PJAK: پتەوكردنی یەكریزی كوردان، خاوەندارێتی راستەقینەیە لەقوربانیانی كارەساتی هەڵەبجە

PJAK: پتەوكردنی یەكریزی كوردان، خاوەندارێتی راستەقینەیە لەقوربانیانی كارەساتی هەڵەبجە

كارەساتی دڵتەزێنی هەڵەبجە یەكێك لەو رووداوە دڵتەزێنانەی مێژووی مرۆڤایەتییە كە هەرگیز گەلی كورد و گەلانی ئازادیخواز لەیادی ناكات. كارەساتێك كە هەرگیز برینەكانی ساڕێژ ناكرێتەوەو تا بە ئەمڕۆش گەلی كورد لەبەر ئاسەوارەكانی ئەو كۆمەڵكوژیە دەناڵێنێت. رژێمی داگیركەری سەدام بە هاوكاری و پشتیوانی هاوپەیمانەكانی بەو كۆمەڵكوژیە ویستیان گەلی كورد وەك هەبوونێك لەناوچەكەدا لەناو ببەن. بۆیە بێ‌بەزەییانە رەحمێكیان بە ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی نەكرد و لەچەند چركەیەكدا 5 هەزار مرۆڤیان كۆمەڵكوژ كرد. بێ‌دەنگی رای گشتی جیهانی بەرامبەر بەو كارەساتە سەلماندی كە گەلی كورد رووبەڕووی كۆمەڵكوژیەكی دەسەڵاتدارانی جیهانی بووەتەوە.
بێ‌دەنگی رای گشتی زلهێزە جیهانیەكان بەرامبەر بەو كۆمەڵكوژیە بووە هۆكاری ئەوەی كە تا بە ئەمڕۆ ئەو عەقلیەت درێژەی هەبێت و داگیركەران لە چ كات و ساتێكدا بیانەوێت كوردان كۆمەڵكوژ بكەن. لە بەر ئەوەی داگیركەران ئازادبوونی كۆمەڵگای كوردیان پێ‌هەزم ناكرێت و دەیانەوێت گەلی كورد خزمەتی بەرژەوەندیەكانیان بكات، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەوە روویدا، ئەوا رەوایەت بە كۆمەڵكوژی سەر كوردان دراوە. هەر چەندە نزیكەی سێ دەیە بە سەر ئەو كۆمەڵكوژیەدا تێپەڕ دەبێت، هاوشێوەی ئەو عەقلیەت لەسەر گەلی كورد لەرۆژئاوا و گەلی ئێزیدی لەشەنگاڵ دووپات كرایەوە. لەهەمانكاتدا لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی هەڵەبجەدا دەبینین، هەمان عەقلیەت و كردەوە لەباكووری كوردستان لەسەر شارەكانی جزیری بۆتان، سووری ئامەد، سلوپی و شارەكانی تری باكووری كوردستان پەیڕەو دەكرێت. بە رۆژانە بە دەیان ژن و منداڵ و هاوڵاتی مەدەنی دەرئەنجامی پەلاماری دڕندانەی چەتەكانی حكومەتی ئاكەپەو ئەردۆغان كۆمەڵكوژ دەكرێن. لەسەر گەلی كورد چەكی قەدەخە كراو بەكار دەهێنرێت، شارەكان خابوور و وێران دەكرێن. هاوكات لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش بەسووكایەتی و بێ‌رێزی لەبەرامبەر نرخ و بەهاكانی گەلی كورد و بەگرتن و لەسێدارەدان درێژە بە عەقلیەتی كۆمەڵكوژكردنی كوردی ئازاد دەدرێت.
هێرش و پەلاماری داگیركەرانی كوردستان ئەوە دەخاتەڕوو، كە نایانەوێت دەرفەت بە ئازادبوونی گەلی كورد بدەن و لە چ جێگایەكدا گەلی كورد مافی چارەنووسی خۆی دیار بكات، مەترسی كۆمەڵكوژیەكان زیاتر دەبێت، بۆیە دۆخێكی كە ئێستا گەلی كورد تێدا بەسەر دەبات و لەئازادی نزیك دەبێتەوە، كۆمەڵكوژیەكان زیاتر و گەورەتر دەبن. بۆ ئەوەی گەلی كورد لەو كۆمەڵكوژیانە خۆی بپارێزێت، پێویستی بە خۆرێكخستن كردنی گەلی كورد و ئاواكردنی هێزی بەرگری هەیە و یەكێتی و یەكڕیزی نێوان كۆمەڵگای كوردی بەهێزتر و پتەوتر ببێت.
هەر چەند گەلی كورد لەهەر قوربانییەك، دەستكەوتێكی مێژوویی لێ دەستەبەر كردووە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێمی باشووری كوردستان بەداخەوە ئەو كۆمەڵكوژیەیان نەكردە هەوێنی ئازادی و دیمۆكراسی و پتەوكردنی یەكڕیزی و یەكێتی نێوان گەلی كورد. ئەوەش بۆ ئەو دەسەڵاتە مایەی سەرشۆڕییە كە وانە لەو كۆمەڵكوژیە دەربخات و ئەمڕۆ هەرێمیان كردوەتە داڵدەی داگیركەران. ئەوەش دەرفەتی زیاتر بۆ داگیركەران خۆش دەكات كە درێژە بە نكۆڵی و كۆمەڵكوژكردنی كوردان بدەن. بۆیە دەبێت سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئیدی خزمەت بە سیاسەتی داگیركەران نەدات و گوێ‌ لەویست و داخوازی رەوای گەلەكەیان بگرن.
لەكۆتاییدا بەهاتنی ساڵیادی ئەو كۆمەڵكوژیە جارێكی تر هەرجۆرە هێرشی پاكتاوكاری سەرگەلەكەمان شەرمەزار دەكەین و یادی سەرجەم شەهیدانی ئەو كارەساتەو سەرجەم كارەساتەكانی تر بەرز رادەگرین و بەڵێنی خاوەندارێتی لەخوێن و درێژەپێدەری رێبازی سەرجەم ئەو شەهیدانە دووپات دەكەینەوە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)
16- 03-2016

بابەتی پەیوەندیدار