YJRK: دەوڵەتی یازدەهەم لە بن سێبەری سیاسەتی دیپڵۆماتیك لەتەك رۆژئاوادا، بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر گەلانی ئێران
YJRK: دەوڵەتی یازدەهەم لە بن سێبەری سیاسەتی دیپڵۆماتیك لەتەك رۆژئاوادا، بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر گەلانی ئێران

YJRK: دەوڵەتی یازدەهەم لە بن سێبەری سیاسەتی دیپڵۆماتیك لەتەك رۆژئاوادا، بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر گەلانی ئێران

دەوڵەتی یازدەهەم بە شێوازێكی سیستەماتیك و لە بن سێبەری سیاسەتی دیپڵۆماتیك لەتەك رۆژئاوادا، بەردەوامە لە هێرش بۆ سەر گەلانی ئێران و هەرجۆرە یاسایەكی مافی مرۆڤ بنپێ‌دەكات. بۆ سەركوت كردنی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەت گەلی كورد، رووی لە رێبازی دژەمرۆڤانە و دڕندانەی ئیعدام كردووە. بێ‌دەنگی وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوەكانی ناودەوڵەتی لە هەمبەری ئەم كردەوە و هێرشانەی كۆماری ئێسلامی ئێران بۆ سەر چالاكوانانی سیاسی، پەڕاوێزێكی ئەمنی بۆ دەوڵەتی یازدەهەم پێكهێناوە. لە هەمان كاتدا دەوڵەتی نوێ چاوەڕوانی ئەوەیە كە گەلانی ئێرانیش وەك وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوەكانی ناودەوڵەتی لە بەرانبەری ئیعدامی رۆڵەكانی بێ‌دەنگ بمێنێتەوە. دەوڵەتی رۆحانی دەنگی گەلانی ئێران بە گۆڕانكاری سیاسی وەك وەدەستخستنی رەوایی بۆ كردەوەكانی خۆی دەبینی و پەرە بە كردەوەكانی دژ بە گەلانی ئێران دەدات.

بەڵام گەڵانی ئێران و بەتایبەت گەلی كورد هیچ كاتێك لە هەمبەری ئەو سیاسەتانەی رژیمی كۆماری ئێسلامی بێ‌دەنگ نەماونەتەوە و هەڵوێستی بەجێ‌ و گونجاویان هەبووە. لەو قۆناخەی ئێستاشدا شایەدی ئامادەبوونی گەلی كورد لە گۆڕەپانەكانی خەباتداین. گەلی كورد خاوەندارێتی لە بەها و نرخەكانی دەكات و حازرە بۆ پاراستنی ئەو نرخانە هەموو جۆرە فیداكارییەك بكات. بێ‌گومان پێشەنگایەتی ژنان و جوانان لەو خاوەندارێتیەدا بەرچاوە و هەستاون بە ئەنجامدانی ئەرك و بەرپرسیارێتی ئینسانی و وڵاتپارێزانەیان. گەلەكەمان لەهەر چوارپارچەی كوردستان چالاكی شەرمەزار كردن پێكدەهێنن. بەتایبەت چالاكی جوانان رۆژهەڵاتی كوردستان و شاری مەریوان، سەقز و سەردەشت، هەروەها چالاكی مانگرتن لە بەردەم نووسینگەی پارلەمانی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی، خاوەن گرینگی تایبەتن و نیشان لە هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی گەلەكەمان دەدەن كە سەرەڕای زەخت و گوشارێكی زۆر ئەنجام دەدرێن.

وەك یەكێتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان (YJRK) ئەو چالاكیانە سڵاو دەكەین و پشتگیری خۆمان بۆ هەرجۆرە چالاكییەكی هاوشێوە بە مەبەستی شەرمەزاركردنی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبڕین. هەروەها داوا لە ژنانی وڵاتپارێز دەكەین كە وەك هەمیشە رۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان پێكبهێنن و تۆكمەتر و بەهێزتر لە رێزی چالاكییەكاندا جێگا بگرن. بێ‌گومان بەشداری ژنان لەوچەشنە چالاكیانەدا دەبێتە هۆی دڵگەرمی بنەماڵەی شەهیدان و نیشان لە هەڵوێست و هەوڵدان بۆ دەستپێكردنی قۆناخێكی نوێی خەبات و تێكۆشان دەكات. لە كۆتاییدا سەری رێز و نەوازش لە هەمبەری هەموو شەهیدان رزگاری كوردستان دادەنەوێنین و پەیمانمان بۆ درێژەپێدانی رێگایان دووپات دەكەینەوە.

 

یەكێتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان – YJRK
07.11.2013

بابەتی پەیوەندیدار