ، خاک لێوە دەکات و چوزەرەی هیوا دەڕوێ، لە هەموو کات و ساتدا چرۆ دەکات. گەلاوێژ لە ئاسۆی خەباتدا هەڵدێ و کۆچ هەر بەرەو تێکۆشانە و رێگای بەرخۆدان لە رێبەندان‌دا دەکرێتەوە، بەڵام تاجی پڕشکۆی خۆڕاگری هەر چوار وەرزی ساڵمان کە هەوێنی بزووتنی زەمانە و بژوێنی رەنگینی کۆڵنەدانە، مانگی بە شلێرە خەمڵاوی گوڵانە.

مانگی گوڵان تەوژم و تینی هەستان و توانستی راپەڕین و بەڵێندانە. لەگەڵ هەر چرکەساتێکی ئەو مانگە کە وەک دڵۆپێکی زەمان، رووباری خرۆشانی ژیان لە کوردستاندا وەدیدەهێنن. بۆیە ئێمەش لەو مانگەدا پڕ دەبین لە ورەی خەبات و جارێکی‌‌تر لە رۆحی ئەو مانگە ساڕێژ دەبین. سات بە سات لە هەنگاوی یەکەمی شەهید حەقی قەرارەوە وەڕێ دەکەوین و لە کەسایەتی شەهیدانی داڵاهۆ (شەهید حەکیم و شەهید نووپەلدا)، جوانرۆ (شەهید ئاخین)، کەلەڕەش (شەهید نالین و باوەڕ)، زیندان (شیرین، فەرزاد، فەرهاد و سۆران)، راگەیاندنی پژاک (شەهید وەدات)، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان بە رێزەوە وەبیر دەهێنینەوە. سەری رێز و نەوازش لە بەرانبەریان دادەنەوێنین و بەڵین دەدەین کە مانگی گوڵان بکەینە هەوێنی ئازادی گەلەکەمان. لە هەمان کاتدا داوا دەکەین کە گەلەکەمان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتی خاوەنداری لە رێبازی شەهیدان بکەن و فەرهەنگی خۆڕاگری ئەو مانگە بکەن بە وانەی پەروەردەیی. پارێزوانی لە نرخەکانی نەتەوەکەمان بکەن بە ئەرکی هەمیشەیی و یارمەتیدەری دایکی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزیان بن لە بەرز و پیرۆز راگرتنی یاد و ئاواتەکانیاندا.

کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK

٤\٥\٢٠٢٠

بابەتی پەیوەندیدار