کۆماری کوردستان و ئەزمونەکانی
کۆماری کوردستان و ئەزمونەکانی

کۆماری کوردستان و ئەزمونەکانی

 

سیامەند موعینی

لەسەر کۆماری کوردستان لە مهاباد گەلێک شرۆڤە و بابەت نوسراوە. لە زۆر بوارەوە ئانالیزی جیاواز و بە شێوازێکی چڕوپڕ ئەم روداوە مێژوییە لێکدانەوەی بۆ کراوە و لە رەهەندە جیاوازەکان پێداچونەوەیان بۆ کردوە. من لێرەدا ناخوازم خەسارناسی یان لێکدانەوەیەکی بنەڕەتی لە سەر ئەم روداوە بکەم بەڵکوو زۆر بە کورتی لە روانگەی چارەسەری بۆ پێشهاتەکانی داهاتوو، ئەم مژارە دەکەمەوە و بابەتەکە دەنرخێنم.

کۆماری کوردستان لە سەردەمێکی هەستیاری مێژوییدا هاتە ئاراوە، ئەو سەردەم ئاڵۆزی و قەیرانی ئابووری ئەوروپا و شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئارادابوو. شەڕ و ململانێی دابەشکردنی بەرژەوەندیەکانی هەژمۆنی جیهانی بوو. شەڕی جیهانی دووهەم بەدەر لە ئەوروپا، بەشێکی زۆری لە جوگرافیای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە خۆوە گرتبوو. ئێران لەبواری کاراکتەر و ساختاری حکومەتی فەلەج ببو و لەلایەن هاوپەیمانانەوە، وڵاتەکە نیوە داگیرکراوبوو. لە ئاگۆستی ١٩٤١دا هاوپەیمانان، رەزاشای ئێران لە سەر کار لادەبەن کە لایەنگری لە ئاڵمانی هیتلێری دەکرد، بویە ناچاریان کرد ئێران بە جێی بهێڵێت. سۆڤیەت لە باکوور و بەریتانیا لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتی سەربازییان گرتە دەست. هەرچەند سیاسەتی جیهانی بەتایبەت بە سەرپەرەستی کلۆنیالیزمی ئەوروپایی، دژی دەستێوەردانی سیاسەتی ژئۆپۆلتیکی ناوچەکە بوون، بەڵام بە هۆی شەڕی دووهەمی جیهانیەوە، ئەم نەزمە کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە سەر ناوچەکەدا سەپێنرابوو لە قەوارەی خۆی دەربچێت. ئێران لە بواری کرداری توانای پاراستنی سنوورەکانی خۆی لە دەست دا نەمابوو. هاوزەمان کە بەریتانیا لە رۆژهەلاتی سنووری ئێران و هیندوستان ئەزموونی کلۆنیالیستی هەبوو، پێداگری لە بەڕێوە نەچوونی خۆبەڕێوەبەری گەلانی ناوچەکەی دەکرد و بەتایبەت دژی فیرقەی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان دەرکەوت. هەروەک کاربەدەستێکی سەربازی ئەو سەردەمەی بەریتانیا دەڵێ: “ئەگەر کوردەکان خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، ئەوکات عەرەبی خوزستان و خودا دەزانێ کێی تر هەموو لە ئێران جیا ببنەوە”. ئەو رستەیە سیاسەتی گڵاوی بەریتانیا سەبارەت بە پرسی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد دیاری دەکات. تاکوو ئێستاش کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە ئەم رەوتە بەردەوامە، پڕۆژەی سیستمی دەوڵەت – نەتەوە بۆ ئاسیمیلاسیۆن و تێکدانی رەوتی سرووشتی کۆمەڵگەی ناوچەکە، لە ژێر سیاسەتی کلۆنیالیستی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت و بۆ یارمەتیدانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بەریتانیا سیاسەتی چەپەڵی خۆی بە دژی گەلانی ناوچەکە بەڕێوە دەبات. هاوکات سۆڤیەت کە بە ناوی سوسیالیزم و کۆمۆنیزم و ئازادی گەلان لە ناوچەکە ئاکتەرێکی سەرەکی بوو، بۆ بەرژەوەندی ئابووری و وەدەست خستنی شیلاتی باکووری ئێران، هاوکات لە ژێر گوشاری وڵاتانی رۆژاوایی لە هاوپەیمانی شەڕی دووهەمی جیهانی و لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، بنگەی ئایدیاکانی خۆی ژێر پێ خست و گەلانی ئازەبایجانی و کوردی کردە قوربانی بەرژەوەندیە ئابووریەکان.

