کۆنگرەی پەژاک، کۆنگرەی چارەسەری بۆ قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێرانە

کۆنگرەی پەژاک، کۆنگرەی چارەسەری بۆ قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێرانە

ئامەد شاهۆ

پەژاک بە کۆڵەبارێکی پڕ لە هیوا و ئۆمێد، سەنگەری تێکۆشانی بەهێزتر کرد

کۆنگرەی شەشەمی پەژاک لە  رێکەوتی ١٠ و ١١ی ئاداری ٢٠٢٠ بە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە لە  چیا سەرکێشەکانی کوردستان بە درووشمی؛ “بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران” بەسترا و راگەیاندنی کۆنگرە لە  ٢ی حوزەیران بۆ رای گشتی لە م قۆناخە هەستیار و چارەنووس سازەدا، دەریایەک لە  مۆڕاڵ و هەیەجانی لە نێو گەلی کورد لە  رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە تایبەت ژنان و گەنجانی ئازارچێشتووی درووست کرد و جارێکی تر پەژاک بە کۆڵەبارێکی پڕ لە هیوا و ئۆمێد، سەنگەری تێکۆشانی لە دژی رژێمی داگیرکەری ئێران پتەوتر و بەرین تر کردەوە.

هەڵبەت کۆنگرەی پەژاک لە کات و ساتێکدا بەسترا کە رژێمی داگیرکەری ئێران لە هەوڵێکی بێ وچاندا بوو کە گەلانی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێران بە شانۆی هەڵبژاردنی پەڕلەمان، پەتای کۆرۆنا و ڤایرۆسی سوپای پاسداران قۆڵبەست و بەنج بکات و چەکەرەی هیوا و باوەڕی لە  ناخی کۆمەڵگا دابمرکێنێت. سەرەڕای ئەوەش رژێم ئەو کەشە سامناک و تۆقێنەرەی خوڵقاندووە، بە دەمامک و درووشمی ناوبەتاڵی دوورگەی ئارام و دادپەروەری فیرعەونانە، هەوڵی پەردەپۆش کردنی دەدات و دەرفەتی لە قاودان و ئاشکرابوونی راستیەکانی لە کۆمەڵگا، لە بار بردووەو حەقیقەتی داپڵۆسێنەر و سەرکوت کاری رژێم بە میدیای وەهمی و قسەی بریقەدار و بەڵێنی ناوبەتاڵ و درۆیینە بە لاڕێدا دەبات. ئەوەی حاشاهەڵنەگرە، رژێمی داگیرکەری ئێران لە بنەڕەتدا بووەتە دوورگەی گەندەڵی، قەیران و وەحشەت کە ئاسایش و ئارامی و دەرفەتی ژیانی ئازادی لە تاکەکانی کۆمەڵگا لە حەرام گەڕاندووە و جیا لە بژاردەی جادەی سیخوڕی، جادەیەکی تری ژیان و بۆریەکی هەناسە کێشانی جیا لە  رژێمی ولایەتی مۆتلەقەی فەقی بۆ تاکەکان نەهێشتوەتەوە.

کردەوەی نادیمۆکراتیک و دڕندانەی رژێمی داگیرکەری ئێران لە بەرامبەر گەلانی ئێران لە مەودای کۆنگرەی ٥ بۆ کۆنگرەی ٦ی پەژاک لە  هەژمار نادرێت. چون رژێمی ئێران دوای ٤١ ساڵ لە  بەرپا کردنی باهۆزی داگیرکەری، بووەتە ئۆختابووتێک کە پەل و پۆی لە  سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگا بڵاو بووەتەوە و دەریایەک لە  تاوانی لە  مێژووی مرۆڤایەتیدا نەخشاندووە. رژێمێک بە زۆرەملێ دەسەڵاتداری بە سەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت کە کۆمەڵگایەکی گەمژە، بێ ئیرادە و نەزان دەئافرێنێت. رژێم لە مەودای ئەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵگای لە  ناو قەفەسی ئاسنین زیندانی کردووەو بە لە سێدارەدان، کوشتن، گرتن، بێکاری، هەژاری و سیخوڕتی تاک و کۆمەڵگای بێ تاقەت و پڕووکاندووە. ئەو کردەوە نەگریسانەی رژێم بووەتە مایەی خرۆشانی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەر لە شەقام و خۆرێکخستن کردنی گەل و لە دەستدانی رەوایەتی رژێم لە ناو ئاپۆرای جەماوەردا کە هەڵوێستی خۆڕسک و رادیکاڵی گەل تەنگ بە رژێمی داپڵۆسێنەری ئێران هەڵچنیوە، بەس رژێم خۆی لە قەرەی ئەو راستییە نادات و بە تۆمەتبارکردن و بەرچەسپ لێدانی چالاکی دیمۆکراتیکی گەلان، هەژمۆنی خۆی بەسەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت.

دەلاقەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی گەلانی ئێران

کۆنگرەی ٦ی پەژاک دەلاقەیەکی نوێ بۆ چارەسەری گیروگرفتی گەلانی ئێران ئاوەڵا کرد و رۆچنی هیوا و مۆڕاڵی لە رای شەقامدا درەوشاندەوە. چون ئەم کۆنگرە لە بنەڕەتدا هەڵگری ویست و داخوازی کەسانی ماف خوراو و زۆڵم لێکراوی ناو ئێران و تایبەت ئەو خۆپیشاندەرانەیە کە بە ئیرادەی نەبەزانەو پۆلایین، جەستەیان کردە قەڵغانی ئازادی و بەڕەنگاری هێزە ئەمنیەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بوونەتەوە. واتا کۆنگرەی رەوایەت بەخشین بە چالاکی دیمۆکراتیک و رەوای گەل و دووپات کردنەوەی پشتگیری شۆڕشگێڕانەی پەژاک لە خۆپیشاندەرانە. درووشم و داخوازیەکانی گەل لە م کۆنگرەدا بووە هەوێنی پتەوکردن، رووناک کردن و هاندانی تێکۆشان لە دژی زۆڵم و زۆرداری و فاشیزمی مەزهەبی ئێران.

کۆنگرەی ٦ی پەژاک، کۆنگرەی چارەسەری بۆ قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆنگرەی پاڵپشتی لە ویست و داخوازە رەواکانی گەل و کۆمەڵگایە. کۆنگرەیەکە کە بە ئاڵای خۆپیشاندەران خەمڵێندرایەوە. چون کۆنگرە دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی بەسترا. واتا کۆنگرە بە رۆحیە و هەیەجانی شەقامی ناڕازی و راپەڕیوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. پەژاک خۆپیشاندانی لە شەقامی ئێراندا، بە رەواترین و بە نرخ ترین هەڵوێستی دیمۆکراتیکی گەل و کۆمەڵگا لە دژی رژێمی ولایەتی موتلەقەی فەقی لە قەڵەم داوە. خۆپیشاندانی گەل، زمانی دیمۆکراسییە. هەوێنی گرساندنی ئازادییە. پێداگری لە هەبوونی ناسنامەیەکە. هێزی رێکخستن کراوی گەل لە دژی دەسەڵاتە. چەکی دەستی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵاتە. واتا لە جێگایەکدا کە داگیرکاری و زۆڵم کڕیوە بکات، شەقام بە شەپۆلی خۆپیشاندەران دەخرۆشێت. ئەوەش وەک مەترسیدارترین چەک لە دەستی کۆمەڵگا لە قەڵەم دەدرێت کە هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ لە هەناوی کاربەدەستانی رژێم درووست کردووە. بۆیە لە  خۆپیشاندانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ زیاتر لە  هەزار هاوڵاتی بێ تاوان بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن چەکدارەکانی رژێم شەهید کران تا ئاگری تووڕەیی گەل بە زەبری چەک دابمرکێنن.

لە کاتێکدا خۆپیشاندان ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لە بەرامبەر داگیرکاری و سیاسەتە دماگۆژیەکانی دەوڵەت دەخاتەڕوو، کاربەدەستانی رژێم لەو راستییە خۆدەبوێرن. مەنگەنەی پاکتاوکاری و توانەوەی رژێم، لە  ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان  هەمیشە لە کوتاندایە. لە بەرامبەری ئەوەشدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەر، هەمیشە لە چەکەرەکێشان و درەوشانەوەدایە. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ویست و داخوازی ئازادیخوازانەی گەل لە هەڵکشاندایە و زنجیری کۆیلایەتیش لە پچڕاندایە. ورەو ئیرادەی پۆڵاینی گەل باڵی بە سەر کۆنگرەی پەژاکدا کێشاو و ئەو خۆڕاگرییەی خەڵک بووە پاڵپشت و ورەو هێز و هاندەری تێکۆشان و بەرەپێش بردنی چالاکیە رەواکانمان. لەو چوارچێوەیەدا پەژاک سەر لە نوێ بەرنامە و پلانی خەبات و تێکۆشانی داڕشتوەتەوە.

یەکێتی و یەکگرتوویی گەلان، گڵۆپی رووناک کەرەوەی تێکۆشانە

پەژاک لە کۆنگرەی خۆیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە تاکە رێگای رزگاربوون لە قەیرانی رەوایەتی بەڕێوەبەرایەتی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران، بە بونیادنانی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی گەلان گەرەنتی دەکرێت. قۆناخی دەرکەوتن و بڵاوکردنەوەی پەتای کۆرۆنا راشکاوانە ئەو پەیامەی لە لایەن گەلەوە بەرز کردەوە کە گەل هیچ چاوەڕوانی و هیوایەکی چارەسەری گرفتیان لە دەوڵەت و دەسەڵات نییە و بە پشت بەستن بە هێزی گەوهەری خۆیان پێداویستە سەرەکیەکانیان دابین دەکەن و رێکخستن بوونی خۆیان تۆکمەتر و بە هێزتر کرد. ئەوەش پەیامێک بوو کە لە دژوارترین دۆخدا گەل بە پتەوکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی نێو ریزەکانیان ترس و دڵەڕاوکێیان خستە ناو دڵی کاربەدەستانی رژێم. بۆیە پەژاک بۆ خاوەندارێتی لە ویست و داخوازی رەوای گەلان لە پێناو چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورد و دیمۆکراتیزاسیۆنی ئێران، یەکێتی و یەکگرتوویی گەلانی جارێکی تر کردە گڵۆپی رووناک کەرەوەی تێکۆشانی.

سوڵتانەکانی گەندەڵی لە پەڕلەمان کەڵەکە کراون

چەند خاڵێک کە لە کۆنگرەی شەشەمی پەژاک ورژێندرا و تێکۆشانی پەژاک لە دژی رژێمی داگیرکەری ئێران بە گوڕتر دەکات بریتین لە ؛

رژێمی داگیرکەری ئێران بە سەرکوت و داپڵۆساندنی گەل و کۆمەڵگا ناتوانێت دیواری بەرخودانی کۆمەڵگا بڕووخێنێت و بە نەردەبانی جاشایەتی و سیخوڕی پەلکێشی تۆڕەکانی دەسەڵاتیان بکات.

یەکدەست کردنی کۆمەڵگا، درزی نێوان دەسەڵات ئاوەڵاتر دەکات و دەرگا بۆ گەشانەوە و سەرهەڵدانەوەی فاشیزم و میلیتاریزە کردنی ئێران خۆش دەکات. ئەوەش تەمەنی رژێم کورتتر دەکات و کاردانەوە جەماوەریەکان بە هێزتر دەکات.

باڵی بناژۆخواز و حاکمیەتی لە سەر کۆی جۆمگەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت پەڕلەمان، نابێتە کلیلی چارەسەری قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران، بەڵکوو دەبێتە گرێ کوێرەیەک بۆ رژێم کە کرانەوەی نامۆمکینە. بۆیە هاشوهووش و لە دهۆڵ لێدانی ئەم باڵە، ناتوانێت گیان بە جەستەی رزیو و پرتووکاوی رژێم ببەخشێت و بەو باڵە ژەنگاوییەدا تەمەنی بە سەرچووی خۆی درێژە پێ بدات.

هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی پەڕلەمان، بە بەشداری رێژەی زۆر کەمی خەڵک رەوایەتی خۆی لە دەستداوە. چون پەڕلەمانتارانی ئێستا نوێنەری خامنەیین و هیج فڕیان بە نوێنەری گەلەوە نییە. پەڕلەمانی ئێستا بووەتە پادگانی سەربازی کە چەکدارەکانی سوپا بە زۆرەملێ خزێندراونەتە ناو پەڕلەمان. بۆیە دەسەڵاتی سەربازی باڵی بە سەر ئێراندا کێشاوە، ئەوەش گەندەڵی لە ئێران قووڵتر دەکات و پەڕلەمان ناتوانێت بەڕەنگاری کەیسی گەندەڵی لە ئێران ببێتەوە، چۆن کەسانی وەک قالیباف بۆ خۆیان سوڵتانی گەندەڵی لە ئێرانن و ئێستا هەموویان لە پەڕلەمان کەڵەکە کراون، بۆیە ئەو رەوتە هەرگیز بژێوی ژیانی گەلیان پێ دابین ناکرێت و دەبێ گەل لە خەمی دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوە دیمۆکراتیەکانی خۆیاندا بن.

رژێمی داگیرکەری ئێران بە بیانووی کۆرۆنا دەیەوێت چەکەرەی ئازادی لە  کۆمەڵگا ریشەکێش بکات. شیرازەی کۆمەڵگا دەشێوێنێت. کۆمەڵگابوون و رێکخستن بوونی کۆمەڵگا تێکدەدات. کۆمەڵگا بەرەو دوورگەی بێکاری هاندەدات. لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵگا مۆحتاجی خۆ دەکات. گەل لە ئافرێنەری و بەرهەم هێنان دوور دەخات. هێزی چارەسەری لە کۆمەڵگا دەچۆڕێنێت. دەنگی ناڕازی شەقامی پێ کپ دەکات. دەوڵەت وەک دەرفەتێکی خۆرێکخستن کردن و نووژەن کردنەوەی دەزگاکانی دەوڵەت کەڵکی لێ وەردەگرێت. بۆیە کۆرۆنا بۆ کاربەدەستانی رژێم بووەتە غەڵتەکی پلیشاندنی ئیرادە و باوەڕی کۆمەڵگا و بە تۆقاندن و خزاندنی خەڵک بۆ ناو ماڵ، سەروەری خۆی بەسەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت. خۆرێکخستن کردنی گەل و دابین کردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی تەندروستی لە لایەن خودی کۆمەڵگاوە، گەرەنتی ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکە.

رژێم گیراوانی سیاسی وەک بارمتەیەک لە دژی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بە کار دەبات. گیراوانی سیاسی ناسنامەی گەل و کۆمەڵگایەک ئیفادە دەکەن. رژێم لە کەسایەتی گیراوانی سیاسی، گەل و کۆمەڵگایەک لە سێدارە دەدات. بە لە سێدارەدان دەیەوێت کۆمەڵگا لە تێکۆشان پاشگەز بکاتەوە. بەڵام ئەو خەونەی رژێم قەت نایەتە دی. چون گەل و کۆمەڵگا خاوەندارێتی لە ناسنامەی سیاسی خۆیان دەکەن و هەر لە سێدارەدانێک ئیدعای تێکۆشانی گەلان بەهێزتر دەکات.

رژێمی داگیرکەری ئێران ئیدی بەرگەی سەپاندنی گەمارۆ دەرەکیەکان ناگرێت و ناتوانێت گیرڤانی خەڵک داڕووتێنێت و بۆ هەڵگرساندنی شەڕ و تیرۆر رەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بکات. رژێم لە ناو قەیرانی ئابووری دەگەوزێت و ئەوەش سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی فەشەل پێ هێناوە. پێداگری رژێم لە سەر سیاسەتی شەڕانگێزی و دەستێوەردانی ناوچەکە کێشە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکات و رژێم بەرەو لێواری مەرگ شۆڕ دەکاتەوە.

بەرپاکردنی شۆڕشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کلیلی چارەسەرییە

پەژاک بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەری قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە و بڕوایەدایە، تاکە بژاردەیەک دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەری ئەو دۆخە ئالۆزە، بەرپاکردنی شۆڕشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزە کردنی ئێرانە کە ئەمڕۆ پەژاک سەرچۆپی ئەو تێکۆشانە بە نرخ و پیرۆزەی لە ئەستۆ گرتووە. بۆیە پەژاک لە پێناو بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک، ئیستراتیژی خۆی لە کۆنگرەی شەشەمدا لە سەر سێ خاڵی سەرەکی واتا؛ گەشەپێدانی سیاسەتی دیمۆکراتیک، بەرەو پێشبردنی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکگرتوویی دیمۆکراتیک لە گەڵ گەلانی ئێران داڕشتووەو لە و پێناوەدا تێدەکۆشێت.

پەژاک لە ئەنجامنامەی کۆنگرەدا راشکاوانە ئەو بابەتەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کردووە کە یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد تەوەری سەرەکی تێکۆشانی پەژاکە. بۆیە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە  بەرامبەر ‌هێرشی داگیرکەران لە  سەر گەلی کورد، چ ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەر شانی ئامادەی جێبەجێ کردنیەتی. لەو چوارچێوەیەدا پەژاک خۆی بەرپرسی بەئەنجام‌گەیاندنی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی لە کوردستان دەزانێ. هەروەها لە پێناو یەکگرتن و یەکڕیزی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوتەریب لە گەڵ پارتە سیاسیەکان، سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و سەرجەم کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەی کار و خەباتە و بۆ بەدیهێنانی بەستێن و زەمینی لە یەک تێگەهێشتن، گفتگۆ و بەشداری کردنی سەرجەم هێز و لایەنەکان بە مەبەستی درووست کردنی هێزێکی یەکانگیر، بە توانا و کارامە بێ وچان تێدەکۆشیت. ئەو تێکۆشانەی پەژاکیش بێگومان هیوای گەلی کورد گەشاوەتر دەکات و ئازادی و دیمۆکراسی دەخاتە گەرەنتیەوە.

 

سەرچاوە: ئاڵترناتیو شمارە ٨٥

بابەتی پەیوەندیدار