گەنجان لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی، پێویستە ئاگڕی سەرهەڵدان گەشاوەتر بکەن
گەنجان لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی، پێویستە ئاگڕی سەرهەڵدان گەشاوەتر بکەن

گەنجان لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی، پێویستە ئاگڕی سەرهەڵدان گەشاوەتر بکەن

سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ژیانی ئازاد و دێمۆکراتیک سەرهەڵدەداتەوە. خڕۆشانی شەقام و کۆڵانەکان، بە ئیرادە و بڕیارداری گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێمای ژیانی ئازادەو راپەڕین لەبەرامبەر زۆڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێرانە. بە ساڵانە رژێمی داگیرکەری ئێران بە سیاستە ڕووخێنەر و سەرکوتکاریەکانی، کۆمەڵگای کردووەتە ئامانجی هێرشە چەپەڵەکانی. رژێم بە هێرش و پەلامارەکانی دەیەوێت ویست و داخوازی رەوای گەلانی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر لەبار ببات. ماوەی ٤٠ ساڵە ئەو رژێم بە پەتی سێدارە، گرتن، کوشتن، بێکاری، گرانی و هەژاری، وڵامی داخوازیە رەواکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی داوەتەوە. ئێستاش کە گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی جەنایەت و گەندەڵی و داگیرکەریەکانی رژێم رژاونەتە شەقامەکان، کاربەدەستانی رژێمی داگیرکەری ئێرانیان هەراسان کردووە، بۆیە رژێم بە هەموو هێزیەوە پەلاماری سەر گەل دەدات.

خۆپیشاندانەکانی دوایی بە پێشەنگایەتی جەوانان و ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووەو ئەوەش بە واتای راپەڕینی سەردەمیانەی گەنجان و ژنان لەدژی زۆڵم و زۆرداری، گەندەڵی، بێکاری، گرانی و داگیرکارییە. جێگەگرتن و بەشداری هەر تاکێکی ئازادیخواز لەناو ریزەکانی بەرخۆدان و سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە. گەنجان بە خۆرێکخستن کردن و باوەڕی بە هێزی گەوهەری خۆیان دەتوانن ئاگڕی سەرهەڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، گەشاوەتر بکەن.

ئێمە خۆپیشاندانی هێمنانەو ئاشتیخوازانەی گەل بە مافی رەوا و دێمۆکراتیک لەقەڵەم دەدەین و ستایشی ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە رەوای گەلان بە پێشەنگایەتی گەنجان دەکەین. هاوکات هێرش و پەلاماری چەکدارانی رژێم بۆ سەر گەل بە توندی شەرمەزار دەکەین و سڵاو لەرۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی سەرهەڵدانەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان  دەکەین و پرسەو سەرخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەس و کاری کوژراوانی سەرهەڵدانی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بۆ دەستەبەرکردنی مافی رەوا و دێموکراتیکی گەلان، پشتگیری خۆپیشاندانی مەدەنیانەیان دەکەین و خاوەنداریەتی لەرێچکەی بەرخۆدان و تێکۆشانی رەوایان دەکەین.

داوا لە سەرجەم گەنجانی ئێران و بە تایبەت رۆژهەڵات دەکەین کە لەدژی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی رژێم پەرە بە رێکخستن کردنی خۆیان بدەن و پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلان بە ئەستۆ بگرن و خاوەندارێتی لەدەستکەوتی دیمۆکراتیکی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد لەرۆژهەڵات بکەن.

لەکۆتاییدا جارێکی تر خاوەنداریەتی لەسەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئەرکی شۆڕشگێڕی و نیشتمانی خۆ دەزانین و بانگەوازی لەسەرجەم گەلانی ئێران و بە تایبەت جەوانانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە پەرە بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران بدەن و بۆ پاراستن لەشکۆ و ئیرادەی گەوهەرییان بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن.

کۆمەڵگای جوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان –  KCR

٢٠\١١\٢٠١٩

بابەتی پەیوەندیدار