کۆمیته‌ی ئێکۆلۆژی کۆدار: ژینگه و سرۆشت له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگ جیا نه‌که‌ینه‌وه

کۆمیته‌ی ئێکۆلۆژی کۆدار: ژینگه و سرۆشت له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگ جیا نه‌که‌ینه‌وه

بێ گومان ژینگه له ئاستی جیهانی دا دوچاری دۆخێکی قه‌یراناوی و مه‌ترسیدار بووه. خراپی دۆخی سروشت و ژینگه له ئاستێکدایه که ئیتر هیچ ده‌وڵه‌ت، په‌رگال، دامه‌زراوه و ته‌نانه‌ت هیچ تاکێکیش ناتوانێ وه‌ک ڕابردوو به که‌متر خه‌می و نابه‌رپرسیاری نزیکی بابه‌ته‌که بێته‌و. چۆنکه ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به بوون و مایه‌نده‌یی گشتمانه‌وه هه‌یه و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو کێشه‌کانمانه‌وه جێگه ده‌گرێ.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وڵاتی ئێران یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی که له بواری سرووشت و ژینگه دا به قۆناغێکی قه‌ێراناویدا تێده‌په‌ڕێ. سه‌ره ڕای ئه‌وه‌ی که له بواری جۆغرافیایی دا ده‌که‌وێته به‌شی وشک و که‌م ئاوی جیهان، که‌متر خه‌می و سیاستگه‌لی هه‌ڵه، گرینگی نه‌دان به بواری ژینگه و په‌راوێز خستنی ئه‌م خاڵه‌ و نه‌بوونی به سه‌ردێڕێکی سه‌ره‌کی له به‌رنامه‌ و پرۆژه‌کاندا له ماوه‌ی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ژینگه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی به‌ره‌و له ناوچوون بردووه.

سیاسه‌تی شێواندنی سرۆشت هاوته‌رتیب له گه‌ڵ خۆی کاریگه‌ری نه‌رێنی یه‌کجار زۆری له سه‌ر دیمۆگرافی و فه‌رهه‌نگ و ئاسه‌واره مێژۆییه‌کان داناوه. ده‌رئەنجامی ئه‌م ئاکاره هه‌ڵه‌یه‌ له بواری ژینگه دا قه‌یران و ئاڵۆزی قووڵ و به‌رینی له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌‌رهه‌نگی و ناسنامه‌یی و …‌هتد هێناوه. ناوه‌ندگرایی له ڕاده‌به‌ده‌ری کۆماری ئیسلامی باڵی به سه‌ر ژینگه‌ش دا کێشاوه. بوه‌ته‌ هۆی ڕاپێچین، ڕاماڵین و تاڵانی هه‌موو سامانه سرۆشتیه‌کانی به‌شه جیاوازه‌کانی ئێران بۆ ناو قوڕگی ئاشی پێشه سازی و سه‌رماێه له گه‌وره شاره‌کانی ناوه‌ند.

هه‌بوونی سێ سه‌رۆک کۆماری ده‌وڵه‌تانی ڕابردوو که هه‌موویان به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵكی شوێنه چۆڵایی و شۆره‌کاته‌کانی ئێرانه، هه‌موو هه‌وڵدانیان ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی زه‌وی‌یه‌کانی ناوه‌ندی ئێران بووه. ئه‌و کاره‌ش به‌ به‌های له ناو چوونی ژینگه و سرۆشتی زۆربه‌ی هه‌رێمه‌کان به تایبه‌ت به‌شی زاگرۆس ئه‌نجام دراوه. کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ی مه‌یلی و سه‌لیقه‌یی که هیچ کارناسییەکیان بۆ نه‌کراوه ئه‌مڕۆ وه‌ک برینێک به جه‌سته‌ی ژینگه‌وه دیاره. ئه‌م سیاسه‌ته پاش تێپه‌ڕبوونی ٢٤ ساڵ هیچ گۆڕینی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه. ته‌نانه‌ت سه‌رۆک کۆماری ئێستاکه جه‌نابی ڕۆحانی له سه‌ر هه‌مان ڕێ و شوێن ده‌ڕوا، له سه‌ردانی دواییدا بۆ کوردستان ته‌نیا پرۆژه‌گه‌لی خزمه‌تگۆزاری به دیاری هێنابوی سازکردنی به‌نداوی زیاتر و زیارتر و گواستنه‌وه‌ی بۆ ناوه‌نده.

یه‌کێک له قوربانیانی بێ سیاسه‌تی و ناکارامه‌یی هه‌ر سێ ده‌وڵه‌تی ڕابردوو و ئێستاش که دوایین هه‌ناسه‌کانی هه‌ڵده‌کێشێ کانی بڵه. ئه‌م کانیه بۆ گه‌له‌که‌مان به‌شێکه له مێژۆ و ناسنامه‌ و پارچه‌یه‌کی بنچینه‌یی مه‌ڵبه‌ند و ده‌ڤه‌ری فه‌رهه‌نگی و مێژۆیی سیروانی که‌ڤناره. به‌م بۆنه‌یه‌وه ئێمه وه‌ک کۆمیته‌ی ژینگه‌ی کۆدار ئه‌و سیاسه‌ته وه‌ک بڕینی شاده‌ماری فەرهەنگی زاگرۆس نشینان و به تایبه‌ت گه‌لی کورد ده‌بینین. ده‌بێت له‌مه‌و به دوا کۆتایی به‌م سیاسه‌تانه‌ی کۆماری ئیسلامی بهێنین و زیاتر له جاران ده‌نگ هه‌ڵبڕین. واز له بێده‌نگی و که‌متر خه‌می بهێنین و ژینگه و سرۆشت له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگ جیا نه‌که‌ینه‌وه.

کۆمیته‌ی ئێکۆلۆژی کۆدار پێشتیوانی خۆی له هه‌موو ئه‌و هه‌وڵدان و تێکۆشانه ماندوو نه‌ناسانه‌ی چالاکانی بواری ژینگه و فه‌رهه‌نگ ده‌رده‌بڕێت و داوا له هه‌موو گه‌لی ئێران به‌گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌ت ده‌که‌ین ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان بخه‌نه پاڵ ده‌نگی ژینگه دۆستان بۆ پێش گرتن له له‌ناوچوونی کانی بڵ.

 

کۆمیته‌ی ئێکۆلۆژی کۆدار
22.11.2015

بابەتی پەیوەندیدار