کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک
کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک

کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک

سەرەتا ساڵوەگەڕی دامەزراندنی  کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە هەموو گەلی کورد و لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو گەلانی بندەست و چەوساوە پێرۆز دەکەین.

خەباتی ئازادیخوازانە و دیمۆکڕاتیکی نەتەوەی کورد خاوەن ژێرخانێکی پتەو و تۆکمەیە و مێژووی نەتەوەییمان پڕە لە لاپەڕەی زێڕین و وانەی بە پێز، کە بوونەتە بنچینە بۆ داڕشتنی کەسایەتی کوردی ئازاد لە سەدەی بیست‌ویەکەمدا. کەسایەتییەک کە سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی داگیرکەرانی هەرێمی و جیهانی بۆ داماڵین و سڕینەوەی هەبوون و شوناسی گەلەکەمان و پاکتاوکاری فەرهەنگی و جەستەیی؛ نەتەنیا مەیدانی تێکۆشانی بەرنەداوە، بەڵکوو ورە بەزانە و گەش‌تر لە هەموو سەردەمێک ئەرکی پێشەنگایەتی گەلانی هەرێمەکەی بۆ بونیادنانی پێکەوەژیانی ئازاد و یەکسان وەئەستۆ گرتووە. کەسایەتێەک کە بازنەی پووکانەوە و مینیماڵبوونی پساندووە، بەرەو جیهانی مانای گەورەتر و گەشاوەتر و رەهەندەکانی بەرینی جوانیناسانە هەنگاو هەڵدەگرێ. کرداری نوێ دەخوڵقێنێ و بەخۆباوەڕ و هزرمەندانە بە جیهانی دەبێ. هەمووی ئەوانە پێک‌هاتن، چونکە هونەری بەرخۆدان و خۆڕاگڕی لە هەموو کوردستان و هەریمەکەدا زایەڵەی بەست. کۆماری کۆردستان لە مەهاباد بە پێشەنگایەتی نەمر قازی محەممەد هەستانەوە سەرپێی هێزێکی دیمۆکڕاتیکە کە لە ئەرکی مێژوویی و مرۆڤی خۆی تێگەیشتووە. رۆحێکی نەتەوەییە کە بە شوێن جەستەیەک‌دا دەگەڕی تا راستەقینەی کۆمەڵایەتیی خۆی تێدا نیشانبدا.

کۆماری کۆردستان ساتە‌وەختێکە لە مێژووی کورددا کە هێزی بوون و ئافراندنی هزری کورد دەرفەتی چالاک‌بوون پەیدا دەکا. وشەی دەتوانین و دەبێ لە مێشکی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا دەچێندرێ. بە بڕوای ئێمە خاڵی گرینگ و بنەڕەتی ئەوەیە و دروست‌بوون و سازدانی فەرهەنگ لە درێژماوەدا پێک‌دێت. کۆماری کوردستان بەردی بناغەیە بۆ فەرهەنگێکێ دیمۆکڕاتیک و بە دوور لە دووبەرەکی و ناتەبایی و هەڵوەشان و گەندەڵی کە نموودی سەرکەوتووانەی لەسەر هەمان رێچکە بەڵام پوختەتر و گیرساوەتر لە رۆژئاوادا دەبینین. ئەوڕۆ دەتوانین بێژین، کە لە کۆماری کۆردستان هەتا خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا فەرهەنگێکمان داڕشت و ڕاستەقینەیەکمان بونیادنا.

بێگومان پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەهەند وەرگرتنی ئەزموون و دەسکەوتە دیمۆکڕاتیکەکانی کۆماری کۆردستان خاوەندارێتی راستەقینەیە و ئەرکی هەموو کەس و لایەنێکە. دەبێ کە روانگەی داگیرکەرانەوە تەمەنی کۆماری کۆردستان کورت بێت. بەڵام ئەوەی کە رووخا پێکهاتەیەک بوو نەک فەرهەنگەکەی. دیارە پشکووتنی هەمان فەرهەنگ لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکهاتەیەکی نوێدا ئەوەی سەڵماند کە تەمەنی کۆماری کۆردستان درێژە. بۆیەش لە ٧٥مین ساڵوەگەڕی کۆماری کۆردستان لە مەهاباد، وێڕای وبیرهێنانەوەی ئەو یادە مەزنە، بەرز و پێرۆزی رادەگرین و بە هەموو توانامان بۆ پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە و بەرۆژکردنی تێدەکۆشین. هەڵبەت لە وەها رۆژەدا بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەن و پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەوەیە کە بە ئامانجی بۆنیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای نرخە نەتەوەییەکانمان تێکۆشان بکەن و لەپێناو یەکڕیزی و تەباییدا خەباتی هاوبەش بەڕێوەبەرن.

لە کۆتاییدا جارێکی‌تر ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کۆردستان لە هەموو گەلەکەمان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و وڵاتپارێزان پیرۆزدەکەین.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

٢ی رێبەندانی ٢٧٢٠

 

بابەتی پەیوەندیدار