کۆچبەری، تونێلی مەرگی گەنجان

کۆچبەری، تونێلی مەرگی گەنجان

ئامەد شاهۆ

 

سەرمایەی مرۆیی لەئێران، حەپەلووش کراوە

 

ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو جۆگرافیا پڕ پیت و رەنگاو ڕەنگەیە کە خاوەن ئاو و هەوای کوێستانی، دارستانی فراوان، کانی جۆراوجۆر و فێنک، کە دەرفەتی گەشەدانی کشت و کاڵ، ئاژەڵداری، باخەوانی وێڕای کانگەی دەوڵەمەند و ماتەوزەی فراوانی مرۆیی، سەرچاوەی ژێر زەوینی و سەر زەوینییە دەرەخسێنێت کە هیوای ژیانی دادپەروەر و ئازادی، لەسەر هەڵدەچنرێت. بەڵام بۆچی جۆگرافیایەک کە نازناوی بەهەشتی سەرزەوی لێنراوە، ئەمڕۆ بووەتە دۆزەخی تاک و کۆمەڵانی خەڵک؟! جۆگرافیایەکی پڕپیت و بەرەکەت، بۆچی بووەتە جۆگرافیایەکی بایەر کە بێ هیوایی لێبچۆڕێت؟ بۆچی هاوڵاتیان لەو جۆگرافیایەدا هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن و دەرفەتی بژێوی ژیان و گوزەرانیان لێ حەرام کراوە؟ جۆگرافیایەک کە دەریای دەوڵەمەندی و سروەت و سامانی بێ کۆتایە، بۆچی بۆ هاوڵاتیان بووەتە بیابانێکی چۆڵ و هۆڵ و بێ دەرەتان؟ کێ بەرپرسیاری کاوڵکاری و تێکدانی ئەو جۆگرافیا دەوڵەمەند و رازاوەیە؟ کێ ژیانی لەهاوڵاتیان تاڵ و حەرام کردووە و سفرەی رەنگینی گەل و کۆمەڵی چەپاوە و بە تاڵانی بردووە؟ کێ هۆکاری سەرهەڵدانەوەی کۆچبەری بە لێشاوی گەنجان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەندەرانە؟ کێ ئاسانکاری بۆ هەڵهاتنی گەنجان بەرەو هەندەران دەکاو بازرگانی بە خوێنی پاک و بێگەردی گەنجان دەکات؟

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دیاردەیەک گیرۆدەی گەل و کۆمەڵگا کراوە کە سەرمایەی مرۆیی تێدا حەپەلووش کراوە. واتا کۆچبەری ئەو دێوەزمەی کۆمەڵگایە، کە هێزی مرۆیی کۆمەڵگاکانی ئێرانی بە قازانجی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هێزە کۆنەپارێزەکان بە تاڵان بردووە و رژێم گەرەنتی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات، بە تەشەنە دان و بەربڵاوی ئەم دیاردە مەترسیدارە هەڵچنیوە. چەندێک گەنجان و هاوڵاتیان خۆیان بە گەمی کۆچبەری هەڵواسن و لەخاکیان داببڕن، دەرفەتی داگیرکەری و پاکتاوکردنی ئیرادەی گەلان زیاتر خۆش دەبێ و هێز و ماتەوزەی پاراستنی رەوای گەل، تەفروتوونا دەبێت. سوپای پاسداران و دەستەو تاقمە مافیاییەکەی، ئەو ناوەندەیە کە ئەمڕۆ بازرگانی بە ماتەوزەی کۆمەڵایەتی گەنجان دەکا و بە کایەی شەترەنجی سیاسی و فێڵ و تەڵەکەکانی، گەنجان لەسەر خاک و نیشتمانیان کیش و مات دەکات و ناچاری هەڵهاتن و دابڕانیان لەخاک و ژیانی ئازادیان دەکات. کۆچبەری دەرئەنجامی ماڵوێرانکەریەکانی سوپای پاسداران و دەستەو تاقمەکەی سەریهەڵداوە، لەبەر ئەوەی ئەم هێزە مافیاییە تام و چێژی ژیانی لەهاوڵاتیان تاڵ و حەرام کردووە، گەنجان پشت لەخاک و نیشتمان دەکەن و لەناو تونێلی مەرگدا، وەیلانی دیاری نادیار دەبن.

