PJAK : بە بەرز راگرتنی یادی شەهیدان خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدان بكەین

PJAK : بە بەرز راگرتنی یادی شەهیدان خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدان بكەین

ئەمڕۆ گەلی كورد بەگشتی لەرۆژهەڵاتی ناوین تێپەڕی قۆناغێكی نویێ‌ تێكۆشان بوون. لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا بە سەقامگیركردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك و ستاتۆی كورد لەرۆژئاوا بەرەو سەقامگیری دەڕوات و بووەتە هیوای ئازادی مرۆڤایەتی. ئەو دەستكەوتانەی گەلی كورد, سەرجەم هێزە داگیركەرەكانی خستووەتە ناو ترس و دڵەڕاوكێ‌وە. بەو هۆیەوە بۆ لەناوبردنی ئەو دەستكەوتانە هەر جۆرە سیاسەتێكی دژە مرۆڤانە لەهەمبەر گەلی كورد و دەستكەوتەكانی پەیڕەو دەكەن.
هاوتەریبی ئەو سیاسەتانە لە باكووری كوردستان و توركیا لەلایەن چەتەكانی ئەردۆغانەوە هێرشێكی هەمە لایەنە و دژەمرۆیی لەسەر گەلەكەمان پەیڕەو دەكرێت. هۆكاری سەرەكی ئەو هێرشە چەپەڵانەش تێكۆشانی رەوای گەلەكەمانە بۆ گەیشتن بە ناسنامەی كوردی ئازاد و وڵاتێكی ئازاد و دیمۆكراتیكە. هەر وەك دەزانرێت لەسووری ئامەد و جزیرەی بۆتان زیاتر لە 60 رۆژە بەرخۆدانێكی بێ‌وێنە بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوەش حكومەتی فاشیستی ئەردۆغان بۆ تێكشكاندنی ئەو بەرخۆدانە مێژوویەی گەلی كورد، لە هیچ تاوانێك دەست ناپارێزێت. لەهەمانكاتدا لەهەرێمیەكانی پاراستنی میدیا هێرشەكانی خۆی لەسەر گەلی كورد و گەریلاكانی ئازادیخوازی كوردستان چڕتر لەجاران بەڕێوە دەبات.
لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش رژێمی داگیركاری ئێران هەوڵ دەدات بە كپ كردنی دەنگی ناڕەزایەتی گەل لەبەرامبەر كۆمەڵكوژكردنی گەلەكەمان لەلایەن سوپای فاشیستی توركیا، لەراستای سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە هەنگاو دادەنێت و بەكردەوكانی هاوكاری و پاڵپشتی خۆی بۆ سیاسەتی قڕكردنی ناسنامەی كوردی ئازاد راگەیاندووەو لەپێناو كۆمەڵكوژكردنی گەلی كورد لەگەڵ دەوڵەتی داگیركاری توركیادا سیاسەتی هاوتەریب پەیڕەو دەكات.
جەماوەری ئازادیخوازی گەلەكەمان؛
لەدرێژایی ئەو هێرشانەدا بەرە بەیانی 15ی رێبەندان بەرامبەر چواری فەوریەری 2016 لەئەنجامی بۆردۆمانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای داگیركەری توركیا بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا سێ‌ ئەندامی تەڤگەرەكەمان بەناوەكانی هەڤاڵان (بێریڤان هەژار ـ شیار وان و هێژا مەد) بەقارەمانێتی پەیوەست بوون بە كاروانی شەهیدانەوە. بەم بۆنەیەوە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) ئەو هێرشانە بەتوندی شەرمەزار دەكەین و پرسەو سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی هەر سێ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەو گەلی كورد و هەڤاڵانی دەكەین و سەری رێز و نەوازش لەبەرامبەر قامەت یان دادەنوێنین و بەڵێنی درێژەپێدانی رێبازیان دەدەین. جێگای ئاماژەیە كە ئەو سێ هەڤاڵەمان، بە درێژایی تێكۆشانیان لەناو تەڤگەری ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن كەسایەتییەكی، لەخۆبوردوو، فیداكار، دڵسۆز و خەمخۆری دۆزی گەلەكەیان بوون و وەك كەسایەتێكی پێشەنگ لەناو تەڤگەردا خاوەن رۆڵ بوون. بەتایبەت شەهید بێریڤان وەك ئەندامی مەجلیسی پارتەكەمان خاوەن كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕ بوو كە بە رۆحی بەرپرسیارییەوە كاروباری گەلەكەی ئەنجام داوە و بە ئسلوب و رێبازی شۆڕشگێڕانەی لەناو تێكۆشاندا كاریگەری لەسەر هەر كەس دروست دەكرد و لەناو تێكۆشاندا بە ئەو پەڕی فیداكارییەوە بووە سەمبۆلی ژنێكی شۆڕشگێڕ و بەهەستێكی بەرزە و بوو بە دایكی نیشتمان.
لەكۆتاییدا وەك پارتەكەمان بەڵێنی خۆمان بۆ بەردەوام كردنی رێبازی تێكۆشانی ئەو شەهیدانە دووپات دەكەینەوەو داوا لەگەلەكەمان لەهەر چواربەشی كوردستان بە تایبەت لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەكەیەن كە بە بەرزراگرتنی یادی ئەو شەهیدانە خاوەندارێتی لەرێبازی تێكۆشانیان بكەن و هێرشی هەموو لایەنەی داگیركەران سەر گەلەكەمان مایەپووچ بكەنەوە.
ناسنامەی ئەو سێ‌ هەڤاڵەمان بەم شێوەی خوارەوەیە:
1 ـ گولناز عەلیپوور ناسراو بە بێریڤان هەژار لەساڵی 1972 لە گوندی جرێ‌ سەر بە شاری ورمێ‌ لەدایكبووە. لەساڵی 2007 بەشداری ریزەكانی گەریلا بووە.
ş.birîvan hejar (3)
ş.birîvan hejar (1)
2 ـ ئەمرا توركەر ناسراو بە شیار وان لەساڵی 1991 لە شاری وان ـ باكووری كوردستان لەدایكبووەو لەساڵی 2009 بەشداری ریزەكانی گەریلا بووە. ئەندامی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) بووە.
ş.şiyar wan (1)
ş.şiyar wan (2)
3 ـ فەرزاد كەریمی ناسراو بە هێژا مەد لەساڵی 1991 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە و دانیشتووی شاری مەریوانە، لەساڵی 2014 بەشداری ریزەكانی گەریلا بووە. ئەندامی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار)ە.
ş.hêja med (2)
ş.hêja med (1)
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
12\02\2016

بابەتی پەیوەندیدار