لە چاوپێخشاندنێکی خێرا بە سەر رەوشی کۆماری کوردستاندا، دەبینین کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی ئامادە نەبوون یان خۆیان ئامادە نەکردبوو بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیان. کۆمەڵێک سەرۆک عەشیرە بەرژەوەندیان لە پێوەندی ژێرەکی بە تارانەوە هەبوو و بەردەوام چاوێکیان لە ناوەندی ئێران بوو کە ئەم ناوەندە خۆی هیچ قەوارەیەکی سیاسی لەشکەری نەمابوو. پێکهاتەیی عەشیرەتی ئەو سەردەم و گرێدراوی سەرانی بەشێک لە عەشیرەکانی کوردستان بە ناوەندی دەسەڵاتەوە و لاوازی هزری نەتەوەیی لەو سەردەمەدا و هاوکات لوکاڵی هێشتنەوەی ناوچەیی ئەم کۆمارە، هاوکارگەلێک بوون کە لە بەرژەوەندی داهاتووی کۆماری کوردستاندا نەبوون. پەرتەوازەیی وزەی نیشتمانی، کە لە سەردەمی ئێمەشدا بە ئاشکرا دەبینرێت، وەک نەخۆشیەکی هزری، سیاسی و کۆمەڵایەتی رێگرە لە بەرەوپێش چوونی رەوتی نیشتمانی. بەداخەوە ئێستاش هیچ ئەزموونێک لە مێژوو و رابردوو وەرنەگیراوە. گرێدانی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی هەر حیزبێکی کوردستان بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر، بە هەر پاساوێک بێت، پێویستە وەک خەیانەتێکی نیشتیمانی پێناسەی لەسەر بکردرێت و بە شەفافی ئەم مژارە لە ناو نوخبەی رووناکبیر و جەماوەردا نقاشی جیدی لە سەر بکردرێت و لەبواری خەسارناسیدا پێداچوونەوە بە سەر ئەم مژارەدا بکردرێت. ئەگەر کورد لە مێژووی خۆی بە باشی ئاگادار نەبێت و ئەزموونی روداوەکانی مێژویی بە وردی لێکنەداتەوە، چارەنووس و مێژوو خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەواتایەکی تر پێویستە لە مێژوو دەرس وەربگرین و بەو عیلمەش بەرهەم و دەستکەوت وەدەست بخەین. لە لێکدانەوە و تێگەییشتن لە روداوەکانی مێژویی، ئەزموونەکانی مێژوو نین کە گرفت دەبێت، بەڵکو بۆ تاک و کۆمەڵگە زەکا و تێگەیشتنی سیاسیە کە چۆن لە مێژوو دەرس وەردەگرێت. ئەزموونی کۆماری کوردستان پێویستە ببێتە دەرس و تێگەیشتنێکی سەردەمیانە و ببێتە هەوێنی درووست تێگەییشتن لە روداوەکانی سەردەم.