 

سوپای پاسداران گڵۆپی ژیانەوەی خەڵکیان خامۆش کردووە

 

کۆچبەری بریتیە لە؛ دابڕانی جەستەیی تاک و کۆمەڵ لە خاک، نیشتمان و زێدی باب و باپیران، دابڕانی بە لێشاوی هاوڵاتیان لەدۆزەخی دەسەڵاتێک و پەنا بردن بۆ دەسەڵاتێکی ترسناکتر، مردنی درێژخایەنی تاک و کۆمەڵگایە کە بە درێژایی زەمەن، تاک لە گەوهەر و ریشەی بنەڕەتی خۆی دادەبڕێت. ناچارکردنی گەل و کۆمەڵگا بۆ چوون لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر، بە مەبەستی داگیرکردن و بە کۆیلەکردنی ئەو گەل و کۆمەڵگایە. داوێکە کە گەنجانی پێ راو دەکرێ و دەکرێنە سووتەمەنی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری. دابڕانە لە ئازادی و دیمۆکراسی و لە ئامێزگرتنی کۆیلەتییە. تونێلی مەرگە کە دەسەڵات بۆ کوشتنی گەنجان دایتاشیوە.

کۆچبەری لەسەر بنج و بناوانی دیاردەکانی؛ هەژاری، بێکاری، گرانی، خۆکوژی، بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بە سەربازگە کردنی کۆمەڵگا، نادادپەروەری، پەرەپێدانی شەڕ، گرتن، ئەشکەنجە، لە سێدارەدان و هتد، خۆنچە دەکات. کۆی ئەمانەش ئاوێنەی کردەوەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانە. واتا کۆڵەکەی راگرتنی بەرژەوەندیەکانی رژێم، لەسەر پشتی تاک و کۆمەڵگا پێکدێنێت. ئەو دیاردەیە سەلمێنەری ئەوەیە کە رژێم شیرازەی بنەڕەتی کۆمەڵگا تێکدەدات و لەدژی بە کۆمەڵگابوونی تاکە. تاکەکان لە کۆمەڵگا دادەبڕێنێت. بۆیە گەوهەری رژێمی داگیرکەری ئێران، کۆچبەرکردنی مرۆڤەکانە. لەبەر ئەوەی رژێم هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ داهاتووی گەلان، بەتایبەت گەنجان بەدەستەوە نییە، هەرەسی کۆچبەری تێدا فڕکە فڕک دەکات.

تۆڕەکانی دەسەڵات لە چ شوێنێک بە زۆرەملێ خۆیان بە رێکخستن و بەربڵاو کردبێ، لەو شوێنە لافاوی کۆچبەری هەڵدەستێت. نمونەی بەرچاوی ئەوە لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە پێی دانپێدانانی بەرپرسانی رژێم، لەماوەی ٥ مانگی دوایی ساڵی ٢٠٢٠ی زاینی، زیاتر لە ١٠٠٠ گەنجی ئەو شارە روویان لەهەندەران کردووە. ئەم ئامارە بۆ شارێکی وەک سەردەشت کارەساتە و مەرگەساتبارە. ئەوەش زەنگی مەترسی کۆمەڵکوژی سپی لە سەر گەل و کۆمەڵگا دەخاتەڕوو. واتا سوپای پاسداران و دەستە و تاقمەکەی لەبەر ئەوەی شارەکەیانی بە سەربازگە کردووە و بە دیواری گەندەڵی تەنیوە و لەژێر ناوی بەرقەراری ئاشتی و ئارامی، گڵۆپی ژیانیان لەم شارە و شارەکانی تری کوردستان خامۆش کردووە، گەنجان لەسەر خاکیان لە گۆڕ دەنرێن و دەربەدەر دەکرێن. بە زۆرەملێ گوندەکان بە خەڵک چۆڵ دەکەن، لەژێر ناوی ریشەکێش کردنی قاچاقچێتی، سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانی خەڵک چەپاو و بە تاڵان دەبەن. لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی بەردەوامی ژیان و دابین کردنی پێداویستی بژێوی ژیانی گەل و پەیداکردنی پاروویەک نان بۆ هاوڵاتیان ئەوەندە سەخڵەت و دژوار کراوە، کە بە بێ قوربانی دان هیچ شتێک دەستەبەر ناکرێت. بۆیە کۆچبەری لە کوردستان، دەرئەنجام و بەرهەمی پڕۆژەکانی سوپای پاسدارانە. رژێم بەو پیلانە، دەرفەتی چاندنی نەمامی جاشایەتی و سیخوڕی لە کوردستان زیاتر خۆش دەکات. ئەو هێزە تەنگی بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا هەڵچنیوە و باڵی بە سەر گشتی جومگەکانی کۆمەڵگادا گرتووە. بژاردەیەکی دەرەوەی ژیان لەناو تۆڕەکانی دەسەڵاتی بۆ گەنجان نەهێشتوەتەوە و بە ژەهری داگیرکەری، قات و قوڕی لە کوردستان بەرپا کردووە.

لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆچی “کۆچبەری بە ناچاری” بووەتە دیاردە و هاوڵاتیان بە لێشاو، خاک و نیشتمانیان بە جێدەهێڵن؟ سەرچاوە بنەڕەتیەکانی ئەو دیاردە مەترسیدارە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئەو دەمامکانەی کە راستیەکانی پێ پەردەپۆش کراوە، کامانەن؟ رژێم بە چ پاساوێک رەوایەت بە کۆچبەری دەدات؟ زەخت و زۆری رژێم دەتوانێ پاساوی هەڵهاتنی گەنجان بەرەو هەندەران بێت؟ چۆن دەتوانرێت دیاردەی کۆچبەری لەکوردستان پووچەڵ و بن بڕ بکرێت؟

چاوگەی بنەڕەتی کۆچبەری لەئێران دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی – ئاسایشی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی.

 

هۆکاری سیاسی – ئاسایشی

گەنجان دۆزەخێک بە دۆزەخێکی تر دەگۆڕنەوە!

 

رژێمی داگیرکەری ئێران بە بیانووی سەپاندنی تۆمەتی ناڕەوا، بوختان هەڵبەستن و تێکدانی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان، ماف و ئازادییەکانی گەلانی زەوت کردووە. دەرفەتی سیاسەتی دیمۆکراتیکی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەبار بردووە، ناسنامە و بۆنە جیاوازەکانی داپڵۆساندووە. گەنجان و ژنانی لەگۆڕەپانی سیاسەت، پەراوێز و وەدەرنراون. دەرفەتی دەربڕینی راو بۆچوونی ئازادی ریشەکێش کردووە. بە بیانووی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بانگەشە دژی رژێم و لایەنگری هێز و لایەنە دژبەرەکانی رژێم؛ گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی بۆ چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ژنان، ژینگەپارێزان، مامۆستایان و کرێکارانی، کۆلەڵگای کردوەتە قەسابخانە و ئیرادەی ئازادی تاکەکانی تێدا هەنجن هەنجن و پێشێل کردووە و کێ بە پێی درۆ و دەلەسەی رژێم ژەنیاری نەکات، قۆڵبەست و رەوانەی بەندیخانە دەکرێت. ئەمەش دڵۆپێک لەو تاوانانەی رژێمە کە بووەتە هۆکار، گەنجان دڵیان بە وڵات و نیشتمان نەبەستنەوەو دۆزەخێک بە دۆزەخێکی تر بگۆڕنەوە. بە کورتی نەبوونی متمانە و دڵنیایی گەنجانی ئێران و بە تایبەت گەنجی کورد، سەبارەت بە رژێمی داگیرکەری ئێران، هیوای مانەوەی گەنجانی لە وڵات، لەبار بردووە. کاتێک رژێم لە لایەن هاوڵاتیانەوە رەوایەتی خۆی لەدەست بدات و رژێم بە زۆرەملێ دەسەڵاتی خۆی بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ، هەڵهاتن لەناو بازنەی دەسەڵات بە باشترین رێکار لە قەڵەم دەدرێت.

لەرۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان بە زۆرەملێ لەبەر کەشی سیاسی و ئاسایشی، قەیرانی دارایی، سوپای بێکاران، هەژاری و سەپاندنی شەڕی ماڵوێرانکەر بە سەر کوردستان، بەرەو هەندەران کۆچ دەکەن. هەڵبەت ئەم دیاردەیە دوابەدوای دەرکردنی فیتوای جیهاد دژ بە کوردان، لەلایەن خومەینی و دامەزراندنی سوپا و پەلهاوێشتنی بە سەر کۆی جۆمگەکانی کۆمەڵگا گەشە دەکات. رژێم مافی سیاسەتی دیمۆکراتیکی لە گەنجان و ژنان کە خاوەنی راستەقینەی شۆڕشی گەلان لەساڵی ١٣٥٧ی هەتاوین، زەوت کردووە و لە بەڕیوەبردنی وڵات پەراوێز خراون و لە ناو سوپای بێکاران گیرۆدە کراون و گەنجانیش بە قەیرانی ئابووری بەنج کراون.

کاربەدەستانی رژێم بە شێوازی سیستەماتیک مووچە و حەقدەستی کرێکار، مامۆستا و فەرمانبەران دوا دەخەن. بوودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزاری گەل خەرج ناکەن. سەرجەم بوودجەی وڵات لە پێناو سیاسەتی شەڕانگێزی سوپای پاسداران و سوپای قودس تەرخان کردووە. ئەم سیاسەتەی رژێم بووەتە هۆکار کە گەل رۆژ لە دوای رۆژ تەنگدەست تر و هەژارتر بن. ئەو گەمە چەپەڵەی رژێم، گەنجانی لە ژیانکردن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بێئومێد و بێ هیوا کردووە، بۆیە زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی ئێران بە تایبەت گەنجان کەڵکەڵەی چوونە دەرەوەی وڵاتیان لەسەر دایە. سیاسەتەکانی رژێم بووەتە هۆکار کە داخوازی کۆچ کردنی گەلانی ئێران بۆ هەندەران لەسەدا ٦٥ بەرز ببێتەوە و بە سەرخستنی ئەم رێژەیە، وڵات بۆ جەلادان و خوێنمژانی رژێمی داگیرکەر چۆڵ ببێت. ئەوەش پەندی شاعیری مەزنی گەلەکەمان پیرەمێرد دەخاتەوە یاد کە دەڵێ: “ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆر” بەم شێوەیە ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرام دەکرێت.

 

هۆکاری ئابووری

بە بانگەشەی کۆشکی شیشەیی، گەنجان لەکۆشکی گڵی دادەبڕێنن

 

لەلایەکی تریشەوە کەمبوونی پارە لە بازاڕ و بە تاڵ کردنی باخەڵی خەڵک و هەڵکشانی بێکارییەکی بەرفراوان لە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووری مقاومەتی رژێم، بوونی کار و دڵنیایی لەبازاڕی کاری لەبار بردووە، ئەمانەش هۆکارێکن بۆ بەستنەوەی تاک بە وڵات و نیشتمانەوە، بەڵام کاتێک شوێنێک کە سوپای پاسداران و بەسیج هەلی کاری تێدا نەهێڵێت، بازاڕێک توانای بەخشینی دڵنیایی بۆ تاک و کۆمەڵگای نەمێنێ، ئەوا دوورکەوتنەوە لەو شوێنە و کۆچکردنی بە لێشاوی گەنجان و سەرجەم پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگای لێ سەوز دەبێ.

لەژێر سایەی بەزەیی سوپای پاسداران، کەمبوونی کەرەستەو دابین نەکردنی پێداویستیەکانی ژیان، نەبوونی کار و پیشەی سەقامگیر، ئاوڕنەدانەوە و خەمساردی بەرپرسانی رژێم لە توانایی و لێهاتوویی گەنجان، دیارنەبوونی داهاتی ئابووری و چەقاندنی کۆمەڵگا لەناو زەلکاوی گەندەڵی، هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی کۆچبەری گەنجان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەندەرانن.

بە پێچەوانەی پڕۆژە داگیرکەریەکانی سوپای پاسداران، رەخساندنی دەرفەتی کار لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆمێد و هیوا بۆ گەنجان درووست دەکات. بەس رژێم بۆ ئەوەی ماتەوزەی شۆڕش و هێزی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگا بچۆڕێنێت، رۆژ لە دوای رۆژ دەرفەتی کاری ئازاد و دیمۆکراتیک بن بڕ دەکات و دەرفەت بۆ بێگاری و کۆیلەتی خۆش دەکا. لە ناوچە سنووریەکان لەبەر لۆژیکی دەسەڵاتداری و هۆکاری ئاسایشی، سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاریان لە تاق ناوە. پیشەی کشت و کاڵ و ئاژەڵدارییان لاواز و بێ بایەخ کردووە. رژێم سیاسەتێکی وا بەڕێوە دەبات کە گەل هیچ داهاتێک و قازانجێک لەو کارە بە دەست نەهێنن. لە ناوچە سنووریەکان تەقە لە کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد دەکەن و بە پاساوی دەستدرێژکارانی سنوور، گەنجانێک کە بەدوای پاروویەکی نان وەیلانن، تیر باران دەکرێن. ناوچە سنووریەکان بەرەوڕووی هاوڵاتیان دادەخەن. خوێندکارانی خاوەن بڕوانامە، لە ناو سوپای بێکاران دادەمەزرێنن. بە زۆرەملێ گەنجان پەیوەستی بەسیج و سوپای پاسداران دەکەن. وزەی گەنجان بە تەنووری بێ رەوشتی، ماددەی هۆشبەر و فحشاگەرایی دەپڕوزێنن. لە لایەکی تریشەوە نرخی پێداویستیەکانی گەل بەرز دەکەنەوە و نێعمەت و بەرەکەتی سەر سفرەی خەڵک تاڵان دەکەن. بەو شێوەیە لێگەڕینی هاوڵاتیان و بە تایبەت گەنجان بۆ شوێنی جیاوازتر دەست پێ دەکات و بە بانگەشەی بوونی ئازادی، دیمۆکراسی و دادپەروەری ناوبەتاڵ، گەنجان بەرەو ئەوروپا خلۆر دەکاتەوە. بە خەیاڵی کۆشکی شیشەیی، گەنجان لەکۆشکی گڵی دادەبڕن و تا گەنجان دەگەیەنە ئاستێک کە بە زهنیەتی رۆژهەڵات ناسی، وڵاتی خۆ چکۆلە و پاشداماو و هەندەرانیش مەزن، پیرۆز و پێشکەوتوو لەقەڵەم بدات و بە ئەوینەوە ئامێز بۆ دۆزەخێکی ترسناک تر بکاتەوە.

لەلایەکی تریشەوە دیاردەی مۆد و گەڕانی گەنجان بە دوای ئازادی تاکەکەسی و سیاسی زیاتر، باری نالەباری سیاسی، ئابووری و درزی نێوان دەسەڵات و گەل، پەرەی بە شەپۆلی کۆچبەری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی داوە. ئەو عەقڵیەتە وای کردووە کە کۆچکردنی ئێختیاری بە جێگای کۆچکردنی ئیجباری گەشە بکات و وەک دیاردەیەکی چاولێکەر، لەنێوان گەنجان بەربڵاو بێ.

 

کێشەی کولتووری

 بەنج کردنی وزەی شۆڕشگێڕی گەنجان

 

رژێم دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە زۆرەملێ، کولتوورێک بە سەر کۆمەڵگا دەسەپێنێ کە لە شووناس و وڵاتیان نامۆ بن. بەو رێگەیەوە کولتووری بەرخۆدان و تێکۆشان لە گیانی گەنجان و کۆمەڵ دادەماڵن. شیرازەی بنەڕەتی کۆمەڵگا دەگۆڕن. ژنان بە چادری حیجاب قۆڵبەست دەکەن و لەژێر پەردەی نامووس، نیوەی کۆمەڵگا لەناو قەفەسی بنەماڵە بارمتە دەگرن. ژن لەکولتوور و رەسەنایەتی خۆی بە دوور دەخەن و هەر رۆژ بە بیانوویەک سووکایەتی بە نرخ و بەهاکانی ژن دەکەن. ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانی کۆمەڵگا سەرکوت و دەنگ و رەنگیان کپ دەکەن و کولتووری رەسەنی پێکهاتەکانی ناوخۆی ئێران، بە چەواشە دا دەبەن و دادەپڵۆسێنن و ناکۆکی و دووبەرەکی نێوانیان قووڵ دەکەنەوە کە دەرفەتی پێکەوە ژیانی گەلان لەبار بەرن.

لەبنەڕەتدا رژێم بە کولتووری لۆمپەنیزم، تاک و کۆمەڵ دادەشۆرێ و لەگەوهەری خۆی دایاندەماڵێ. دیاردەی گەندەڵی، دزی و درۆ دەکەنە تایبەتمەندی کەسایەتیەکان. لە خوێندنگا زەینی گەنجان کوێر دەکرێتەوە و بە جل و بەرگێکی نامۆ کە بە پێی قەوارەی بەژن و باڵای نییە، دەیڕازێنێتەوە. بەس گەوهەری خۆڕسکی گەنجان، کولتووری دەسەڵات و دەوڵەتگەرایی دانەقورتاندووە و تا بە ئەمڕۆ دژ بە کولتووری کۆیلەتی و بێ ئیرادە هێشتن تێدەکۆشێت. خوڵقاندنی ئەو دۆخە تۆقێنەرە لەلایەن رژێمەوە، لەپێناو بەنج کردنی وزەی شۆڕشگێڕی گەنجان و ناچار کردنیان بە تەرک و دابڕانی زێدی لە دایکبوونیانە.

 

ئێران لەئاستی جیهاندا، لەریزبەندی ٣٣ هەمیندایە

 

کۆچبەری کۆنسێپتێکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتداران دژ بە گەل و کۆمەڵگایە. هەر دەوڵەتێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و تەسلیم وەرگرتنی تاک و کۆمەڵگا، پەرە بە دیاردەی کۆچبەری دەدات. ئاستی ئامارەکان لە جیهان ئەو بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە.

بە پێ راپۆرتی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بێکاری لە ڕادەبەدەر، گەنجان ناچاری کۆچبەر کردنیان دەکات. بە پێ دوایین ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ی زاینی هەمان رێکخراو، حەشیمەتی کۆچبەرانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٩ی زاینی، نزیکەی ٢٧٢ میلیۆن کەس راگەیاندووە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٩ی زاینی، پشکی ئێران لە دیاردەی کۆچبەری زیاتر لە ٩ میلیۆن کەسە، کە ٢٩.٢ دەرسەد لە حەشیمەتی ئێران پێکدێنێت. واتا ئێران لە نێوان ٢٣٣ وڵاتی جیهان دا لە ریزبەندی ٣٣هەمین، جێ دەگرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە حەشیمەتی کۆچبەرانی ئێران لە ساڵی ١٩٩٠، نزیکەی ٨٢٠ هەزار کەس بووە کە ئەو ژمارەیە لەساڵی ٢٠١٩ی زاینی، دەگاتە زیاتر لە ٩ میلیۆن کەس، واتا لەماوەی ٣٠ی ساڵ، رژێم کۆمەڵگای لە ناو زەلکاوی کۆچبەری چەقاندووە کە زۆر دڵتەزێن و ناخ هەژێنە.

کێ لەسەر ئەوە کار دەکات کە رێژەی زیاتری گەنجان روو لە هەندەران بکەن و کوردستان هێزی مرۆیی و بازووی بە هێزی لە دەست بدات؟ لە هەنگاوی یەکەم بەشێک لە راگەیاندنەکان گەنجان هاندەدەن کە روو لە هەندەران بکەن. راگەیاندنەکان بە جێگای ئەوەی ئەو دیاردە لەبەر چاوی گەنجانی ناڕەوا و وەکوو دیاردەیەکی  بە کۆیلە کردن و کۆمەلکوژی سپی پێناسە بکەن، تام و چێژی کۆچبەری بۆ گەنجان خۆشتر دەکەن و پەردە لەسەر راستیەکان و دەرئەنجامەکانی ئەو دیاردەیە هەڵنادەنەوە. کەی ئەم کەیسە لە قازانجی دەسەڵاتدا بێ، دەیوروژێنن و کەی بە زیانیان بشکێتەوە، بێ دەنگی لێ هەڵدەبژێرن. راگەیاندنەکان بەردەوام ئەوروپا وەک بەهەشت لە بەر چاوی گەنجان وێنا دەکەن و خۆ لەقەرەی کۆسپ و تەگەرە و گرفتەکانی گەنجان نادەن و لەسەر بانگەشەی گەهێشتن بە ئازادی تاکەکەسی، گەنجان لەناو تونێلی مەرگدا وەیلانی ناو ئاو و کەمپەکان دەکەن کە رۆژانە دەیان گەنج دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتە نەگریسە.

لەلایەکی تریشەوە بەرپرسانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، ئاسانکاری مەزن بۆ گەنجان، بە تایبەت گەنجانی کورد دەکەن تا بگەنە ئەو وڵاتە و لەوێشەوە روو لە ئەوروپا بکەن. بەڵام تورکیا گەورەترین وڵاتێکە کە ئەمڕۆ بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکات و بۆ رۆیشتنی گەنجان بەرەو ئەوروپا دەرگای کردووەتەوە. لە کاتێکدا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ئەوەی وەک کارتێکی گوشار لە دژی ئەوروپا بە کار بردووە. بۆیە ئەمڕۆ کۆچبەری بووەتە داردەستی رژێمی تورکیا کە بە پێی بەرژەوەندی خۆی بای دەدا و لە پەلکێش کردنی گەنجانی کورد بۆ هەندەران، پشکی شێری هەیە.

 

چەند رێکارێک بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری

 

ئەرک و بەرپرسیارێتی گەنجان و پێکهاتەکانی تر بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەچەند خاڵ ریز دەکەم کە بریتیە لە؛

١ – گەنجان بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد، هۆشیاری نەتەوەیی و مێژووییان بە هێزتر بکەن و سەبارەت بە کۆنسێپت و پیلانی رژێمی داگیرکەری ئێران لەپێناو قەڵاچۆکردنی کوردستان و ناوچەکانی تر وردبین تر و خاوەن هەڵوێست بن.

٢ – گەنجان پێویستە پشت بە هێز و ئیرادەی خۆ ببەستەن و لە کولتووری چاولێکەری و لاسایی کردنەوە خۆ بپارێزن و لەو شوێنەی کە ناسنامە، ئیرادە و هیوایان تێکشکێنراوە، لێگەڕینیان بەدوای ژیانی ئازاد و بەختەوەر تۆختر بکەن.

٣ – پاراستنی جەوهەری، پێویستە ببێتە پێوەر و پرەنسیبی ژیانی گەنجان، بۆ گەرەنتی کردنی ئەوەش، خۆ رێکخستن کردنیان لە بازنەی دیمۆکراسی، مەرجی مانەوەیان لەسەر خاک و زێدی لە دایکبوونیانە.

٤ – پێویستە رووی گەنجان هەمیشە لەسەر خاک و نیشتمانی باب و باپیرانیان بێت، خزمەت کردنیان بە خاک و وڵات، ئازادی و دیمۆکراسی گەرەنتی دەکات و بە مسۆگەر کردنی ئەوەش، خەون و خەیاڵی داگیرکەرانی کورد لە گۆڕ دەنێن.

٥ – پێویستە گەنجان ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرشانیان بە جێ بێنن و نابێ بە هیچ پاساوێک لە بەرپرسیارێتی پێشەنگایەتی کۆمەڵگا هەڵبێن. پتەو کردنی تێکۆشان لە دژی داگیرکەری، بە نرخ ترین دەستکەوتە کە پێویستە پەرەی پێ بدرێت. چون بە جێهێشتنی وڵات، زامێک لە زامەکانی گەل ساڕێژ ناکات و بگرە قووڵتر دەبێتەوە. بەرخودان و تێکۆشان هەوێنی زیندووکردنەوەی ئیرادەی مرۆڤە کە فراوانی و پتەوکردنی پێویستە.

٦ – هەڵهاتن و وازهێنان لە نیشتمان و پێشکەش کردنی بە داگیرکەران، بە پێچەوانەی کاراکتەری گەنجانە. پێویستە گەنجان بە باشی لەوە تێبگەن کە جیا لە چیاکانی کوردستان، کەسێک دۆست و خەمخۆری راستەقینەی کوردان نییە و بە جێگای چارەسەری کورتخایەن، بۆ دەستەبەر کردنی چارەسەری هەتاهەتایی تێبکۆشن و هیوا و ئۆمێدیان لەسەر چیاکان و خۆڕاگری گەل و تێکۆشەرانی هەڵبچنن.

٧ – گەنجان بۆ ئەوەی تۆڵەی مێژووییان لە داگیرکەران بکەنەوە و پیلانەکانیان سەراوژێر بکەن، بە جێگای بژاردەی کۆچبەری، بەشداری بوون لە ناو ریزەکانی گەریلا بە بنەما بگرن. چون گەریلا ئەو هێزە رزگارکەرەیە کە لەنگەری ئازادی و دیمۆکراسی لە کوردستان دادەکوتێت و بە تەوژمی تێکۆشانی، کوردستان لە داگیرکەران دادەماڵێت و رۆچنی ژیانەوە لە کوردستان دەگەشێنێتەوە.

٨ – لە لایەن کەسانی دڵسۆز، نیشتمان پەروەر و ئەو کەسانەی خۆ بە خەمخۆری گەل لەقەڵەم دەدەن، لە هەر گوند و شارێکدا سەکۆ و خانەی ئازاد بۆ گەنجان، بە مەبەستی یارمەتیدان و چارەسەری گرفتەکانیان دابمەزرێنن و بە پەروەردە کردن و هۆشیاری نیشتمانی ئاستی کۆچبەری لە ئێران و کوردستان سنووردار بکەن.

٩ – پێویستە کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان، بۆ رواندنەوەی بێکاری و سنووردارکردنی کۆچبەری لە کوردستان، پڕۆژەی ئاوەدان کردنەوە و خزمەتگوزاری زیاتر بکەن و هەلی کار بۆ گەنجانی خۆجەیی زیاتر بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار