PJAK: گەلەكەمان لەهەر شوێنێك بێت، پێویستە هێرش لە سەر یارسان، وەك هێرش لەسەر نرخ و بەهاكان و شوناسی گەلی كورد چاو لێبكات

PJAK: گەلەكەمان لەهەر شوێنێك بێت، پێویستە هێرش لە سەر یارسان، وەك هێرش لەسەر نرخ و بەهاكان و شوناسی گەلی كورد چاو لێبكات

بۆ رای گشتی:

گومان لەوەدا نیە كە گەلی كورد بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بووەتە هۆی وەدیهاتنی زەمینەیەكی دەوڵەمەندی فەرهەنگی له هه‌رێمه‌كه‌دا كە تێیدا پێوان و پێوەری كۆمەڵایەتی بەرز بوونەتەوە و نرخەكان پارێزراون. لەوناوەدا ئەوەی كە بۆتە هۆی بشێوی و ئاڵۆزی لە ژیانی گەلی كورددا و هەبوونی خۆی لە دروستكردنی كەلەبەری فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیدا دبینێتەوە، دەسەڵاتە.

دەسەڵات لە ئێراندا بەردەوام هەوڵیداوە بۆ تێكدانی تەبایی ژیانی گەلان و بۆ ئەوەی كە بتوانێ‌ سیاسەتی دزیو و نادیمۆكراتیكی خۆی لە كۆمەڵگادا پەرە پێبدا، رێبازی لەناوبردنی هێزە دیمۆكراتیكەكانی گرتووەتە بەر. لەسەر ئەم بنەمایە، بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هەموو بەشەكانی فەرهەنگی گەلان و بە بێ‌ڕێزی كردن و سووكایەتی پێكردنیان خواستی لەناو بردنیانی هەیە. دیارە كە هێرشێكی نوێی ئایدۆلۆژیكی و تواندنەوەی فەرهەنگی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستی پێكردووە.

بەتایبەت شایەدی ئەوەین كە ئەم هێرشانە بۆ سەر ئایین و باوڕییەكان لە پەرەسەندندایە و ئەمجارەیان ئایینی یارسان دەبێتە ئامانجی هێرش و بێ‌ڕێزی و دیسان گەلی كورد ئامانجی سەرەكی ئەم هێرشانەیە. ئایین و باوەڕی بەشێكی بنەڕەتی لە فەرهەنگ و ناسنامەی گەلی كوردە و بێ‌ڕیزی لە بەرانبەری ئەوانە وەك بێ‌حورمەتی بە گەلەكەمان دەبینین. هەڵبەت كە باوەڕییەكانی گەلی كورد ریشەیان لە مێژوویدا هەیە و لەتەك شوناسی گەلی كورددا تێكەڵاون.

كاردانەوەی ئەو هێرش و بێ‌رێزییە هەتا رادەیەكە كە دوو كەس لە باوەڕمەندانی ئایینی یارسان بۆ شەرمەزار كردنی دەستیان داوەتە چالاكی خۆ سووتاندن. هەر ئەم چالاكییە نیشان لە كاریگەری لەڕادەبەدەری تیرۆری فەرهەنگی كۆماری ئیسلامی ئێرانە. ماوەیەك لەمەوبەر لە شاری مەریوان شایەدی بێ‌رێزی بە جل‌وبەرگی ژنانی كورد كە بەشێكە لە ناسنامەی گەلەكەمان بووین و ئەمڕۆش لە شاری سەحنە و هەمەدان شایەدی بێ‌ڕێزی بە ئایینی یارسانین. هەروەها ئەم بێ‌حورمەتییە لەناو دەزگای پەروەردەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بە شێوازێكی سیستەماتیك پەیڕەو دەكرێت. ئەوەش نیشان لەوەیە كە سياسه‌تی ئێران بو گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی ژينۆسايدی فه‌رهه‌نگی دايه‌.

لەسەر ئەم بنەمایە ئەم هێرشە و هەر چەشنە هێرشێكی هاوشێوە مەحكووم و شەرمەزار دەكەین و داوا لە گەلی كورد دەكەین كە لە وەها پێواژۆیەكدا بە هەستیارییەوە هەڵس‌وكەوت بكەن و لە هەمبەری هێرشی بەم جۆرە بێ‌دەنگ و بێ‌هەڵوێست نەمێنن. گەلەكەمان لەهەر شوێنێك بێت، پێویستە ئەم هێرشە وەك هێرش لەسەر نرخ و بەهاكان و شوناسی گەلی كورد چاو لێبكات و بەوجۆرە خاوندارێتی لێبكات. باوەڕمەندانی ئایینی یاری و هەموو ئایینەكانی دیكەی كوردستان، بۆ خۆپاراستن لە هەمبەری ژینۆسایدی فەرهەنگی پێویستە كە یەكێتی دیمۆكراتیكی نەتەوەیی بەهێزتر بكەن.

كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – PJAK
07.06.2013

بابەتی پەیوەندیدار