خاڵێکی سەرەکی و گرنگ کە کۆماری کوردستان بە تەواوی نەیتوانی دەستەبەری بکات، بابەتی پاراستنی رەوا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادیە. ئەو سەردەم مرۆڤ دەتوانێت بە دوو شێوازی جیاوازەوە لێکدانەوەی بۆ بکات، یەکەم دەرفەت و ئیمکانی ئەو سەردەم، بواری گونجاوی نەرەخساند بۆ پێکهێنانی پاراستنێکی تۆکمە و بەهێز، دووهەم خوێندنەوەیەکی سادە و بە تەوەهومەوە لە سەر سیستمی دوڵەت – نەتەوەی ئێرانی لە لایەن رایەدارانی کۆماری کوردستانەوە کراوە و ئەوەش لە سەر تێنەگەییشتن و نەناسینی زاتی ئەو سیستەمە سەرچاوە دەگرێت. پەرتەوازەیی سەرۆک عەشیرەکانی کورد کە دەیانتوانی هێزی لەشکەری کۆمار بن بەڵام بە نەهێنی، دەست و پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی تاران خۆش دەکەن، زەربەیەکی گەورە بوو لە پەیکەری کۆمار. بۆیە بەتەواوی کۆماری کوردستان لە مهاباد نەیتوانی هێزێکی پاراستنی نیشتمانی پێک بهێنێت بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لەو سەردەمدا بەدەست هاتبوون، هەروەها باوەڕیەکی زۆر بە هەبوونی هێزی سۆڤیەت و وەک پشتیوانی ئەم هێزە بۆ گەلی کورد، بۆخۆی خاڵێکی لاوازی ئەم کۆمارە بوو. دیارە بۆچون و رەهەندی جیاواز هەیە مرۆڤ دەتوانێت نرخاندنی لە سەر بکات بەڵام بۆ ئەم کورتە باسە پێویست ناکات لە هەموو زاویەکانەوە نرخاندنی لە سەر بکردرێت. دیارە کۆماری کوردستان لە مهاباد خاڵی بەهێزیشی کەم نەبوو کە لەو سەردەمە کورتەی ژیانی سیاسیدا بەرهەمی هێنا و وەک ئەزموونێک بۆ نەوەکانی داهاتوی خۆی بە میرات بەجێی هێشت.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەردەمی ئێستا و بە دیدێکی دیرۆکی بابەتەکان ئانالیز بکەین، دەبینین بەشێک لە کاراکتەرەکان و روانگەکان هەر نەگۆڕ ماونەتەوە و دوای ٧٥ ساڵ بە سەر ئەزموونی کۆماری کوردستاندا هەنووکەش بەشێک لە پێشەنگانی کوردستان بە هەمان نەفەسەوە لە روداوەکانی سیاسی دەڕوانن و پەیڕەوی دەکەن. لە سەردەمی نوێشدا هەر وەک سەردەمی کۆماری کوردستان سەرۆک عشیرە ئەو کات بە نەهێنی و ئێستا بە ئاشکرا لە پێوەندی و دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا هەن. کۆمەڵێک خۆفرۆش ئێستا لە قەوارەیەکی جیاوازتر بەڵام بە هەمان ئەجێندای باب و باپیرانیان پەیڕەوی سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەن و هەر رۆژە دەست لەملانی داگیرکەرێکی کوردستان دایەو بە ناوی کوردایەتی شەرعیەت بە خۆفرۆشیەکانیان دەدەن و لە پەناوە خەت و نیشان بۆ گەلی بەشخوراوی کوردستان دەکێشن. لەوەش سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کۆمەڵێک بێچارەی سیاسی و تووش بووی بە قەیرانی فکری، “لەبەیک” دەڵێن بە هەر رشانەوەیەکی سەرۆک عەشیرەی گەڕەکی خۆیان، ئەو کۆمێدیایە وەک ئەوەی دەچێت مرۆڤی ناو ئاو بۆ ئەوەی نەخنکێت دەست بۆ هەموو پووش و پەڵاشێک درێژ دەکات بۆ نەجاتی گیانی خۆی. ئەو هەڵبەز و دابەزینانەی سیاسی چارەسەری پرسی کورد لە گەڵ خۆی ناهێنیت، بەڵکوو تەنیا شلوێیی و پەرتەوازەیی سیاسی بەدواوە دەبێت و لە درێژەی خۆیدا بەردەوامی داگیرکاری قڕکردنی سیاسی.

بۆ چارەسەری پرسی کورد بۆچونی سیاسی جیاواز هەیە و بۆچونەکان گرنگە لە روانگەی سیاسەتی گلوباڵ و رەوتی پێشهاتەکانی مێژوویی لەم چەند سەدەی دواییدا لێکبدرێتەوە. گرنگ چارەسەریە و مێتۆد و شێواز دەتوانێت لە رەوتی پراکتیکدا ئاڵوگۆڕی بە سەر بێت. نیشتمانێکی ئازاد بۆ مرۆڤەکان خواست و مافێکی سروشتیە، بەڵام سیستمی داگیرکەری و کلۆنیالیستی، ئەم مافەی لە دانیشتوان و خەڵکی ئاسایی زەوت کردووە و لە پێناو بەرژەوەندی کاپیتاڵ هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی بە شێواز و مێتۆدی جیاواز خستۆتە ژێر باندۆری خۆی و بۆ مانەوەی خۆی هەموو بەهاکانی ئەخلاقی پێشێل دەکات، چینی سەردەست گرنگ نییە لە چ ئیتنیک و نەتەوە و یان پێکهاتەیەک بێت، بۆ سیستەمی سەرمایەداری گرنگ پاراستن و بەرژەوەندیەکانی کاپیتاڵە. دەسەڵات و حکومەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا کەرەسەیەکن بۆ راگرتنی باڵانس و ژینگەی گونجاو بۆ سەرمایە. ئازادی بە بێ ئایدئۆلۆژی، ئازادی خەیاڵێکی رومانتیکیە. سیستمی داگیرکەر و کۆیلەدار بە ئاسانی رێگە بە ئازادی نادات، بۆیە گرنگە مرۆڤێک کە بۆ ئازادی تێکۆشان دەکات بە وردی هەمو جومگەکانی تێکۆشان لێکبداتەوە و رێبازی ئایدئۆلۆژیکیش هەڵسەنگێنێت، سیستەمی سەرمایەداری لە بیر و هزری ئازادی ترسی هەیە و بیری ئازادی بە بێ روانگەیەکی فەلسەفی بێ ناوەڕۆک دەبێت. بۆیە سیستمی پارێزەری سەرمایە ترسی هەیە لە روانگەی فەلسەفەی ئازادی و بەردەوام شەڕی لەگەڵ دەکات.

تەڤگەری ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر ئازادی ژن بە روانگەی ژینگەپارێزی و کۆمەڵگایەکی بێ چەوسانەوە تێکۆشان دەکات و لەم ساحەدا بە ئەزموونی مێژوویی و بەتایبەت ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بۆ نیشتمانێکی ئازاد توانیویەتی مەودایەکی مێژوویی دەرباز بکات. بە رێکخستن کردنی ژنان لە سەر پارادایمی ئازادی ئەرکێکی مێژووییە کە لە کۆمەڵگەیەکی پاتریارکاڵدا( باوکسالار)، ژن چەندین جار دەچەوسێتەوە و لە حکومەتی ئیسلامی ئێراندا هیچ مافێکیان بۆ ژنان دەستەبەر نەکردووە، بۆیە وزەیەکی بەرفراوان لە رێکخستن کردنی ژناندا شاراوەیە و لەم مەرحەلەی تێکۆشاندا ئەرکی تێکۆشەرانی ئازادییە کە وەک ژن خۆیان بە رێکخستن بکەن و ئیتر کۆیلایەتی قبووڵ نەکردرێت. هاوکات پلان و پڕۆژە بۆ بەڕێوەبەری دێمۆکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆدار بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و ئازاد بە هزر و فەلسەفەی ژیانێکی بەروومەت، ئەرکێکی تری خەباتی تێکۆشەران و ئازادیخوازانە.

ئەزموونی سێ دەیەی بەڕێوەبەری باشووری کوردستان ئەزموونێکی تاڵ و پێشگیر بووە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت پێویستە بۆ داهاتوو بە وردی هەڵی سەنگێنێت. لەم مەرحەلەی مێژووییەدا کە خەریکە ئاکتەرەکانی ناوچە جیگۆڕکێ دەکەن، پێویستە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبەریەکی دێمۆکراتیک ئامادەکاری بکات. ئاواتی بە هەزاران تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئەم گەلە کە گیان و ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی بۆ گەییشتن بە ئازادی دەبێ بەدی بێت، بۆیە ئەرکی تێکۆشەران لەم قۆناخە هەستیارەدا بە چەندین قات قورستر دەبێتەوە. پێویستە ئەمڕۆکە مرۆڤی کورد کە دڵسۆزی نیشتمانەکەیەتی بە ئەزموونێک کە لە دەستکەوت و کەماسیەکانی کۆماری کوردستان لە مهابادەوە بەدەست هاتووە بە روانگەیەکی زانستی و لەسەر ستراتژیەکی رئال و سەردەمیانە خوێندنەوەی لە سەر ئاڵوگۆڕیەکانی سیاسەتی ناوچەکە هەبێت و لەسەر ئەم ئەساسە بۆ یەکگرتویی و یەکپارچەیی گەلەکەمان لە تێکۆشانی ئازادیخوازانە و شەڕی نەهایی لەگەڵ داگیرکاری و کۆیلایەتی بە رۆحی سەرکەوتن و باوەڕ بە خۆبوون و باوەڕ بە هێزی جەماوەری گەلەکەی خۆی هەبێت و لە سەر ئەم ئەساسە نیشتمان ئازاد بکات. ئەزموونی کۆمار ئەوەمان پێ دەڵێت بە یەکگرتویی و باوەڕ بەخۆبوون سەرکەوتن دەستەبەر دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار