گەریلاكانی ه.ر.ک كاروانێكی مادەی هۆشبەر كە دەگوازرایەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، دەسبەسەر كرد

گەریلاكانی ه.ر.ک كاروانێكی مادەی هۆشبەر كە دەگوازرایەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، دەسبەسەر كرد

هەروەك گەلەكەمان ئاگادارە، ماوەیەك لەمەوبەر گەریلاكانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان HRK لە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان كاروانێكی مادەی هۆشبەر كە دەگوازرایەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، دەسبەسەر كرد و ئێستاكە لە چوارچێوەی لێكۆلینەوەكانمان دا ئەنجامەكەی بۆ گەلەكەمان ئاشكرا دەكەین.

ماوەیەكە مادەی هۆشبەری جیاواز كە كاریگەری چەندین جار خرابتری لە تریاك و هێرۆیین هەیە لە ناو كوردستان دا بڵاو دەبێتەوە و لاوانمان لە ناو دەبات. بەڵام لە لایەن كاربەدەستانی رژێمەوە و دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە هیچ هەوڵدانێك بۆ رووبەڕوو بونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا نییە. دیارە ئەمە بۆ خۆی سیاسەتێكی تایبەتە بەرانبەر بە گەلی كورد كە بە ساڵانە پەیڕەو دەكرێت.

دوای دەسبەسەر گرتنی ٤٠٠ كیلو گرام مادەی سەرەتایی بە ناوی Diphenoxylate كە لە لابراتوارەكان دا مادە هۆشبەری سەنعەتی شیشە و كراكی لێ بەرهەم دێت، ئاگادار بووینەوە كە ئەو مادە سەرەتاییە بە رێگای كاسبكارانی سەر سنوورەكانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان كە لە رێگای كۆڵبەرییەوە ژیانی خۆیان دابین دەكەن، دەگوازرێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. لەم چوارچێوەیەدا دوابەدوای لێكۆلینەوەكانمان ئاشكرا بوو كە ئەم دەرمانانە، بە رێگای فرۆكەخانەی بەغداوە بە فەرمی دێتە ناو هەرێمی باشووری كوردستان و لە باشووری كوردستانەوە بۆ لابراتوارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شارەكانی سنە، ورمێ، سەردەشت، پیرانشار، مەریوان و نەڵاسی سەربە سەردەشت دەگوازرێتەوە. خاوەنی ئەم بارە مادە هۆشبەرە كە گوازراوەتەوە، كەسێكە بە ناوی حاجی چاوشین خەڵكی شاری قەڵادزێ باشووری كوردستان و نیشتەجێی سلێمانییە و بۆ كەسێك بە ناوی عەبدوڵا رەیحانی خەلكی شاری سەردەشت بە رێی دەكات، کەوەکوو شەبەکەی مافیایی کار دەکەن. بەڵام دوای دەسبەسەر دانانی ئەو مادە هۆشبەرانە، دیار بوو كە كاسبكارانی سەر سنوور بە بێ ئەوەی بزانن چ دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەنیا لە پێناو دابین كردنی ژیاندا ئەوانە لە سنوور دەپەرێننەوە. كەسانی ناوبراو بە تایبەت حاجی چاوشین كە رۆڵی سەرەكی لە گواستنەوە و بازرگانی ئەم مادە دا هەیە ئێستا لە باشووری كوردستان بە هەمان ئیشەوە سەرقاڵە. خاڵی سرنج ڕاكێش ئەوەیە كە ئەم كەسانە بە رێگا جیاوازەكانی سنووری باشووری كوردستان بازرگانی خۆیان دەكەن و هەوڵدانەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە ئەم چەشنە بازرگانییە لاوازە و حەساسیەتی زۆرتری پێویستە. بێ‌گۆمان ئەركی سەرەكی حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی پاراستن تەنیا بۆ دەمی شۆڕش ناگەرێتەوە بەڵكوو پاراستی كۆمەڵگا لە بەرامبەر شەڕی تایبەت دژ بە كۆمەڵگا و دابین كردنی هێمنی رۆحی و دەروونی لە ئێستادا ئەركێكی شۆڕشگەری نەبڕاوەیە. لەم پێناوەدا داوا لە كاربەدەستانی باشووری كوردستان دەكەین كە رێگا نەدەن بەم شێوازە بازرگانییە كە بە تەنیا كوشتن و لەناو بردنی گەنجان و منداڵانی گەلی كوردی کردووەتە ئامانج. بۆیە سەرجەم گەلەكەمان پێویستە لەم پێناوەدا هۆشیار بن و هەڵوێستی شیاو بنوێنن و بە تایبەت ئەركی حكوومەت لەم بوارەدا وەبیر كاربەدەستان بێننەوە. ئێمەش وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK لە سەرجەم كوردستان بەرانبەر بە بازرگانی مادە هۆشبەرەكان رادەوستین و بە واتایەیەكی راستر دژ بە سیاسەتە نەرمەكانی دوژمنانی گەلی كورد لە تێكۆشاندا دەبین و ئیزن بە كەس نادەین ببێتە ئەمرازی سیاسەتی لە ناو بردنی گەلی كورد.

 

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
24.09.2012

بابەتی پەیوەندیدار